چاودێران: پێشوەچوونی وتوێژەکانی ئەمەریکا و ئێران پاش ڕێککەوتنە سەرەتاییەکەی ئازادکردنی زیندانیان ئەگەرێکی لاوازە

ئەمەریکا و ئێران لەم هەفتەیەدا نزیکبوونەوە لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی سەرەتایی کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمەریکا لە ئێران و ڕەنگە ئازادکردنی ژمارەیەکی نادیاری ئێرانیش لە زیندانەکانی ئەمەریکادا، ئەمەش پاش ئەوەی ملیاران دۆلار لە سامانی سڕکراوی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوورەوە بۆ قەتەر دەگوازرێتەوە.

ئەم ڕێککەوتنە سەرەتاییە ئاڵۆز و مشتومڕلەسەرەی کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕاگەیەندرا، دوای چەند مانگێک لە دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران بوو دەرئەنجام ئێران چوار لە پێنج ئەمەریکییەکەی لە زیندانەوە گواستەوە بۆ زیندانی

ماڵەوە. پێنجهەم ئەمریکی پێشتر هەر لە ماڵەوە دەستبەسەر بووە.

ئارەش ساڵح، شارەزای کاروباری سیاسی ئەمەریکا و ئێران و نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمەریکا پیێ وا نییە ئەم جۆرە پێکهاتنە، ڕێککەوتنێکی فراوانتری لێبکەوێتەوە " سرووشتی ئەم ڕێککەوتنەی کە بووەتە هۆی ئازاد بوونی ئەو زیاندنیانە ئەوەیە کە پێی ئەوترێت ترەنسەکشناڵ. واتە سنووردارە بەو مامەڵەیەی کە کراوە. بۆیە ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بین کە شتێکی بەربڵاوتر لەوەی لێ بکەوێتەوە. ئەتوانین چاوەڕێی ئەوە بین کە مامەڵەی تر لەم چەشنە لە داهاتووش دا بکرێن بەڵام پێویستە پێویستی و هەلوومەرجی تایبەتی خۆیان هەبێت. بۆ وینە لە کاتی ئێستا هەم دەوڵەتی بایدن پێویستی بەو مامەڵەیە بووە هەم ئێران. هەرکامیان بە هۆکاری تایبەتی خۆیان."

عەزیز ماملێ، پارێزەر و شارەزای سیاسی دانیشتووی فەڕەنسا ڕایەکی جیاوازی هەیە ئەو پێیوایە فشارە ناوخۆییەکانی ئێرانی هێناوەتە سەر ئەو حاڵە و دەڵێت " دەمێکە ئێران و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بە ناوبژیوی عوممان لە وتووێژدان . ڕاستی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوو بواردا لە ژێر زەختی تەواو دایە، یەکەمیان دۆخی ئابوورییە کە تەنگی بە دەوڵەتی 44 ساڵەی ئێران هەڵچنیوە و لە گیانەڵلای ژیانی دەسەڵاتدایە. دووهەمیش بزووتنەوەی شۆڕشی ژینایە کە رژیمی ئیسلامی ئێرانی خستۆتە مەترسی ڕاستەقینەوە."

ئێران لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردووەوە ئاڵۆزییەکی زۆری بەخۆوە بینی پاش مەرگی ژینا ئەمینی کە لە کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە (گەشتی ئیرشاد) گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێراندا لێکەوتەوە کە بە شۆڕشی ژینا ناودێر کرا.

ئەمەش ببینە ژمارەیەک زیندانیکراوی ئەمەریکایی لە ئێران لە بەندیخانەوە دەگوێزرێنەوە بۆ دەستبەسەری لە ماڵەوە

لەم ڕێککەوتنە سەرەتاییە ئاڵۆزەدا وردەکارییەکانی گواستنەوەی پارەکە و کاتی تەواوبوونی و دواجار ئازادکردنی زیندانییەکان تا ئێستا ڕوون نییە. بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران دەڵێن پێیانوایە ڕێککەوتنەکە دەتوانێت تا ناوەڕاست تا کۆتایی مانگی 9 تەواو بێت.

ڤێدان پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " ناچمە نێو وردەکاری بابەتەکەوە لە کاتێکدا وتووێژی چالاک لە گۆڕێدایە و دۆخەکە بەردەوامە. ئێمە هیچی ترمان ناوێت جگە لەوەی ئەم هاووڵاتییە ئەمەریکاییانە دەستبەجێ بگەڕێنەوە وڵات و ئێمەش هیوادارین وا بێت، چونکە بە هەڵە و بە ناڕەوا دەستبەسەر کراون."

دەستبەسەرکراوەکان بریتین لە سیامەک نەمازی تەمەن 51 ساڵ و عیماد شەرقی تەمەن 58 ساڵ کارداری ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانی، ژینگەپارێز مۆراد تاهبازی تەمەن 67 ساڵ کە هاووڵاتی نامەی بەریتانیشی هەیە لەگەڵ دوو هاووڵاتی تری ئەمەریکایی کە ناوەکانیان بڵاو نەکراوەتەوە.

ئازادکردنی ئەمەریکاییە زیندانیکراوەکان لە ئێران و گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی چەندە هەواڵێکی دڵخۆشکەر بوو هێندەش نیگەرانی نیگەرانیشی لێکەوتووەتەوە. ئەو ئەمەریکاییانەی کە تا ئەوڕۆکە لە زیندانییەکانی ئێران بەتایبەتی لە زیندانی ئەوین و زیندانەکانی دیکەدان ئومێدی ئەوەیان هەیە بەتەواوەتی ئازادبکرێن، بەڵام ئەی ئەو ئەوروپی و ئەو بەڕەچەڵەک ئێرانیانەی کە لە ئێران لە زینداندان چیان بەسەر دێت؟

ئارش ساڵح باس لە مەترسی گۆشەگیرکردنی ئێران دەکات و ئەم هەنگاوە بە ناچاری ناودێردەکات و دەڵێت " لە کاتی ئێستا دا ئەمەریکا و بە گشتی رۆژاوا نایانەوێت بە رووبەڕووبوونەوەی زیاتر لەگەڵ ئێران ئەو ووڵاتە تووڕە بکەن. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە ئەگەر بێتوو ئێران تووڕە ببێت و بکەوێتە ژێر گوشاری زیاترەوە ئەوە ئەو ووڵاتەش لە دۆسیە ناوەکیەکەی خۆی بەرپرچی ئەو گوشارانە ئەداتەوە. واتە لەوانەیە ئەگەر ئێران خۆی لە ژێر گوشار ببینێت دەست بدات بە پیتاندنی یۆرانیۆم و ئەوانیش خۆیان لەبەردەم دۆخێک ببیننەوە کە ناچار بن هێرشی ئاسمانی یان کارێکی جیددی تر بکەن."

جگە لەمە نیگەرانی لەسەر دۆخۆی ئەو هاووڵاتیانەی ئێران بە کورد، فارس، عەرەب و کەمە نەتەوەکانی دیکەوە هەیە کە لەژێر ئەشکەنجە و ترسی بڕیاری سێدارە و حوکمی هەتاهەتاییدان چیان بەسەر دێت. ئایا ئێران بەم هەوڵانەی دەیەوێت ئەمەریکا و کۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی بخاتە ژێر فشاری زیندانەکانیەوە بۆئەوەی رێککەوتنە ناوەکییەکە واژۆ بکرێت و سەرجەم گەمارۆ و سزاکانی لەسەر هەڵبگیرێت!

عەزیز ماملێ لەو بارەیەوە رەخنە دەگرێت و دەڵێت " ئەو کردەوە نالەبارەی جارێکی دیکەش سەلماندی کە وڵاتانی ئەوروپایی بەرژەوندییەکانی ئابووری خۆیان بە هیچ شێوەیەک بە پرسی مافی مرۆڤ ناگۆڕنەوە. لە شۆڕشی ژینا جگە لە هەندێک کاردانەوەی ڕووکەش لە نێو مێدیاکان، دەوڵەتەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا هیچ خۆیان نەشڵەژان و بە کردەوە لایەنی ڕاگرتنی دەسەڵاتیان هەڵبژارد. لە ماوەی یازدە ساڵ وتوێژەکانی کێشەی ناوەکی ئێران کە گەیشیە واژۆ کردنی ڕيککەوتننامەی 2015، بۆ یەک جاریش پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران نەهاتە سەر مێزی گفت و گۆکان. بەشی ئازادیخوازی و دیموکراسی بۆ داهاتووی ئێران بە لای وڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپاوە ئەوەندە گرنگ نییە. "

جێی باسە چ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چ وڵاتانی ئەوروپاش بە بەردەوامی نیگەرانییان لەمەڕ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەربڕیوە و لە دەمی شۆڕشی ژیناشدا چەندین جار سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە هاووڵاتیان کرا.

پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوەش کردەوە ئەمەریکا هیچ ڕێبازێکی بەرامبەر بە ئێران نەگۆڕیوە و ئەمە پەیوەندی بە بابەتەکانی ترەوە نییە "هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ هیوا و خواستی ئێمە بۆ ئەوی ئەم هاووڵاتییە ئەمەریکاییانە بتوانن بێنەوە بۆ وڵات. بەڵام پەیوەست نییە بە هیچ پرسێکی ترەوە. وە هیچ لایەنێکی ڕێبازی گشتیمان بەرامبەر ئێرانمان نەگۆڕیوە. جا چ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەوانیش بێت، باوەڕمان بەردەوامە و ئامانجمان بەردەوامە کە ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت. بەڵام هەروەها وەک چۆن پەیوەندی بەو پرسانەی ترەوە هەیە کە باسم کرد – چالاکییە تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ – بۆچوونەکانمان، کارەکانمان لەسەر ئەمانە نەگۆڕاوە."

فاتیمە کەریمی چالاکوان و ئەندامی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕەخنە لە بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە ئەگەرییەکە دەگرێت و دەڵێت "ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران بۆ سودی گشتی هاووڵاتیانی ئێران نییە، بەڵکو بۆ سەرکوتکردن و ستەمکاری بەکاردەهێنرێت دژی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتە بەر بۆ دڵنیابوون لەوەی " ئەم پارەیە بەردەوام لە ژێر چاودێری چڕدابێت و تەنها بۆ مەبەستی مرۆیی بەکاربێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ئێران لە بەرامبەر ئازادکردنی ملیاران دۆلار چوار زیندانیکراوی ئەمەریکایی لە زیندانەوە گواستەوە بۆ دەستبەسەری ماڵەوە

ئارش ساڵەح باس لەو ئاڵنگارییە دەکات کە لەئاکامی ئەو گومانەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئێران رەنگە بەردەوام ئەم شێوازی بارمەتگرتن و زیندانیکردنە دووبارەبکاتەوە و دەڵێت " ئێران بە ئاشکرا سیاسەتی بارمتەگرتنی بیانیەکانی وەکو رێگەچارەیێک بۆ کەمکردنەوەی گوشارە ئابوریەکان گرتۆتەبەر. ئەمە لە چەند ساڵی رابردوو یەکێک لە تاکتیکە بنەڕەتیەکانی ئێران بووە کە بە ووردی لە ژوورە فیکریەکانی ئێران بیری لێ کراوەتەوە وەکوو تاکتیکێک بەکارهاتوە." هەروەها دەشڵێت "تەنانەت موحسێن رەزایی کە سکرتێری کۆمەڵەی تەشخیسی مەسڵەحەتی رژێم و هەروەها تا ساڵی رابردوو جێگری کاروباری ئابوری سەرکۆمار بووە بە راشکاوی لە یەکێک لە وتوویژەکانی ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت کە ئێمە بە گرتنی بیانیەکان و ئازادکردنیان لە بری پارە ئەتوانین کێشەی ئابوری خۆمان چارەسەر بکەین."

عەزیز ماملێ وەک شارەزایەک تیشکدەخاتە سەر ئەو هەژموونە ستراتیژییەی ئێران کاری لەسەر دەکات بۆ دروستکردنی فشار و سودی رژێمەکەی و دەڵێت " دەسەڵاتی ئێران بۆ ڕووبەڕووبونەوە بەو ڕەوشە ئابووری- سیاسییە ناچار بوو پێداچوونەوە بکات بە سیاستەکان و ستراتێژییە کلاسیکەکانی خۆی." دەشڵێت ئێران هەموو تاکتیکێک بەکاردەهینێت بۆ مانەوە "لە ڕووی سیاسیەوە ڕووی کردە سەر پێکهێنانی گۆڕانکاری بە سەر پەیوەندییەکانی دیپڵۆماتیکی ناوچەیی. خۆ بە دوورڕاگرتن لە پشێوی و گرژی لە گەڵ عەڕەبستانی سعوودی بەشی هەرە گرنگی ئەو سیاسەتە بوو. لەڕادەی نێونەتەوەیش، سیاسەتی ئێران گۆڕانکاری بەسەر داهات و دەسەڵات خۆی لە توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپایی پاراست و وتوێژە نهێنییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی گەیاندە ئاستی گۆڕینەوەی بەندکراوەکانی ئێرانی و ئەوروپاییەکان."

عەزیز ماملێ باس لە ئازادکردنی " تیرۆریستێک" دەکات کە بەلجیکا ئازادی کردووە و دەڵێت "ئەسەدوڵلاهی ئەسەدی کە بەتاوانی بەشداربوون لە تێرۆریزم دژ بە کۆبوونەوەی موجاهیدینی خەڵکی ئێران بە بیست ساڵ زیندانیکردن مەحکوم کرابوو بە بیانووی بەخشین لە لایەن شای بەلجیکاوە ئازاد کرا و ڕادەستی ئێرانیان کرایەوە. "

ئەسەدوڵا ئەسەدی بەرپرسی پلە سێی باڵوێزخانەی ئێران بوو لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا. ناوبراو لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا و تۆمەتبارکرا بە پیلانگێڕی بۆ هێرشکردنە سەر گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی موجاهدینی خەلق لە پاریس لە ساڵی 2018.

سەرباری ئاڵنگارییە سیاسی و ئابورییەکانی ئێران، پرسەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیش پرسە هەرە جومگەیی و هەستایرەکانی ناوخۆی ئێرانن، بەڵام ئایا هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی دەتوانێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم رژێمی کۆماری ئیسلامیدا بۆ رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان لەو وڵاتەدا. لە دواهەمین لێدواندا ماثیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەمەریکا هەناگاوی ناوە و بەردەوامیش دەبێت لە پشتیوانیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران بە ژنان و کچانەوە و هەروەها کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی بۆ بەرپرسیارکردنی سەرپێچیکارانی مافەکانی مرۆڤ."

فاتیمە کەریمی چالاکوان و ئەندامی تۆڕەکانی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت "یەکێک لە سیاسەتە قێزەوەنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە بووە چەندین هاووڵاتی ئاسایی یان گەشتیاربوون سەردانی ئێرانیان کردووە دەستگیریان کردوون و ساڵەهای ساڵ لە زینداندا بوون و لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا بوون، بەڵام کۆماری ئیسلامی توانیوێتی لەم سیاسەتە زۆر بەباشی کەڵک وەربگرێت و بە پارە ئازادیان بکات."