کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان لە تورکیا ڕەتیدەکاتەوە سەرمایەدارەکانی یارمەتی دارایی حەماسیان دابێت

کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان لە تورکیا کە لە بواری کەرتی بیناسازی و خانووبەرە کاردەکات، ڕەتیکردەوە 3 لە خاوەن پشکەکانی یارمەتی دارایی حەماسیان دابێت، ئەمەش پاش ئەوەی ئەمەریکا سزای سەپاندە سەر ئەو 3 خاوەن پشکانە.

کۆمپانیای Trend GYO دەڵێت ئەو بە سەرمایەی بیانی دامەزراوە و کۆمپانیایەکی قازانجکەرە و بەردەوام لە ژێر چاودێری دەستەی بازاڕی سەرمایەی تورکیادایە کە بە شەفافییەت کاردەکات. دەشڵێت کۆمپانیاکەیان بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی لە هێچ ڕێکخراوێک ناکات.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی کۆمەڵێک سزای نوێی سەپاندە سەر حەماس وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو هێرشەی لە ڕۆژی 7 ی مانگی دە کردییە سەر ئیسرائیل.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت، کۆمپانیای Trend GYO بنکە لە تورکیا لە ساڵی 2022 وەوە بە شوێنێکی سەرەکی وەبەرهێنانی حەماس دادەنرێت و پێشتر بڕە پارەکەی لەو کۆمپانیایەدا بە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار مەزەندەدەکرا.

دەشڵێت ئەم کۆمپانیایە لە ئێستادا 3 بەشداری سەرەکی هەیە کە بریتین لە عەلائەدین سەنگولەر و گولشە یگیئۆغڵو و ئەروا مەنقوش، وە هەرسێکیان یارمەتی دارایی حەماسیان داوە و کەلوپەل و تەکنۆلۆژیایان بۆ حەماس دابینکردووە، بۆیە بەپێی فەرمانی ژمارە 13224 سزایان بەسەردا دەسپێنرێت.

ئەم سزایانەی ئەمەریکا کاریگەری گەورەیان لەسەر ئەو کۆمپانیایە دەبێت.

سەرچاوە: بەشێک لە زانیارییەکان لە ڕۆیتەرزەوە وەرگیراون.