بەغدا بڕی 598 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت  

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند "بڕی 598 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا."

ئەمەش بە بەشێک لەو 906 ملیار دینارە دادەنرێت کە بڕیارە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ مووچەی فەرمانبەران لە کاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی شەش و حەوتیان وەرنەگرتووە.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی هۆکاری نەناردنی تەواوی بڕی 906 ملیار دینارەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە نێو بەرپرسانی عێراقدا دوو بۆچوون هەیە، بەشێکیان دەڵێن لە ئێستادا عێراق گرفتی پارەی کاشی هەیە، بەشەکەی تریشیان دەڵێن عێراق بە دوو بەش پشکی هەرێم دەنێرێت."

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕایگەیاند بەشێکی هەرێمی کوردستانیان لە بودجەدا ناردووە و هەروەها ڕایشیگەیاند پارەکە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراقدایە.

سودانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا لە بەغدا گوتیشی "حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ڕێککەوتنی دوو قۆڵی و ئەوەی لە بودجەدا هاتووە" و جەختیشی لەوە کردەوە کە "هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان هێشتا ڕاگیراوە".

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، پرسی بودجەیە، هەرچەندە لە ڕێککەوتی 11 ی مانگی شەشی 2023 پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا و پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق بە لە %12 دیاری کرا، بەڵام هێشتا ڕەوانەکردنی بودجەی هەرێم بە ئاڵۆزی ماوەتەوە.