کاربەدەستێکی هەرێم: تورکیا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی بەستووەتەوە بە شەڕی پەکەکە

oil

وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند عێراق "خەریکە نائومێد دەبێت" لە ئاستی پێشکەوتنی گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیادا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و کەرکوک کە لە مانگی 3ی ئەمساڵەوە ڕاگیراوە. دەشڵێت ئێستا ئەنکەرە مەرجەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەرزکردووەتەوە و بەستویەتیەوە بە شەڕی پەکەکەوە.

وەزیرەکەی حکومەتی هەرێمی کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم سەقفی داواکارییەکانی بەرز کردووەتەوە. پێناچێت بە ئاسانی ڕێگە بدات نەوتی هەرێم و کەرکوک بە وڵاتەکەیدا هەناردەی دەرەوە بکرێت."

لە کۆتایی مانگی 3ی ئەمساڵەوە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سکاڵایەکی عێراقی لە دژی تورکیا سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی پێشووی نێوانیان یەکلایی کردەوە و بڕیاریدا بە نایاسایی بوونی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم بە بێ ڕەزامەندی عێراق.

وەزیرەکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "تورکیا مەسەلەی پەکەکەو ئەو قەرەبووەی عێراق لە دادگای پاریس لێی بردووەتەوە و داوایدەکات بەستووەتەوە بە ڕێگەدان بە ناردنەدەرەوەی نەوت لە ڕێگەی وڵاتەکەیەوە. بۆیە پێناچێت عێراق و تورکیا بەمنزیکانە ڕێکبکەون."

ئەمەش ببینە بازرگانە کوردەکان دەڵێن عێراق بە پلان جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێم سنووردار دەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەی دەرەوە دەکرد. هەروەها ڕۆژانە 75 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکیش هەر لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە هەناردەی دەرەوە دەکرا.

عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێشتر نەوتی کەرکوک لە پاڵاوگەکانی بازیان و کار دەپاڵێورا بۆ دابینکردنی بەرهەمی نەوتی و سوتەمەنی بۆ موسڵ و کەرکوک. ئێستا پلانەکە گۆڕدراوە بۆ ئەوەی نەوتی کەرکوک ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و نەوتی هەرێمیش بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ و موسڵ و کەرکوک بەکاربهێنرێت."

جەختیشیکردەوە، "دەتوانرێت نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بەسرەوە ڕەوانەی دەرەوە بکرێت."

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەندێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاوکراونەتەوە، حکومەتی عێراق دەیەوێت نەوتی کەرکوک و هەرێم ڕەوانەی بەسرە بکات و لەوێوە هەناردەی دەرەوەی وڵاتی بکات. بەڵام بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، تا ئێستا لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە هیچ هەنگاوێک بۆ ئەمە نەنراوە.

فەرهاد حەمزە، سەرۆکی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دەتوانرێت نەوت لە کەرکوکەوە بە بۆری کۆنی حەدیسەدا ڕەوانەی بەسرە بکرێت، بەڵام بڕەکەی کەم دەبێت. ئەگەر بۆرییەکە نۆژەن بکرێتەوە، دەتوانرێت نەوتی زیاتر ڕەوانەی بەسرە بکرێت."

لە ئێستادا بڕیاری چۆنییەتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم لای حکومەتی عێراقە، لەکاتێکدا پێشتر حکومەتی هەرێم بێ ڕەزامەندی عێراق و بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە نەوتەکەی دەفرۆشت.

ئەمەش ببینە دکتۆر جەبار قادر: بەکارهێنانی کارتی حکومەتی هەرێم لەلایەن تورکیاوە وەک فشارێک بۆسەر عێراق کارتێکی لاوازە

محەمەد حسێن توێژەری بواری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "توانای سەکۆکانی کەشتی بارکردنی نەوت لە بەندەرەکانی بەسرە سنوردارە و ڕۆژانە دەتوانرێت 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاویان لێ باربکرێت. ئێستا ئەو بڕە نەوتە بە زیادیشەوە لە بەسرە هەیە. پێناچێت حکومەتی عێراق خەرجییەکی زۆر بکات و نەوتی هەرێم لەوێوە بنێرێت."

هەروەها وتیشی"گواستنەوەی نەوتی هەرێم بە تانکەر بۆ بەسرە خەرجی زۆر دەوێت و ئەمەش ناکرێت، ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە عێراق نەوت لەبەرانبەر غازدا بداتە ئێران، بەڵام ئەمە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە."

بەپێی یاسای بودجەی عێراق کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکراوە، حکومەتی عێراق سەرپەرشتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم دەکات و عێراق پابەندە بە دابینکردنی پشکە بودجەی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش وایکردووە هەرێم گرفتی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتەکەی نەبێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد