چوارەم تۆمەت لە دژی ترەمپ تاچەند قورس دەبێت؟

هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی مشتومڕەکان بۆ هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان و دیاریکردنی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024، دەستەی باڵای سوێندخۆران لە دادگای ناوچەی فولتن لە شاری ئەتلەنتا لە ویلایەتی جۆرجیا، دانۆاڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و 18 کەسی دیکە تۆمەتبار دەکات، بە تۆمەتی ساختەکاری و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020.

ئەمە چوارهەمین دادگاییە کە لە دژی ترەمپ بڕیار دەدات. جگە لە دۆسیەی جۆرجیا، دوو دۆسیەی فیدراڵی و دۆسیەیەکیش لە ویلایەتی نیویۆرک لە دژی تۆمارکراون. لە هەر چوار حاڵەتەکەدا 91 تۆمەت لە دژی ترەمپ تۆمار کراون و لەسەر ئەم تۆمەتانە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە. بەڵام چاودێرانی جێبەجێکردنی یاسا و سیاسەتمەداران پێیان وایە لێپێچینەوەکەی لە جۆرجیا لە 14ی مانگی هەشت خراپترین کاریگەری دەبێت لەسەر ترەمپ، چونکە بەڵگەنامە و تۆماری دەنگی هەیە.

فانی ویلیس، پارێزەری ناوچەی فولتن، سکاڵای یاسایی لە دژی ترەمپ و یاریدەدەرەکانی تۆمارکرد. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دوو ساڵ و نیودا، ترەمپ و یاریدەدەرەکانی بە پێشێلکردنی یاساکانی ویلایەتەکان تۆمەتبار دەکەن. لەم دادگایەدا 13 تۆمەت ئاڕاستەی ترەمپ کراون، ئەو کاتەی لە کۆشکی سپی بوون "ترەمپ و 18 یاریدەدەرەکەی دەسەڵاتی خۆیان بەکارهێناوە و بۆ فشار خستنە سەر بەرپرسانی ویلایەتەکان بۆ ئەوەی ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکاندا بکەن و ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی ترەمپدا بگۆڕن".

تۆمەتبارکردنەکە وردەکاری چەندین تۆمەت دەخاتە ڕوو، لەوانە چەندین تۆمەتی ساختەکاریی دەنگدەران بەرامبەر بە بەرپرسانی جۆرجیا، هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی یاسادانەرانی جۆرجیا بۆ ئەوەی کێبڕکێ لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکەن و دانانی لیستی هەڵبژاردنەکانی نوێنەران لە بەرژەوەندی ترەمپ و دزینی زانیاری و داتاکاکانی دەنگدان.

ئاشکراترین بەڵگەنامەکانی لەسەر ئەو تۆمەتە ئەوە بوو کە لە 6ی مانگی یەکی ساڵی 2021 و پێش پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2020 لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ براد ڕافێنسپێرگەر، بەرپرسی باڵای هەڵبژاردنەکانی جۆرجیای ئەنجام داوە و داوای لێکردووەو 11 هەزار و 780 دەنگی بۆ پەیدا بکات" تا دەنگی نوێنەرانی ویلایەتەکە بە دەست بهێنێت. ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدا بوو کە یاریدەدەرە نزیکەکانی هەوڵیان دەدا بەڵگەنامەی ساختە ئامادە بکەن و فشار بخەنە سەر بەرپرسانی هەڵبژاردن لە ویلایەتەکانی جۆرجیا و ئەریزۆنا کە ویلایەتی یەکلاکەرەوەن بە ئامانجی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی ترەمپ.

ڕۆژێک دوای تۆمەتبارکردنەکە، نووسینگەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی فولتۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە تا ڕۆژی چوارشەممە 25ی مانگی هەشت، پێویستە ترەمپ و 18 تۆمەتباری دیکە لە زیندانی ناوچەکە ئامادەبن بۆ وەرگرتنی پەنجەمۆر و وێنەگرتن. پرۆسەکە دەبێت پێش دادگاییکردنەکە ئەنجام بدرێت بەر لەوەی سزاکەیان بەسەردا بسەپێنرێت.

داواکاری گشتی ویلیس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، نووسینگەکەی پێشنیاری ئەوە دەکات کە دادگاییکردنەکە لە شەش مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و هەندێک ئاماژەش دەریدەخەن کە لە مانگی دەی 2024دا دادگاییکردنەکە ئەنجام بدرێت.

ترەمپ و تیمی پارێزەرانی ئەو دۆسیە، تاوان و تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە.

سیاسەت، دادگا، پشتگیری

لەو کاتەوەی کە تۆمەتەکان لە دژی ترەمپ تۆمارکراون دوای ئەوەی کۆشکی سپی بەجێهێشتووە، خۆی لەگەڵ یاریدەدەر و لایەنگرانی دەڵێن، ترەمپ قوربانی دەوڵەتی شاراوەیە. دەڵێن بەرێوەبەرایەتی بایدن دادگاکانی خستووەتە ژێر کاریگەری سیاسەتەوە. بەڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی لیستی تۆمەتەکان، داواکاری گشتی ویلیس وتی بڕیارەکانی لەسەر بنەمای ڕاستییەکانن و یاسایین "بە هیچ شێوەیەک نابنە لایەنگری حزبێک و بێلایەنن ". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لە ڕاستییەکان و یاسا دەڕوانین و تۆمەتەکان دەخەینە پاڵ تۆمەتبارەکان".

بەڵام هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بەیاننامەیەکی پێشوەختەی بڵاوکردەوە و ویلیس بە 'لایەنگریکردن'ی سەرسەختانە تۆمەتبار کرد لە کاتی لێکۆڵینەوەکانی دژ بە ترەمپدا. هەروەها دەشڵێن" هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی زۆر دەستێوەردان بکات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 و زیان بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترامپ بگەیەنێت.

ویلیس گوتی: هەموو هەڵبژاردنەکان لە وڵاتەکەماندا لەلایەن ویلایەتەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، کە بەرپرسیارێتی دەستەبەرکردنی پرۆسەیەکی دادپەروەرانە و ژماردنەوەی وردی دەنگەکانیان پێدەدرێت. هەروەها ڕۆڵی ویلایەتەکان لەو پرۆسەیەدا گرنگە بۆ پرۆسەی دیموکراسیمان.

نەیارانی ترامپ دەڵێن، هەوڵەکانی سەرۆکی پێشوو بۆ ساختەکردن و گۆڕین و ئاستەنگ خستنە بەردەم پرۆسەی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020، پڕۆسەی دیموکراسی لە ئەمەریکا خستووەتە مەترسییەوە و ئەگەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە سزا نەدرێن، ئەوا هەوڵی لەو شێوەیە لە داهاتوودا دووبارە دەبێتەوە.

بۆچی ترس لە لایەنگرانی ترامپ هەیە؟

جۆ والش، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی کۆمارییەکان لە ویلایەتی ئیلینۆی و کاندیدی پێشووی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020، ڕۆژی چوارشەممە لە کەناڵی سی ئێن ئێن ڕوونکردنەوەیەکی دا و گوتی، هەموو ئەو کەسایەتییە ناودارانەی کە دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە بۆ ئەوەی یەکێکیان کاندیدی کۆمارییەکان بێت لەبری ترەمپ لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا، دەزانن کە ئەوان لە پێش ترەمپەوە نین.

کاتێک بیروڕای خۆیان دەردەبڕن، باوەڕیان بە قسەکانیان نییە." بەڵام ئەوان دەزانن کە ترەمپ هەڵەی کردووە، تاوانبارە و پێشێلی یاسای کردووە". بەڵام ئەگەر تۆ کۆماریخواز بیت و بە ئاشکرا ترامپ شەرمەزار بکەی، لەو کاتەدا دەنگدەرانی کۆمارییەکان لە دەست دەدەی."

والش هەروەها گوتیشی ئەو کۆماریانە هیواخوازن کە ترەمپ زیندانی بکرێت، یان ڕووبەڕووی شتێکی چاوەڕواننەکراو ببێتەوە". لەو کاتەدا ئەوان ڕووی ئەوەیان دەبێت کە ڕوو لە بەهێزترین بنکەی لایەنگرانی کۆمارییەکان بکەن و داوایان لێبکەن دەنگ بە کۆمارییەکان بدەن، بەو هیوایەی لە بەرامبەر کاندیدی دیموکراتەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن کە تا ئێستا سەرۆک جۆۆ بایدن لە پێشەوەی لیستەکەدایە.