تاڵیبان ڕەتیدەکاتەوە دەستوەردان لە کاروباری ڕێکخراوە مرۆییەکاندا بکات لەکاتێکدا هەڕەشەی دەستگیرکردن لە کارمەندە ژنەکان دەکات

کەناڵی تۆلۆ نیوزی ئەفغانستان چواری مانگی نۆ لە زاری زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبانەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان تەنها گەرەنتی ئاسایشی ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان دەستەبەر دەکات و دەستوەردان لە کاروبارەکانیاندا ناکات. ئەم لێدوانە لە وەڵامی پەرەسەندنی ئەو ڕەخنانە هات کە تاڵیبان بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ڕێگری لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ ئەفغانییە هەژارەکان.

وتەبێژی تاڵیبان گوتی "میرنشینی ئیسلامی ئەفغانستان دەستوەردان لە کاروباری هیچ دامەزراوەیەک بۆ پەکخستنی کارەکانیان ناکات. ئێمە و سوپاکەمان پابەندین بە گەرەنتی ئاسایشی ئەوان، ئەمە درۆیە."

لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان لە مانگی هەشتی 2021، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە فریاگوزارییەکان چەندین ڕووداویان ڕاگەیاندووە کە تێیدا بەرپرسانی تاڵیبان دەستوەردانیان لە دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لەو وڵاتەدا کردووە.

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) لە ڕاپۆرتی 17ی مانگی هەشتدا ڕایگەیاندووە، هاوبەشە هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان تەنیا لە مانگی حەوتدا لانیکەم 150 ڕووداویان تۆمارکردووە. پێنج لەم ڕووداوانە "لەلایەن حکومەتی دیفاکتۆ (DfA) و هێزە چەکدارەکانەوە بووە واتە حکومەت و سەربازی تاڵیبان".

ئۆچا ڕایگەیاند، ڕووداوەکان بریتین لە "گرتن و دەستبەسەرکردنی 7 ئەندام و ستافی ڕێکخراوەکان و زیانگەیاندن بە 8 دامەزراوە"، کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی 56 بەرنامەی هاوکاری لە مانگی حەوتدا.

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری لە ئەفغانستان (یونامی) لە ڕاپۆرتی مانگی پێج و شەشیدا باس لە خراپبوونی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد لە 1ی مانگی پێنجی 2023، دوو کارمەندی ژنی ئەفغانی لە ڕێکخراوێکی ناحکومی نێودەوڵەتی لەلایەن پۆلیسی تاڵیبانەوە دەستگیرکران بەهۆی ئەوەی بەبێ مەحرەم (سەرپەرشتیاری پیاو) گەشتیان کردووە، لە 3ی مانگی شەشدا، هەواڵگریی تاڵیبان مامانێکی دەستگیرکرد لەکاتی ڕۆشتنی بۆ شوێنی کارەکەی. دەوترێت هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە و لە ئەنجامدا وازی لە کارەکەی هێناوە.

ئەم جۆرە ڕووداوانە بەشێکن لەو ڕێوشوێنانەی کە ڕێگری لە توانای دەزگاکانی فریاگوزاری دەکەن بۆ کارکردن لە ئەفغانستان، لە کاتێکدا نزیکی 29.9 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

لە 24ی مانگی دوازدەی 2022، تاڵیبان کارکردنی ژنانیان لە ڕێکخراوەکانی هاوکاری لە ئەفغانستان قەدەغە کرد. لە فەرمانەکەدا هاتووە کە هەر ڕێکخراوێک ژنان لە ئەفغانستان دابمەزرێنێت، مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە. ئەم فەرمانە توانای ڕێکخراوە فریاگوزارییەکانی بۆ بەکارهێنانی هێزی کار خستە مەترسییەوە.

لە ڕاپۆرتێکدا ئۆچا لە مانگی هەشتدا ڕایگەیاند، "قەدەغەکردنی کارمەندانی ژنان لە ڕێکخراوە مرۆییەکان کاریگەری لەسەر گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان دەبێت بۆ ژنان و منداڵان".