وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: بە بڕوای ئێمە دەبێت ژنان لە ئێران و هەموو شوێنێکی جیهادا ئازاد بن لە هەڵبژاردنی جلوبەرگی خۆیان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر تێڕوانینی ئەمەریکا کردەوە کە "هەڵبژاردنی جلوبەرگ مافێکی بنەڕەتی کەسێتییە".

لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هەڕەشە نوێیەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران لەسەر حیجابی ژنان لە وڵاتەکەی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی "ئێمە لەو بڕوایەداین کە ژنان لە ئێران و هەموو شوێنێکی جیهادا دەبێت ئازاد بن لە هەڵبژاردنی جلوبەرگەکانیان."


ڕەئیسی ڕۆژی چوارشەممە بەڵێنی دا ڕێسای جل و حیجابی زۆرە ملێی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ بکرێت لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێرانی لە دوای خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی پاش مەرگی ژینا ئەمینییەوە سەرپۆشەکانیان لادابوو.

ڕەئیسی گوتی "بە هیچ شێوەیەک نیگەران مەبن و بزانن ئەم فەسادە کۆتایی دێت ".

ماثیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕۆژی چوارشەممە لە وەڵامێکدا بۆ قسەکانی ڕەئیسی گوتی "ژنانی ئێرانی نابێت نیگەرانی ئەوە بن کە دەسەڵاتدارانی ئێران تەکنۆلۆژیای چاودێری یان هەر شێوازێکی دیکە بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەریاندا بەکار بهێنن."

مانگی ڕابردوو ئێران کارەکانی پۆلیسی ئاکار (گەشتی ئیرشاد)ی دەستپێکردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی پەرەسەندنی لابردنی حیجاب.

بەپێی ڕاپۆرتان پۆلیس پلانی هەیە تەکنەلۆژیای زیرەک لە شوێنە گشتیەکان بەکاربهێنێت بۆ ناسینەوەی ئەو ژنانەی کە پەیڕەوی یاسای حیجابی زۆرملێ ناکەن.

ماثیۆ میلەر "ئەمەریکا هەناگاوی ناوە و بەدەوامیش دەبێت لە پشتیوانیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران بە ژنان و کچانەوە و هەروەها کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی بۆ بەرپرسیارکردنی سەرپێچیکارانی مافەکانی مرۆڤ."

قسەکانی ڕەئیسی لەسەر حیجاب لە کاتێکدا ساڵڕۆژی مەرگی ژینا ئەمینی نزیک دەبێتەوە ئەو کچە کوردەی بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە لە تاران دەستگیرکرا و پاشان بە پێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە لەسەری درابوو چووە حاڵەتی بێهۆشییەوە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی سپارد.

مەرگی ژینا ئەمینی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە ئێران و سەرانسەری جیهانیشدا بەدوای خۆیدا هێنا. لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانە سەدان کەس لە ئێران گیانیان لەدەستدا و بە هەزاران کەسیش دەستگیرکران.