کەناڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی دووشەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی نزیک لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، ئۆکرانیا ناچار بووە هەندێک لە پلانە سەربازییەکانی خۆی هەموار بکاتەوە پێش هێرشێکی بەرپەچدانەوە دژی هێزەکانی ڕووسیا، بەهۆی دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمەریکا.
کاربەدەستانی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە ئەو بەڵگەنامانەی کە گوایە دزەیان پێکراوە زانیاری خەیاڵی تێدایە و لە هەڵمەتێکی زانیاری نادروستی ڕووسیا دەچێت.
بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵدەدەن سەرچاوەی دزەپێکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان بدۆزنەوە کە وردەکارییەکانی کۆمەڵێک بابەت لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا تا دەزگای سیخوڕی مۆسادی ئیسرائیل دەخاتە ڕوو.
میخایلۆ پۆدۆلیاک یاریدەدەری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، وتی پلانە ستراتیژییەکانی ئۆکرانیا وەک خۆیان ماونەتەوە بەڵام پلانە تاکتیکییە تایبەتەکان هەمیشە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
ناوبراو بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "ئەرکی ستراتیژی هەیە، ئەوان ناگۆڕدرێن".
گوتیشی "بەڵام سیناریۆی ئۆپەراسیۆن و تاکتیکی بەردەوام پاڵاوتە دەکرێن، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دۆخی بەرەکانی شەڕ، دابینکردنی سەرچاوە، داتای هەواڵگری لەسەر سەرچاوەکانی دوژمن و شتی تر".
لە ئێستادا مەحاڵە هەڵسەنگاندن بۆ پلانەکان بکرێتەوە، چونکە تەنها کاریان لەسەر دەکرێت.
ئۆلێکسی دانیلۆڤ، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگریی نیشتمانی، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "ئێمە لەسەر پلانی خۆمان کاردەکەین، و بۆچوونی ئەو کەسانەی هیچ پەیوەندییەکیان بەمەوە نییە، جێگەی بایەخی ئێمە نییە، زانیارییەکان لەڕادەبەدەر سنووردارن".
هەندێک لە شارەزایان ڕایانگەیاندووە، سەرچاوەی دزەپێکردنەکە ڕەنگە ئەمەریکی بێت.
مایکل مولرۆی، بەرپرسێکی باڵای پێشووی پنتاگۆن لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، ئێستا گرنگی لەسەر ئەوە دەدرێت کە ئەمە دزەپێکردنی ئەمەریکایە، چونکە زۆرێک لە بەڵگەنامەکان تەنها لە دەستی ئەمەریکادا بوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز