ئەردۆغان و کلیچدارئۆغڵو لە 28 ی پێنجدا جارێکیتر ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە

کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی تورکیا ناسرو بە YSK بە فەرمی ڕایگەیاند کە خولی دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدارئۆغڵو لە 28 ی مانگی 5 بەڕێوە دەچێت.

ئەحمەد یەنەر سەرۆکی کۆمسیۆن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بەهۆی ئەوەی هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوایوە ٪51 ی دەنگەکان بەدەست بهێنن بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەچێتە خولی دووهەمەوە.

یەنەر گوتیشی هەموو سندوقەکانی دەنگەکان کراونەتەوە و دەنگەکان جیاکراونەتەوە، تەنها 38 هەزار و 87 دەنگی دەرەوە ماوە جیابکرێتەوە.

ئەو گوتیشی ڕێژەی بەشداری لە تورکیا ٪88.92 بووە و لە دەرەوەی وڵاتیش ٪52.69 بووە.

بە پێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەردۆغان لە ٪49.51 ی بەدەستهێناوە و کلیچدارئۆغڵو ٪44.88 ی بەدەستهێنا و کاندیدی سێهەمیش سینان ئۆغان لە هاوپەیمانی ئاتا ٪5.17 ی بەدەستهێناوە. محەڕەم ئینجە هەرچەندە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کشایەوە بەڵام چونکە نێوی لە لیستەکەدا لانەبرابوو هەندێک خەڵک هەر دەنگیان پێداوە و ٪0.44 ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.