بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لایەنە کوردییەکان لە کەرکوک 7 کورسییان بەدەستهێناوە لە کاتێکدا لایەنی عەرەبی 6 کورسی و بەرەی تورکمانی 2 کورسی لە کۆی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.
ئەنجامە بەراییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات لەو حەوت کورسییەی لە کەرکوک بەر کورد دەکەوێت، پێنج کورسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دوو کورسیش پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەستیهێناوە. هەروەها شەش کورسییەکەی پێکهاتەی عەرەبیش لە لایەن لیستی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرۆکایەتی ڕاکان جبوری، لیستی قیادە، بە سەرۆکایەتی محمەد تەمیمی وەزیری پلاندانانی عێراق و لیستی عروبە بە سەرۆکایەتی وەسفی عاسی پەرلەمانتاری عێراق بەدەستهێنراون.
دوو کورسییەکەی پێکهاتەی تورکمانیش لەلایەن لیستی بەرەی تورکومانییەوە بەدەستهێنراون، کە ئەم لیستە 9 حزبی تورکمانی لەخۆدەگرێت.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە ئەمە یەکەم جارە عەرەب و تورکمان پێکەوە ژمارەی کورسییەکانیان لەلایەنی کوردی زیاتربێت بەتایبەت لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا لایەنە کوردییەکان 26 کورسییان لە کۆی 41 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە هەبوو.
هەروەها لە هەڵبژاردنی مانگی 10ی ساڵی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کورد شەش کورسی و عەرەب و تورکمانیش پێکەوە 6 کورسی پەرلەمانی عێراقیان لە پشکی کەرکوک بەدەستهێنابوو.