تورکیا - پەکەکە: قۆناغی شەڕی درۆنەکان

دوای دوو ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی زەمینی سوپای تورکیا لە ناوچە کوردییەکانی سوریا بە ناوەکانی (چڵە زەیتون لە 20ی مانگی یەکی 2018 لە عەفرین و کانی ئاشتی لە 9ی مانگی دەی ساڵی 2019 لە سەرێ کانی و گرێ سپی)، تورکیا شەڕی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستپێکردووە، گروپ و ئەندام و تاکەکانی نزیک لە پەکەکە دەکاتە ئامانج.

لەگەڵ گۆڕینی تاکتیکی شەڕی ئەم چوار ساڵەدا، سوپای تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەیان هێرشی کردووتە سەر ئامانجەکانی ناوچە کوردییەکانی سەر سنووی عێراق و سوریا. زۆرێک لەو هێرشانە ئامانجەکانیان پێکاوە و بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج.

زۆرێک لە حزب و دامەزراوە کوردییەکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی قوربانیانی ئەو هێرشانەی بە درۆن کراون خەڵکی سڤیلیان کردووەتە ئامانج. بەڵام سوپای تورکیا دەڵێت ئامانجەکان کەسایەتییە سیاسی و چەکدارەکانی پەکەکە و پژاک و کەژەکەن، بە لەناوبردنی ئەوانیش تورکیا گورزی خۆی لە بزووتنەوەی کورد دەدات. لە ڕوانگەی سەربازییشەوە ئەم هێرشانە کاریگەر و سەرکەوتوون، بەهۆی تێچووی کەم و زیانێکی گیانی کەمیش بە دەوڵەتی تورکیا دەگەیەنێت.

زۆرێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن، دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە 14ی مانگی 5 ی 2023، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت هێز و توانای خۆی نیشان بدات و پەیامێک بنێرێت کە درێژە بە شەڕی تیرۆر دەدات و بەڵێنەکانی کە بە دەنگدەرانی نەتەوەپەرستی داوە، جێبەجێ دەکات و خۆی بۆ پڕۆژە درێژخایەنەکەی داهاتوو ئامادە دەکات.

جگە لەوەش تێگەیشتنێکی گشتی هەیە کە بە هەرجۆرە هەنگاوێک بێت، تورکیا دەیەوێت کورد لە دەرەوەی هاوسەنگی ناوچەکە و جیهاندا بەجێبهێڵێت.

ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی ئاسۆ عەبدول لەتیف بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند؛ شەڕی ئێستای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا "سەرەتای شەڕێکی بەرفراوانی هەژمونی فیکری و سەربازی و وزەیە لە ناوچەکەدا، بە ئامانجی نۆژەنکردنەوەی خەلافەتی پێشووی عوسمانی بەڵام بە دیزاینێکی نوێ."

ئەگەر چی ماوەیەکی زۆرە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن سیستمی بەرگری تورکیاوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام هێرشەکانی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە 11 تا 13ی مانگی هەشت بۆ سەر سنوورەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژەی گۆڕانکاری لە تاکتیکی شەڕی تورکیادا دەردەخەن.

دکتۆر کامەران بەرواری، مامۆستای سیاسەت لە زانکۆی دهۆک دەڵێت، "ئەم هێرشانە ئامادەکارییە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بە ئامانجی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک بە ناوی بنیاتنانی دەوڵەتی نوێی تورکیا. ئەو دەوڵەتەش نوێکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە، بە گوێرەی پەیمانی (میساقی میللی) کە سەرۆکی تورکیا ئەردۆغانیش ببێتە خەلیفەی ئەو دەوڵەتە. بێگومان ئەو دەوڵەتەی کە خەونی خۆیانە، بەبێ داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستانی عیراق تەواو نابێت، کە تا ئێستاش لە ئەدەبیاتی تورکیادا بە ناوی ویلایەتی موسڵ و کەرکوک ناودەبرێت.

ئاسۆ عەبدول لەتیف هەمان بۆچوونی هەیە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆژەکە ماوەیەکە لە مێشک و خەیاڵی بیرمەندانی ئاکەپەدا جێکیربووە. ناوبراو لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی (درەو) دا بڵاوکراوەتەوە نووسیویەتی؛ "بیرخستنەوەی تێرمی میساقی میللی و بنەماکانی، وەک سنوری جوگرافی و قەڵەمڕەوی سیاسی دەوڵەتی تورکیا لە دوای کەوتنی خەلافەت و دەسەڵاتی سوڵتانەکان و ڕێککەوتننامە و ئاگربەستی مۆدرۆس لە نێوان سوڵتان محەمەدی شەشەم و هاوپەیمانانی براوەی جەنگی جیهانی یەکەم لەساڵی 1918 دا، بۆیەکەم جار ڕەجەب تەیب ئەردۆگان هێنایەوە گۆڕێ و خستیە سەر زمانی میدیاکان لە مانگی دەی 2016 دا." ئەمە ئەو کاتە بوو کە ئاکپارتی ڕەتی کردەوە بەشداربێت لە شەری ڕزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعش.

بە گوتەی دکتور بەرواری، ئەگەر کەس ڕێگری لەم جۆرە هێرشانە نەکات، هەنگاوی داهاتوو، "ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی دەبێت و ئەگەر هەر ڕێگری لێنەکرا، ئەوە تورکیا فشار دەخاتە سەر ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی تا ئەو پڕۆژەیە دەبێتە واقیع لەسەر زەوی." ئینجا سوود لەو بۆشاییە سەربازییە وەردەگرێت کە ئەمەریکا و ڕووسیا لە هەرێمەکەدا بەجێیان هێشتووە، بەو پێیەی ئامانجەکانی بهێنێتە دی کە نەک تەنها جێگای عەرەبستانی سعودیە بەڵکو ئێرانیش بگرێت.

بەڵام سەرکەوتن و شکستی پرۆژەی تورکیا بۆ دیزاینکردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خواست و هیوای بیرمەندانی ئاکەپە، بە گوتەی ئاسۆ عەبدولەتیف، پەیوەستە بەوەی "تا چ ڕادەیەک شیعە دەکەوێتە ژێر باری ئەجەندای ئەمەریکا لە ناوچەکەدا. "چونکە ئەمەریکاییەکان کارتی سوونەگەرایی و شیعەگەرایی بەکاردێنن. بۆیە دەبێ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و دەستووری عێراقدا ئەم ململانێیە لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن، بەو پێیەی ئەم شەڕە، شەڕی سەروەری خاکی عێراقە، پێش ئەوەی شەڕی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بێت.