کچ و باوکێکی کورد لە تورکیا لە دوو پارتی ڕکابەردا خۆیان کاندید دەکەن

باوکێک لە پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە، کچەکەشی لە پارتی سەوزی چەپ، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا کاندید کردووە.

کاندیدەکەی پارتی چەپ زۆزان سەڤەن وەڵامی ڕەخنەکانی مەهمەت سەڤەنی باوکی دەداتەوە کە لە پارتی داد و گەشەپێدان داوای کاندیدبوونی کردووە.

هەفتەی ڕابردوو لە هەکاری، زۆزان داواکاری خۆپاڵاوتنی بۆ پەرلەمانی تورکیا پێشکەش بە پارتی سەوزی چەپ کرد و مەهمەت سەڤەنی باوکیشی داوای داواکارییەکەی پێشکەش بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) کرد. ئەم دۆخەش بووە هۆی مشومڕ لە نێوان باوک و کچدا.

باوکی زۆزان، مەهمەت سەڤەن، کە بازرگانێکی ناسراوی ئەو شارەیە و بە پاڵپشتیکردنی ئاکەپە ناسراوە، لە بارەی کاندیدبوونی کچەکەی، بەیاننامەیەکی نووسراوی بۆ میدیاکان ناردووە و ڕایگەیاندووە کە پاڵپشتی لە کاندیدبوونی کچەکەی ناکات و ئەوان خێزانێکی سەر بە ئاکەپەن.

ئەو گوتی "داواکارییەکەی بەبێ زانیاری خێزانەکەی پێشکەش کراوە. ئەم بڕیارە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە و هیچ پەیوەندی بە خێزانەکەمانەوە نییە. بەهۆی داواکارییەکەیەوە، خێزانەکەمان و بە تایبەتی من زۆر دڵگران بووین."

سەبارەت بە لێدوانەکەی مەهمەت سەڤەن، مامۆستا زۆزان سەڤەنی کچی، بۆ دەنگی ئەمەریکا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە هەموو کەسێک ئازاد بێت لە هەڵبژاردنی حزبەکان، بەڵام بەداخەوە هەندێک دەیانەوێت کاریگەری لەسەر ژیانی کەسانی تر بکەن.

گوتی "حەزم دەکرد باوکم پشتیوانی لە بڕیارەکەم بکردبایە. بەداخەوە بەشێک لە بنەماڵەکانمان بە بیرۆکەی شەڕی نێو خێزان و باوکسالاری بەڕێوەدەچن و ئەمەش کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی گەنجان هەیە سەبارەت بە ژیانیان. هەست دەکرێت کە تەنها ژن لەم دۆخەدا هەن، بەڵام کوڕانیش لە هەمان دۆخدا دەژین. ئەم دۆخە ڕەتدەکەمەوە و وەک ژنێکی ئازاد پەیوەندیم بە پارتی سەوزی چەپەوە کرد. من پێم وایە ئەم هەنگاوەی من دەبێتە نموونەیەک بۆ هەزاران ژنی ستەملێکراو."

ئەو ژنە گەنجە باس لەوە دەکات کە لەدوای داواکارییەکەیەوە بۆ پارتی سەوزی چەپ، چەندین پەیامی ئەرێنی پشتیوانیی پێگەیشتووە و ئەمەش گەورەترین سەرکەوتنیەتی.

لە لایەکی دیکەوە مەهمەت سەڤەن ڕایگەیاند کە 20 ساڵە لەگەڵ ئاکەپەدایە و لە هەڵبژاردنەکانی 14ی پێنجدا دەنگ بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەدات. جگە لەوەش ڕەخنەی لە کچەکەی گرت و ڕایگەیاند کە کچەکەی لە دەرەوەی شاری جولەمێرگ ژیاوە و ئاگاداری ڕەوشی کۆمەڵایەتی شارەکە نییە و نە بە خواستی خۆی بەڵکو بە بەڕێوەبردنی هەندێک کەس پەیوەندی بە پارتی سەوزی چەپەوە کردووە.

بەڵام کچەکەی ئەوە ڕەتدەکاتەوە، و دەڵێت باوکی زۆر نەیناسیوە و بۆ خوێندن و کارکردن بۆ هەموو شارەکانی هەرێمەکە گەشتی کردووە و شارەزایی لە بارەی کۆمەڵایەتی و دەرونی گەلی کوردەوە هەیە.

ئەو گوتی "پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی سەوزی چەپ نزیکترین لایەنن لە بیرۆکەکانی منەوە. من دەمەوێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە جوانی ژینگەی جولەمێرگ بپارێزم و دژی لەناوبردنی سروشتی ناوچەکە بوەستم."

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئێڤرێنسێل، دوو هەزار و 783 کەس داواکارییان پێشکەش بە پارتی سەوزی چەپ کردووە بۆ هەڵبژاردن و 1147 کەسیان ژنن. لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا زۆرینەی ژنان دەنگیان بە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) داوە. بڕیارە ڕۆژی 9ی ئەم مانگە ناوی کاندیدەکان ڕابگەیەندرێت.

پارتی دیموکراتی گەلان بە هۆی مەترسییەکانی داخستنی پارتەکەوە بڕیاری دابوو لەژێر ناوی پارتی سەوزی چەپدا بچێتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە. وا دیارە ئەوان بۆ سەرۆکایەتی پشتیوانی لە کەمال کلچدار ئۆغڵو بکەن.