وەزارەتی نەوتی عێراق: حکومەت دەخوازێت پەلە بکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بڵاو کردووەتەوە و هیوا دەخوازێت لە ماوەیەکی نزیکدا بگەن بە رێککەوتنێک لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت.

وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" حکومەت دەخوازێت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم خێراتر بکات و کاربکات بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان لەپێناو گەیشین بە چارەسەریەک کە لە بەرژەوەندی گشتیدابێت."

هەروەها دەشڵێت " نەرمیمان نواندوە و هەنگاوی پێویستمان گرتووەتەبەر بەئامانجی گەیشتن بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە دوای بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی، دواتریش گفتوگۆ لەسەر پرسە تەکنیکییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان ناوەند و هەرێم دەکرێت."

بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێ لەم هەفتەیەدا.

لاوک غەفوری، بەرپرسی کاروباری میدیای بیانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە توتیتێکدا ڕایگەیاند " دوابەدوای چەند کۆبونەوەیەکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، گەشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە ڕێگای بەندەری جەیهانی تورکیاوە لەم هەفتەیەدا. ئەم ڕێککەوتنە کارا دەبێت هەتا ئەوە کاتەی یاسای نەوت و گازی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت."

عێراق له‌ ساڵی 2015 له‌ دادگای ناوبژیوانی پاریس سكاڵای له‌سه‌ر توركیا تۆماركرد، به‌هۆی رێگه‌دان به‌ فرۆشتن و ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، عێراق داوای 26 ملیار دۆلاریشی وه‌كو قه‌ره‌بوو له‌ توركیا كردبوو.

دادگای پاریس له‌ مانگی 1 ی ئه‌مساڵ بڕیاری له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ دا‌، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ڕانه‌گه‌یه‌نرابوو. لە کۆتایی مانگی ڕابردوو، ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كه‌ ئاشكرا كرا كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراق كۆتاییهات، توركیاش پابه‌ندبوونی خۆی به‌ بڕیاره‌كه‌ و رێگرتن له‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم دووپاتكرده‌وه‌.