بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە سەردانی بەغدا بکات و لەوێ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێڕاقدا کۆببێتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکان وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم ئاوات شێخ جەناب سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکدا "سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئیختیارییە و نیشاندەری نیەتی جددی حکومەتی هەرێمە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر سەرجەم پرسە داراییەكان."
هەورامانی دەشڵێت مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم تیمەکەی ڕاسپاردووە "تەنانەت یەک پرسیاری بێ وەڵامیش نەهێڵنەوە و زۆر شەفافانە هاوکاربن. حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدراڵ، بە دوای چارەسەرێکی ڕیشەییەوەیە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتیانی كوردستان."
ڕۆژی چوارشەممە 11ی مانگی دە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو چەندین شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم. لە 14ی مانگی نۆ شارنێکی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای کرد. شاندە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، و پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دوای ئەو سەردانە حکومەتی عێراق بڕیاری دا مانگانە 700 ملیار قەرز بداتە حکومەتی هەرێم و هەرێمیش دەڵێت ئێمە داوای قەرزی شەش مانگمان کردووە.