سەرکردەیەکی عەرەبی سوننە: لەسەر کاندیدێک بۆ جێگرەوەی حەلبوسی ڕێککەوتن نەبوو بۆیە سەرۆکی پەرلەمان هەڵنەبژێردرا

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دواخست، بەمەش تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەی 6 مانگ درێژکرایەوە و بوار درایە عەرەبی سوننە تا لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕێکبکەوێت.

رۆژی چوارشەمە، 2023-11-22، پەرلەمانی عێراق کۆبوویەوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و "کردنەوەی دەرگا" بەڕووی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە جێگەی محەمەد حەلبوسی.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران خرایە دەنگدانەوە و بە دەنگی پەرلەمانتاران دواخرا بۆ کاتێکی تر."

بڕیارە لە ڕۆژی 18ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕۆژی 7 ی مانگی 1 ی ساڵی 2024 کۆتایی دێت.

لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2019 هەموارکردەوە و تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بۆ ماوەی 6 مانگ درێژکردەوە.

دارا سێکانی وتی، بەپێی یاسای هەموارکراوەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەغدا ناچار کرا خەرجی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 25 ی مانگی 2 ی ساڵی 2024 ی وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە. بەهۆی کۆتایی هاتنی تەمەنی یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمەوە، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سپێردراوە.

دارا سێکانیانی ڕایگەیاند، "لە نێو یاساکەدا ئەو بڕگەیەی تێدایە، پێویستە حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی دارایی و پێداویستی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان دابین بکات."

ڕۆژی 14 ی مانگی 11 ی 2023، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پۆستەکەی ڕاگەیاند لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار لەیس دلێمی، کە حەلبوسی تۆمەتبارکردبوو بە ساختەکردنی داوای دەست لەکارکێشانەوەکەی.

دوای تێپەڕبوونی 9 ڕۆژ بەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و لابردنی حەلبوسی لە پۆستەکەی، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەمەدا نەیتوانی جێگرەوەی حەلبوسی هەڵبژێرێت، بەو پێیەی سوننەکان لەسەر کاندیدێک ڕێکنەکەوتبوون.

ئیسماعیل حەدیدی، کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بۆیە دانیشتنی پەرلەمان دواخرا و سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵنەبژێردرا، چونکە عەرەبی سوننە ڕێککەوتنیان نەبوو لەسەر کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە. بڕیارە ڕێککەوتنی ناوخۆیی لەناو عەرەبی سوننە ئەنجام بدرێت و کەسێک کاندید بکرێت."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر