پەیامی ئەردۆغان و دەمیرتاش بۆ ڕۆژی جیهانی کرێکاران

بە ملیۆنان کرێکار و کارکەر لە سەرانسەری جیهاندا بۆ یادکردنەوەی بۆنەی 1ی ئایار، ڕۆژی کرێکارانی جیهان، ڕوو لە شەقام و گۆڕەپانەکان دەکەن.

لەم ڕۆژەدا کرێکارانی جیهان و سەندیکاکانی کرێکاران تیشک دەخەنە سەر باشکردنی ڕەوشی کارکردنیان و بەهێزکردنی مافەکانیان و زیادکردنی کرێی کارەکانیان.

هاووڵاتیان لە تورکیاش گرنگییەکی زۆر بەم ڕۆژە دەدەن و چەندین بۆنە ڕێکدەخەن.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، ڕۆژی 1ی ئایاری وەکو ڕۆژی کار و هاوکاری بەرز ڕاگرت وگوتی " من زۆر باش خۆشی کار و ئارەقە و هاوبەشکردنی نانێکی گەرم لەگەڵ هاوڕێکانم دەزانم.

لە خەباتمان بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەمان لە ڕێگەی سیاسەتەوە، هەرگیز ئەو ڕەگ و ڕیشەیەی خۆمان لەبیر نەکردووە کە لە کوێوە هاتووین. ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە بتانگەیەنین بە مافەکانتان."

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە زیندانی ئەدێرنەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر سەبارەت بە 1ی ئایار جەژنی کرێکاران بڵاوکردەوە.

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش بە زمانی کوردی و تورکی ١ی ئایاری پیرۆز کرد و داوای لە کرێکاران کرد بۆ گۆڕینی سەردەم لە کێڵگەکاندا کۆببنەوە.

دەشڵێت "کرێکاران و کارکەران سەرەتا لەسەر سندوقی دەنگدان دز و تاڵانچیەکان بەرپرسیاربکەن و کۆتایی بە دەسەڵاتی تاڵانکاری بهێنن. دواتر درێژە بە خەباتی کرێکاری بدەن و مافەکان لە حکومەتی نوێ وەربگرن".

شایانی بیرهێنانەوەیە کە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە کۆتایی ساڵی 2016ەوە لە زیندانی ئەدیرنەدایە و لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە پەیامەکانی دەگەیەنێت و ڕۆڵێکی کارا لە سیاسەتدا دەگێڕێت.

یەکی مانگی پێنج لە زیاتر لە 80 وڵاتی جیهان وەک پشووی فەرمی بەڕێوەدەچێت و لە زۆر وڵاتی دیکەشدا بە شێوەیەکی پراکتیکی یاد دەکرێتەوە.

ڕۆژی کارکەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە یەکەم دووشەممەی مانگی نۆ بەڕێوە دەچێت و ئەو ڕۆژە پشوی فەرمییە و ڕێز لە خەبات و ماندووبوونی کارکەرانی ئەمەریکا دەگیرێت.