وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند حکومەتی هەرێم "هەموو شتێکی پێویستی ڕادەستی حکومەتی عێراق کردووە" لە نەوت و داهاتی ناوخۆ، بەڵام حکومەتی عێراق پەیوەستی ڕێکەوتنی هاوبەش نەبووە. حکومەتی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکات کە "غەدر" لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات بەهۆی ناردنی بودجەی هەرێم بەکەموکورتی.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە ئەوەی لەسەر شانمان بووە لە قەزیەی داهاتی ناوخۆ، داهاتی نەوت لە پێدانی هەموو تەفاسیلات و بەرچاو ڕوونیەک کردوومانە، حکومەتی عێراقی هەموو داواکاریەکانی جێبەجێکراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام دەبێت حکومەتی عێراقی ئیلتیزام بکات بە پرۆژە یاسای بودجەوە کە لە پەرلەمانەوە دەرچووە."
وتیشی، "ئەمە لە قاڵبدانی هەرێم نیە، بەڵکو غەدرێکە لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە کاتێکدا هەرێم تەواوی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێ کردووە."
"نیەتێکی باش نا بینین لە پشت ئەم بابەتەوە"
حکومەتی عێراق سەرەتای ئەم هەفتەیە بڕی 598 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی شەشی موچەخۆران ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد، لەکاتێکدا بەرپرسانی هەرێم دەڵێن موچەی مانگێکی موچەخۆران زیاتر لە 900 ملیار دیناری دەوێت. و عێراق پارەکەی بە "کەموکوڕی" ناردووە. بەو پێیە بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 323 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کە دوو مانگە دابەشنەکراوە.
پێگەی عێراق ئۆیڵ ڕۆژی چوارشەممە 2 ی مانگی هەشت لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ناردنی ئەم بڕە پارەیە "ئاماژەیە بۆ دابەش بوون و ڕێکنەکەوتنی نێوان حکومەتی عیراق و حکومەتی ناوەندی."
لەو بارەیەوە پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "نازانم حکومەتی هەرێم دەبێت چی تر بکات بۆ ئەوەی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم بنێردرێت. هیوادارین حکومەتی عێراق چیتر ئەم بابەتە نەکاتە کارتێکی سیاسی و فشارێک بۆ برسی کردنی خەڵکی هەرێم."
دەشڵێت"ئێمە نیەتێکی باش نا بینین لە پشت ئەم با بەتەوە."
بەشێک لە سیاسیەکان و چاودێران لە هەرێمی کوردستان ناردنی ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی عێراقیان بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە کە حکومەتی ناوەندی متمانەی بە ژمارەی فەرمانبەرانی نێردراو نیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
دوای سەردانی وەفدی حکومەتی هەرێمیش بۆ بەغداد، لە ڕێکەوتی 26 ی مانگی 7، ڕێبوار ئەو ڕەحمان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، ڕایگەیاند، "شاندی هەرێم ڕاپۆرتێکی 8 هەزار لاپەڕەییان لەگەڵ خۆیاندا بردووە بۆ بەغداد، کە داتا و حساباتی ژمارەی فەرمانبەرانی لە خۆی گرتووە. بەڵام حکومەتی عێراق پێی وتوون 5 هەزار لاپەڕەی فەیکە. چۆن هێناوتانە ئاوا بیبەنەوە."
بەڵام پێشەوا هەورامانی ئەوە ڕەدەکاتەوە و دەڵێت، "پەیوەندی نیە بەوەوە کە ژمارەی فەرمانبەرانی حەقیقی بێت یان نا. نازانین بابەتەکە ڕەبتی بە میزاجەوە هەیە یان نا، بەڵام ئێمە هۆکارێکی جدی نابینین لە پشت ناردنی ئەو پارەیەوە کە بە کەم و کورتی نێردراوە."
وتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕ کردنەوەی کورتهێنانی مووچە، پشت بە داهاتی ناوخۆ دەبەستێت، وە لە ڕێگەی داهاتی ناوخۆوە ئەو بابەتە چارەسەر دەکات."
لە پرسیاری ئەوەی کەی دەتوانن کێشەی مووچە خۆران و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، پێشەوا هەورامی دەڵێت، "،تا حکومەتی عێراق ئیلتیزام نەکات بە پرۆژە یاسای بودجەوە، ئەم کێشەیە چارەسەر نابێت."
وتیشی، "دۆزینەوەی بەدیلی نەوت یەکێک بووە لەو کارانەی لەم کابینەیەدا کاری لەسەر کراوە. بەڵام کاتی دەوێت تا سەرچاوەیەکی بەهێزی داهات دروست بکەین، بەتایبەت تەرکیزمان لەسەر کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریە. بەڵام ئەوانە بە ساڵیک و دوو ساڵ نابنە سەرچاوەیەکی داهات کە پێویستیت بە داهاتی نەوت نەمێنیت. بەڵام دەتوانن یارمەتیدەربن وە پلانەکەش بەو جۆرەیە ئەم کەرتانە ئەوەندە بەهێز بن، کە کاریگەری نەوت لەسەر ئێمە زۆر دیار نەبێت."