کاردانەوەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە سەرکەوتنی ئەردۆغان

هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی بیروڕای پێچەوانەیان هەیە لەسەر هەڵبژاردنەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا.

هەرچەندە لە ئاستی سیاسیدا بەرپرسانی هەرێم پیرۆزباییان لە سەرکەوتنی ئەردۆغان کردووە. سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی هەر ڕۆژی یەکشەممە و ماوەیەکی کورت پاش دەرەکەوتنی ئەنجامە بەراییەکان ڕایگەیاند " بەناوی هەرێمی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی تورکیا. چاوەڕێی بەردەوامبوونم لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش وێڕای پیرۆزبای دەڵێت " هیوادارم لەم خولەی سەرۆکایەتیەکەیدا، زیاتر برەو بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بدەین."

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشمانی کوردستانیش لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت "هیوادارین ماوەی پێنج ساڵی ئایندەی سەرۆكایەتیتان، قوناغ و دەرفەتێكی تازە بێت بۆ كرانەوە و چارەسەری كێشەكان و فاكتەری ئارامی و سەقامگیری لە توركیا و ناوچەكە، بەتایبەتی ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان خوازیاری پەیوەندییەكی دۆستانە و كاراتری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاین."

بەڵام خەڵکی لەسەر شەقامەکاندا لەم بارەیەوە بە تەواوەتی دابەش بوون هەندێکیان ئەردۆغان بە مەترسیەیکی گەورە بۆ سەر کورد دەزانن هەشن ئەوانەی پێیان وایە بژاردەیەکی باشتر بوو لە کلیچدارئۆغڵو.

بێستون سولەیمان کتیبفرۆشێکە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە وەکو کوردێک پێی خۆشبوو کەسێکی تر سەربکەوتایە نەک ئەردۆغان " وەک کوردێک پێمان خۆشبوو کەسێک دەرچووبا کە خزمەتی کوردی بکردایە، بەڵام ئەم دەرچووە لە پێناو خزمەتی تورک."

کاتێک ئەردۆگان دەسەڵاتی گرتە دەست پاش ماوەیەک کرانەوەیەک بە ڕووی کورددا لە تورکیا بەدی دەکرا بە تایبەتی لە بواری زمان و ڕاگەیاندن بە زمانی کوردی بەڵام پاش تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد ئەو هەنگاوانە پاشەکشێیان کرد.

سولەیمان دەڵێت " ڕاستە کەناڵێکی کوردی داناوە، ڕاستە لە زۆرشتدا باسی کورد دەکات بەڵام ئەوەی لە سەدەمی ئەودا دژی کورد کراوە هیچ کات نەکراوە."

دکتۆر هیوا سەلام شارەزای کاروباری تورکیا لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەردؤغان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کورد. لە چاوی ئەردۆغاندا هەموو کوردێک کە سەر بە ئاکەپە نەبێت تیرۆرستە. ئەردۆغان هاوپەیمانی نەتەوە پەرستەکانە بە تایبەتی مەهەپە کە لە چاوی ئەوانەوە کورد هەر بوونی نییە."

لەم هەڵبژاردنەی تورکیادا گەورەتین پارتی سیاسی سەر بە کوردەکان هەدەپە بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ پشتیوانی لە بەرهەڵستەکەی ئەردۆغان کەمال کلیچدارئۆغڵو کرد بە ڕەتکردنەوەی ئەردۆغان بەڵام پارتێکی کوردی ئیسلامی پارتی هودا لە نێو هاوپەیمانێتییەکەی ئەردۆغان هاوپەیمانی کۆمارییە.

مام وەلی دانیشتوویەکی تەمەن 66 ساڵانی هەولێرە لەسەر سەرکەوتنی ئەردۆغان دەڵێت پێویستە ئەردۆغان شتێک بکات بۆ کورد " من خۆشحاڵبوون کە ئەردؤغان دەرچووە هەر ئەو باشترە ئەو لە خوا و قورئان نزیکترە ئەوەی تر لە خوا دوورە."

هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بازرگانی قوڵی هەیە لەگەل تورکیادا کە شارەزایان بە بەرژەوەندی هاوبەش ناودێری دەکەن، بەڵام لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییانە لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی بەغدا و تورکیا هەندێک مەترسی ئەوەیان هەرێمی کوردستان چیتر جێی بایەخی بازرگانی تورکیا نەمێنێت.

دکتۆر جەبار قادر پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا پێی وا نییە هیچ جیاوازییەک بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت " جوگرافیا بڕیاردەدات. هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگە بۆ تێپەڕبوونی هەموو بازرگانی تورکیا بۆ عێراق و کۆمپانیاکانی تورکیا زۆربەی زۆریان دەتوانن تەنها لە کوردستان وەکو بنکە جێگەیان هەبێت بێجگە لە هەندێک ناوچەی هێمن و ئارام. بۆیە پێم وا نییە هیچ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندی ئابوری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بێتە ئاراوە."

دوو ڕۆژ پاش هەڵبژاردنەکانی تورکیا هێشتا زووە بگوترێت حکومەتە نوێیەکەی ئەردۆگان چۆن دەبێت و بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورددا دەکات.