نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی جەخت لەسەر نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکەنەوە دوای کۆنگرەی یەکێتی

نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە دیداری میری

هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە هەولێر ئاماژەیان بەوە کرد، کۆنگرەی یەکێتی کە کۆتایی مانگی ڕابردوو ئەنجامدرا ئەگەری نزیکبوونەوەی زیاتری لە نێوان یەکێتی و پارتی هێناوەتە ئاراوە.

وتەکانی نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە میانەی بەشدارییان بوو لە دیداری ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) کە ڕۆژانی 10 و 11ی ئەم مانگە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە یەکەم ڕۆژی دیدارەکەدا، دوێنێ، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "دەمەوێت بڵێم زۆر جار نیگەرانییەکی گەورە هەیە لەسەر ئەوەی ئایا پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی ئەوەندە خراپە کێشەی گەورەی لێبکەوێتەوە؟ من دەڵێم نا، وانییە، ئەوەندە خراپ نییە کە ئێمە نەتوانین چارەسەری بکەین. ئەگەر بێینەوە سەر بارودۆخی ئێستا، من پێموایە ئێستا لە کوردستان بە تایبەت دوای خوالێخۆشبوو مام جەلال، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ماوەیەکی گوزەراندا تێدەپەڕی...ئێستا ئێمە ئەوەی هەستی پێدەکەین لە ناوی یەکێتی جێگیربوونێکی سیاسی دروستبووە بەتایبەتی دوای ئەو کۆنگرەیەی کە یەکێتی کردی. ئێمە زۆر بە هیواوە لە ئایندەیەکی باشتر بۆ پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی دەڕوانین."

نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی وتەکانیدا جەختی کردەوە لەسەر گرنگی دۆزینەوەی "تێگەیشتنێکی هاوبەش" لە نێوان هەردوو حزبی دەستەڵاتداری هەرێم، چونکە "هەم یەکێتی درکی بەوە کردووە کە دەبێت لەگەڵ پارتی ئیش بکات و هەم پارتی درکی بەوە کردووە کە دەبێت لەگەڵ یەکێتی ئیش بکات."

بافڵ تاڵەبانی لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەی پێنجهەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە 27ی مانگی ڕابردوو لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرایەوە.

ئەمەش ببینە بافڵ تاڵەبانی لە پێنجهەمین کۆنگرەی یەکێتیدا بە سەرۆکی حزبەکە هەڵدەبژێردرێتەوە

ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی بەشداریکردنی لە دیداری مێریدا، بافڵ تاڵەبانی وتی دوای کۆنگرە لەگەڵ هاوکارانی لە ناو یەکێتی کاردەکات بۆ داڕشتنی "پلانێکی پێنج ساڵی" بۆ "بەهێزکردنی" ئازادی بیروڕا و سەربەخۆیی دادوەری و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و ژنان لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی یەکێتی سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە وتیشی، "دڵنیابە ئەمە بە یەکێتی ناکرێت بە تەنها، ئەمە لە ڕێگەی حکومەتەوە دەکرێت...ئێمە پێویستمان بە هاوبەشێکە کە هاوڕابێت لەگەڵمان و بەیەکەوە بەرنامەیەکی جوان دابنێین، وە پێشموایە دەتوانین ئەوە بکەین چونکە لایەنەکانی تری کوردستان هەموویان خزمەتی خەڵکیان دەوێت."

بافڵ تاڵەبانی وتی، "ئێمە بەنیازین بە زووترین کات وەفدێک بنێرین بۆ هەموو لایەنەکانی کوردستان وە هەوڵێک بدەین بە بیروبۆچونێکی تازە بەرنامەی خۆمانیان بۆ شیدەکەینەوە. ئەوەی کە ڕوویداوە پێشتر ڕوویداوە و ئێمە هیچ حیسابی بۆ ناکەین. ئەمانەوێت جارێکی تر دەستپێبکەینەوە."

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە مانگی 12ی ساڵی 2019 کۆنگرەی چوارهەمی بەست و تێیدا هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردران. بەڵام دواتر بارودۆخی نێوخۆیی ئەو حزبە گۆڕانکاری بەسەردا هات و سەرکردەکانی دەڵێن سیستەمی هاوسەرۆکی شکستی هێنا و بافڵ تاڵەبانی بووە تاکە سەرۆک و لاهور شێخ جەنگی لە حزب دوور خراوەتەوە.

هاوکات لەگەڵ بەستنی کۆنگرەی پێنجهەم، لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەرپرسانی ئێستای یەکێتی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەیانەوێت بە بەستی کۆنگرە "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرەو لێکترازانێکی گەورە و هەژانێکی ناوخۆیی بەرن کە هەرگیزاو هەرگیز لە مێژووی یەکێتیدا کۆنگرەیەکی لەم جۆرە ئەنجام نەدراوە کە ‌‌حزبەکە بەرەو لەناوچوون و وێرانبوونی زیاتر بەرێت."

لاهوور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاند کە ئەو درێژە بە کاری سیاسی دەدات و بۆ هەڵبژاردن لیستی خۆی دەبێت.

هەروەها مەلا بەختیاریش بەشداری لە دوایین کۆنگرەی یەکێتیدا نەکرد و لە پەیامێکیدا وتی "ئۆباڵی نەچوونی من و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا بۆ کۆنگرە لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانییە،" و ڕاشیگەیاند، "ئەوانەی بوون بە ئەندامی کۆنگرە زۆربەیان دەستنیشانکراون و بە هەڵبژاردن نەچوونەتە کۆنگرە."