ژەهراویکردنی خوێندکاران لە ژمارەیەک قوتابخانەی دیکەی سەرانسەری ئێران

بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، چەندین قوتابخانەی کچان لە شارەکانی کەرەج، کرماشان، سننە کراونەتە ئامانجی گاز و کیمایی.

یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانە لەدەرەوەی خوێندنگای کچانی "ئیمام جەعفەر سدیق" لە شاری کەرەج گیراوە کە نیشان دەدات خوێندکارەکان لە دۆخێکی خراپی تەندروستیدان.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش گرتەیەی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێت ڕۆژی دووشەممە هێرشی گازی کیمیایی کراوەتەوە سەر قوتابخانەیەکی کچان لە سننە و چەند خوێندکارێک براون بۆ نەخۆشخانە.

هەژماری تویتەری ( ۱۵۰۰تصویر) یش کە هەواڵەکانی نێو ئێران بڵاو دەکاتەوە ئەمڕۆ دووشەممە هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانە لە سننە، تەبرێز و دزفول ڕاگەیاندووە.

خولی نوێی هێرشەکان بۆ سەر قوتابخانەکان دوای پشووی نەورۆز دەستیپێکرد. ڕۆژی یەکشەممە، ژەهراویبوونی خوێندکاران لە بەلایەنی کەم ٩ شار ڕاگەیەندرا لە ناویاندا تاران، ئیسلامشار، کەرەج، ئەردەبیل، ورمێ، قەزوین، بابۆلسەر، هەرسین و شیراز.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ڕۆژی دووشەممە لە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە، باوکی یەکێک لە کچە خوێندکارەکانی شاری هەرسین لە پارێزگای کرماشن بارودۆخی ئەو خوێندکارانەی دوای هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە باس دەکات. دەپرسێت پۆلیس کە لە کامێرای چاودێرییەوە بەدوای ئەوانەدا دەگەڕێن کە حیجاب ناکەن ئەی بۆچی ناتوانێت ، هێرشبەرانی قوتابخانەکان بگرن؟

ئەو باوکەی کە لە نەوخۆشخانەیە لەگەڵ کچەکەیدا ڕەوشی نەخۆشخانەکە نیشان دەدات کە کامێراکە دەخاتە سەر کچەکەی و دەڵێت " ببینن کچەکەم چۆن خەریکە هەڵدەوەرێت ئەمە بێ کێ بڵێین."

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەریان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە نەگرتووەتەبەر.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە مانگی ڕابردوو گوتی، دەسەڵاتداران زیاترلە 100کەسیان لە دۆسێی ژەهراویکردنی کچاندا دەستگیرکردووە، بەڵام لەو کاتەوە هیچ پێشوەچوونێکی لە لێکۆڵینەوەکاندا ڕانەگەیاندووە.

بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئاینی و سیاسیی ئێران لەوانەدا عەبدولحەمید ئیسماعیلزاهی ناسراو بە مۆلوی عەبدولحەمید، زەهرا ڕەهنەوارد و ئەبولفەزل قادیانی، حکومەت لە ئاست ئەو هێرشانە بۆ سەر خوێندنگاکانی كچان بە تاوانبار دەزانن.