حکومەتی سوید ڕۆژی یەکشەممە سووتاندنی قورئانی لە دەرەوەی مزگەوتێکی ستۆکۆڵم شەرمەزار کرد و بە کردەوەیەکی "ترس لە ئیسلام" ناوی برد، ئەمەش دوای ئەوەی دەزگایەکی ئیسلامی نێودەوڵەتی داوای کرد ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووداوێکی هاوشێوە لە داهاتوودا.
وەزارەتی دەرەوەی سوید لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " حکومەتی سوید بە تەواوەتی لەوە تێدگات کە ئەو کردەوانەی ترس لە ئیسلام لە لایەن کەسایەتییەکانەوە لە خۆپیشاندانەکاندا دەشێت هێرشبێت بۆ سەر موسوڵمانان."
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوانە دەکەین کە بە هیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی بۆچوونەکانی حکومەتی سوید نین."
ئەو ئیدانەکردنە لە وەڵامی بانگەوازی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی بنکە لە عەرەبستانی سعودیە بوو بۆ ڕێگریکردن لە سووتاندنی قورئان لە داهاتوودا.
ئەو کۆمەڵە 57 ئەندامییە لە بارەگاکەی لە جددە کۆبووەوە بۆ وەڵامدانەوەی ڕووداوەکەی ڕۆژی چوارشەممە، کە تێیدا هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتووی وڵاتی سوید بە ناوی سەلوان مۆمیکە، تەمەن 37 ساڵ، ئەو کتێبە پیرۆزەی خستە ژێر پێیەکانی و چەند پەڕەیەکی لێ سوتاند.
بەپێی بەیاننامەیەک کە دوای کۆبوونەوەی "نائاسایی"یەکەیان بڵاوکراوەتەوە، ڕێکخراوی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی داوای لە وڵاتانی ئەندام کردووە "ڕێوشوێنی یەکگرتوو و بەکۆمەڵ بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی سوکایەتی کردن بە قورئان".
وەزارەتی دەرەوەی سوید دەڵێت "سووتاندنی قورئان، یان هەر دەقێکی پیرۆزی دیکە، کردەوەیەکی هێرشبەرانە و بێ ڕێزییە و وروژاندێکی ڕوونە. دەربڕینی ڕەگەزپەرستی، ڕق هیچ جێگەیەکی نە لە سوید و نە لە ئەوروپادا نییە".
لە هەمان کاتدا وەزارەتەکە گوتیشی سوید "مافی دەستووری پارێزراوی هەیە بۆ ئازادی گردبوونەوە و ڕادەربڕین و خۆپیشاندان".
وڵاتانی جیهان لەوانە عێراق، کوەیت، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) و مەغریب، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕووداوی سووتاندنی قورئان، باڵیۆزی سویدیان بانگ کردووە.
سەرچاوە: فرانس پرێس