لەکاتێکدا کۆمکاری عەرەب، سوریا وەکو ئەندامی ڕێکخراوەکە دەگەڕێنێتەوە، گروپە کوردەکانی سوریا کە ئەمەریکا پشتیوانیان دەکات هیوادارن ئەم پێشهاتە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی هەمیشەیی ململانێکانی کە 12 ساڵە لەو وڵاتەدا بەردەوامە.
وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی ڕۆژی یەکشەممە لە قاهیرە کۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر گەڕاندنەوەی ئەندامێتی سوریا دوای پەراوێزخستنی بۆ نزیکەی 12 ساڵ بەهۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران لەلایەن حکومەتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریاوە لە ساڵی 2011 وە.
کوردەکانی سوریا پێشوازییان لەو هەنگاوە کرد و ڕایانگەیاند، بەشدارییەکی چالاکانەی عەرەب لە سوریادا دەتوانێت پڕۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووەدا چالاک بکات.
دالیا هێنان، ئەندامی پێشەنگی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک، فەرمانڕەوای سیاسی دیفاکتۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەڵێت "ئێمە ئەمە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین، چونکە دەکرێت ببێتە هۆی بڕیارێک."
ئاماژەی بەوەشکرد "بەڵام ئەگەر ئێمە بەدوای چارەسەری ڕاستەقینەی ململانێی سوریادا دەگەڕێین، دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشداربن".
ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک باڵی سیاسی هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە هاوبەشێکی سەرەکی ئەمەریکایە لە شەڕی دژ بە داعشدا. ئەو دوو گرووپە بە سەرۆکایەتی کورد نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی سووریایان بەدەستەوەیە.
حکومەتی سوریا دان بە ناوچەی نیمچە سەربەخۆی دیفاکتۆی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا نانێت و دانوستانەکانی نێوان هەردوولا لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بە پلەی یەکەم بەهۆی دژایەتی ئەسەد بوو لەسەر هاوبەشی کورد لەگەڵ واشنتن.
Your browser doesn’t support HTML5
نزیکەی 900 سەربازی ئەمەریکایی لە ناوچەکانی سوریای ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا ماونەتەوە وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکی جیهانی دژی پاشماوەکانی داعش. حکومەتی سوریا ماوەیەکە داوای کشانەوەی ئەوان دەکات.
بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەمەریکا بۆ پێگەی خۆی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەپارێزێت.
نیکۆلاس هێراس، پسپۆڕی سوریا لە نێوەندی نیولاینز بۆ ستراتیژی و ڕێباز لە واشنتن دەڵێت "ڕاستی زەمینەیەکی نادیار ئەمەریکایی لە سوریادا لە ستراتیژی ئەو ئەکتەرانەی ناوچەکدا جێگیر بووە، کە ئێستا هەست بە یاسا سەپێنراوەکانی ئەمەریکا دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی سوریا."
هێراس بە دەنگی ئەمەریکای ڕایشگەیاند "لە بنەڕەتدا تیمی بایدن ڕێبازێکی نەوتراو بەڵام چالاکانەی هەیە کە 'سەیر مەکە، دەست مەدە' بۆ سیاسەتی سوریا کە ئەکتەرە ناوچەییەکان لەگەڵیدا ڕێکدەکەون: ئەمەریکا چاوی لە نزیکبوونەوەی ناوچەیی و ئەوروپای نییە لەگەڵ حکومەتی ئەسەد، بەڵام ئەکتەرە ناوچەییەکان دەست لە واقیعی پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە سەرۆکایەتی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا نادەن."
کۆڵۆنێل مایەڵز بی کاگینس، وتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی دژە داعش، پێی وایە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دەتوانێت کاریگەری لەسەر بوونی سەربازی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا هەبێت.
ناوبراو بە دەنگی ئەمەریکای وت " شەرعیەت پێدانەوە بە ئەسەد لە ناوچەکەدا ، ئاماژەیەکی دیکەیە کە واشنتن لە کۆتاییدا هێزەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکشێنێتەوە."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، واشنتن ئامانجەکانی هاوشێوەی هاوبەشە عەرەبەکانیەتی لە سوریا، لەوانەش بنیاتنانی ئاسایش و سەقامگیری، بەڵام بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هێشتا "بە گومانە لە ئامادەیی ئەسەد بۆ گرتنەبەری هەنگاوە پێویستەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا".
وتەبێژەکە گوتیشی " باوەڕمان بەوە نییە کە سوریا لەم کاتەدا شایەنی ئەوە بێت لە کۆمکاری عەرەبی وەربگیرێتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە سزاکانی ئەمەریکا لەسەر حکومەتی سوریا بە تەواوی کاریگەری دەمێننەوە.
واشنتن جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاکە بژاردەی چارسەر بۆ ململانێی سوریا جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ساڵی 2015دا پەسەندکرا.
شرۆڤەکار هێراس وتی پێگەی سیاسی و سەربازی ئێستای ئەمەریکا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێت لە داهاتوودا یارمەتی کورد بدات.
هەفتەی ڕابردوو پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتەر کە بنکەکەی لە واشنتنە، ڕایگەیاندبوو، مەزلوم عەبدی، فەرماندەی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، گەشتێکی بۆ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) کردووە و داوای یارمەتی لە ئەبوزەبی کردووە بۆ نێوەندگیریکردنی ڕێککەوتنێکی نێوان کورد و دیمەشق.
بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە و زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە قامشلۆ یارمەتیدەر بووە بۆ زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە.