بەرەبەیانی چوارشەممە بە کاتی خۆجێی ئەفغانستان بومەلەرزەیەکی دیکەی بەهێز لە ناوچەیەکی ڕۆژئاوای ئەفغانستانی داوە و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ هەواڵێک سەبارەت بە زیانەکانی بڵاونەکراوەتەوە.
بەپێی دەزگای چاودێری جیولۆجی ئەمەریکا USGS ، بومەلەرزەکە لە کاتژمێر 5:10 بەرەبەیان بە کاتی خۆجێی و بە هێزی 6.3 بە پێوەری ڕێختەر و لە قوڵایی 10 کیلۆمەتر لە ناوچەیەکی داوە کە نزیکەی 28 کیلۆمەتر لە باکوری شاری هیراتەوە دورە.
ڕۆژی شەممەش بومەلەرزەیەکی بە هەمان هێز لە باکوری شاری هیراتی دا و بەهۆیەوە زیاتر لە 2 هەزار کەس گیانیان لەدەست دا و بە هەزارانی دیکەش برینداربوون. هەروەها زیانی ماددی زۆریشی بەو ناوچە هەژارەی ئەفغانستان گەیاند.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند بومەلەرزەکەی ڕۆژی شەممە کاری کردووەتە سەر نزیکەی 1700 خێزان و کۆی گشتییان نزیکەی 12 هەزار کەسە. هەروەها وتیشی ماڵەکانی 11 گوند لە ناوچەی زیندە جان لە هیرات بە تەواوی وێرانبوون.