شێوازی سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێم دەکەوێتە سەر ئەوەی لە کام لایەنی کوردی دەپرسیت

بۆردومانەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان لایەنە عێراقی و کوردییەکانی بۆ سەر دوو بەرەی جیاواز دابەشکردووە؛ بەشێکیان بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگ و بەرامبەر هێرشەکانی ئێران توندن، لەکاتێکدا بەشەکەی تریان بەرامبەر تورکیا هەڵوێستدار و بەرامبەر ئێران نەرمترن.

لایەنە شیعییە عێراقییەکان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەڵوێستی توندیان بەرامبەر هێرشەکەی ڕۆژی 18 ی ئەم مانگەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەربەت نیشاندا، کە گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کارمەندی دەزگا ئەمنییەکانی لێکەوتەوە. بەڵام لایەنە سونەکانی عێراق بێدەنگییان هەڵبژاردن و هەڵوێستی بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە "لاواز" لێیڕوانرا.

ئەوەش لەکاتێکدایە لایەنە شیعەکانی عێراق لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نەک بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بەڵکو هێزە چەکدارەکانی سەر بەو لایەنانە بە جێبەجێکاری ئەجێندای ئێران و دەستهەبوون لە ئەنجامدانی هێرشەکانیش تۆمەتبار کران.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سونەکانی عێراق لەگەڵ تورکیان و شیعەکانیش لەگەڵ ئێرانن، بۆیە شیعە بەرامبەر هێرشی ئێران بێدەنگ و سونەش بەرامبەر هێرشی تورکیا کاردانەوەی نییە."

ئەو وتیشی،"لە عێراقدا دەوڵەت و سیاسەتی یەکگرتوو بوونی نییە، بۆیە کورد و سونە و شیعە هەریەکەو سیاسەت و هەڵوێستی جیاواز و تایبەت بەخۆی هەیە."

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی تیمی ئەو حزبە لە حکومەتی هەرێم، بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی ڕۆژی 18 ی ئەم مانگەی تورکیایان بۆ سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەرەبەت کرد. ئەوام هێرشەکانیان بە هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان لێکدایەوە و داواشیان لە حکومەتی عێراق کرد سنورێک بۆ پێشێلکارییەکان دابنێت.

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکێتی ئیدانەی هەر دەستدرێژییەکی تورکیا دەکات. ئەمە پێشێلکردنی سەروەری عێراقەو پێویستە عێراق بێتە دەنگ."

ئەو وتیشی، "هەر هێز و لایەنێک پاساو بۆ هێرشەکانی تورکیا بهێنێتەوە، ئەوە خۆ فرۆشی و خاکفرۆشییە."

لە بارەی ئەو ڕەخنانەی لە یەکێتی دەگیرێن بەوەی بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم نەرمترن بەراورد بە تورکیا، زیاد جەبار دەڵێت،" هەر لایەنێک دەستدرێژی کردبێت، یەکێتی هەڵوێستی هەبووە و بێدەنگ نەبووە."

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فرۆکەخانەی عەربەت نەبووە. لەکاتێکدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا، وێڕای سەرکۆنە کردنی هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەری خاکی هەرێم و عێراق، بەڵام داوایکرد لێکۆڵینەوە بکرێت بۆ دیاریکردنی "هۆکاری" ڕووداوەکە و "ئاشکراکردنی ڕاستییەکان."

یادگار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، لە بارەی هۆکاری "هەڵوێست لاوازی" بەرپرسانی حزبەکەی لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەیانجار هاوار کراوە کاکە با دەستدرێژییەکان ڕابگیرێن، هێرشەکانی سەر هەرێم پێشێلکاری سەروەری عێراقن، بەڵام ئیدانە سودی نەماوە."

هەروەها وتیشی، "مامەڵەی عێراق بەرامبەر دەستدرێژییەکانی سەر هەرێم مامەڵەی دوو فاقی و بانێکە و دوو هەوایە. عێراق هەڵوێستێکی یەکلایی کەرەوەی بەرامبەر پێشێلکارییەکان نییە."

لایەنە شیعەکانی عێراق کە بەنزیکایەتی ئێران دادەنرێن، نەک هەڵوێستییان بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم نییە، بەڵکو بیانوو بۆ هێرشەکانیش دەهێننەوە. وەکچۆن سونەکانی عێراقیش کە بەشێکی زۆریان لەبەرەی تورکیا هەژمارد دەکرێن، هۆکاری هێرشەکانی تورکیا بۆ جم و جۆڵی پەکەکە دەگێڕنەوە.

مەحمود زەیدان، کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونە و ڕاوێژکاری پێشووی سەلیم جبوری سەرۆکی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە هەمیشە دەڵێین، دەستدرێژییەکان کاردانەوەن بۆ بوونی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەرێم. پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێم سنورەکان کۆنترۆڵ بکەن، تا دەستدرێژی دوولایەنە ڕوونەدات. بەڵام هێرشەکان دەستدرێژین بۆ سەر سەروەری عێراق."

هاوکات محەمەد حسام حوسەینی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، ڕەتیکردەوە ئەوان بێدەنگیان بەرامبەر هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی عێراق کردبێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەری و خاکی عێراق ڕەتدەکەینەوە. هەڵوێستەکانمان ئاشکران و دەستدرێژییەکانمان ڕەتکردووەتەوە لەهەر لایەکەوە بووبێت."

ئەو وتیشی، "زۆرجار دەستدرێژی دەکرێت و لایەنی دەستدرێژیکار دانی پێدا دەنێت. هەندێکجاریش دەستدرێژییەکان لەلایەنی نادیارەوە ئەنجام دەدرێن. ئێمە دژی هەموو دەستدرێژییەکان هەڵوێستمان هەبووە."

بە بڕوای مەحمود عوسمان، کاریگەری وڵاتانی هەرێمایەتی بەسەر لایەنە عێراقییەکانەوە تەنها گوتار جیایی دروست نەکردووە، بەڵکو بووەتە هۆی خوڵقاندنی کێشەی سیاسی گەورەش لەناوخۆی عێراق دا، بە جۆرێک لایەنەکان نەتوانن لە پرسە نیشتمانییەکانیشدا هاوهەڵوێست بن.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر