ترامپ لە بەردەم دادوەر ڕووبەڕووی 34 تۆمەت کرایەوە

Trump Indictment

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا برایە بەردەم دادگای نیویۆرک ڕووبەڕووی 34 تۆمەت کرایەوە و ئەو دانی بە هیچ تاوانێکدا نەناوە.

دوای ئەوەی پاش نیوەڕۆی سێشەممە لەبەردەم دادوەر ئامادە بوو، ترامپ بە کەفالەتی کەسێتی ئازاد کرا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت دادوەر ڕۆژی 4 ی مانگی دوازدەی داناوە بۆ دانیشتنی داهاتووی دادگا.

ئەمە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی دادگاییکردنیەتی لە دۆسێی پێدانی بڕی 130 هەزار دۆلار لە پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بە ستۆرمی دانیاڵ ئەکتەری فیلمی سێکسی گوایە بۆ بیدەنگکردنی لەسەر پەیوەندی سێکسی لەگەڵیدا لە دەمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

لە پاش پرۆسەکە پارێزەری ترامپ پرۆسەکەی بە مەبەستێکی سیاسی لەقەڵەمدا و گوتی "ڕۆژێکی ناخۆشە بۆ سیستمی دادوەری ئەمەریکا".

پێشتری ئەمڕۆ سێسەممە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی خۆی ڕادەستی دەسەڵاتداران کرد لە نیویۆرک و برایە دادگای ویلایەتەکەدا بۆ ئەوەی زیاتر لە 30 تۆمەتی ڕووبەڕوو بکرێتەوە ئەمەش یەکەم جارە لە مێژووی ئەمەریکادا سەرۆکێک ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری ببێتەوە.

لە هەنگاوێکی بێ پێشینەی مێژووی ئەمەریکادا، دەستەی باڵای سوێندخواردنی لە نیویۆرک ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دەنگیدا بۆ تۆمەتبارکردنی ترامپ بەهۆی تۆمەتەکانی پەیوەست بە پارەدان بە ئەکتەرێکی فیلمی پۆرن لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016دا.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترامپ لە هەوڵی گەڕانەوەدایە بۆ کۆشکی سپی دوای ئەوەی لە ساڵی2020دا نەیتوانی بۆ خوڵی دووهەمی سەرۆکایەتی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.