نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕادەگەیەنێت، ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانی وتووێژێکی " بەبەرهەمی" لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان و شاندی یاوەری ئەنجام داوە.
نوسینگەکەی شیاع سودانی دەڵێت " لە گفتوگۆکاندا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، زیادکردنی هاوکاری، پەرەپێدانی هاوبەشی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هاوبەشی کراوە."
ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی عێراق دەڵێت سودانی لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ فیدان " ڕووبەڕووبوونەوەی عێراقییەکانی لەگەڵ تیرۆریزمدا خستە ڕوو و ئاماژەشی بەوە کرد کە ئاسایش و سەقامگیری لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی عێراقدان و ڕێگە نادەن هیچ لایەنێک یان ڕێکخراوێک لەژێر هیچ ناوێکدا دەستێوەردان لە ئاسایشدا بکات یان خاکی عێراق وەک سەرچاوەیەک بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش دەڵێت " لە میانی دیدارەکەدا بابەتی هەنووکەیی سەبارەت بە پەرەپێدانی هاریکاریی سیاسی و ئابووری و ئەمنی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کرا."
هەر لە ڕۆژی چوارشەممە فیدان لەگەڵ سەرۆکی عێراق عەبدولەتیف ڕەشیدیشدا کۆبووەوە و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت لە میانی دیدارەکەدا باس لە پرسەکانی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دووقۆڵی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پرسی ئاو لە نێوان هەردوو وڵاتدا کراوە.
نوسینەگەی سەرۆک کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا باسی لە گفتوگۆکەی سەرۆکی عێراق و وەزیری دەرەوە کردووە کە زیاتر تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندییە بازرگانییەکان و گرفتی ئاو لە عێراقدا. نوسینگەی سەرۆکی عێراق دەڵێت "لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و گرنگی کارکردن بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانیان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و ژینگەیی و دۆسێی ئاو و وزەدا کردەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عێراق و تورکیا بکات."
تورکیا کە بەردەوام نیگەرانی لەمەڕ هەبوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەناو خاکی عێراقدا دەربڕیوە لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەیدا بۆ عێراق ئەم بابەتەشی لەگەڵ عێراقییەکاندا تاوتوێ کردووە. ڕۆژی سێشەممە پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە عێراق کرد پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەد بکات.
فیدان لە یەکەم سەردانی فەرمیدا بۆ عێراق بە کاربەدەستانی گوت " ڕێگە مەدەن دوژمنی هاوبەشمان، ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان تێکبدات."
لە کاتێکدا بەغدا زۆرجار گلەیی ئەوەی هەبووە کە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیە و هەرێمی کوردستانیش نیگەرانی لەمبارەیەوە دەربڕیوە، فیدان چالاکییەکانی پەکەکەی لەوێ بە "تەحەدایەک دژی سەروەری عێراق" وەسفکرد.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا وەکو پێشەکییەک بۆ سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دادەنرێت و پێشبینی دەکرێت پرسی پەکەکە لەو سەردانەی ئەردۆغاندا زیاتر بێتە ئاراوە.
بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە فیدان بچێتە هەرێمی کوردستان و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا کۆببێتەوە.