Accessibility links

هەڵبژاردنەکان تا چەندێک خەونی دیموکراتی لە عێراقدا دێنێتە دی؟!


هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە نێوەندی ململانێی قورس و ئاڵۆزی نێوان هێزە باوە سیاسییەکان و ئەو هێزە نوێیانەدایە کە دەیانەوێت هەر هیچ نەبێت گۆڕانکارییەک بێننە ئاراوە لە هاوکێشەکانی وڵاتەکەدا.

مونتەزیر ناسر، سەرنوسەری ماڵپەڕی ئەلعالم الجدید، دەڵێت "بەداخەوە هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا، ئەو گۆڕانکاریانەی چاوەڕوان دەکرێن و سەرەکیین، ناهێننە ئاراوە چونکە هەروادێ و ژمارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا کەم دەبنەوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ کاڵبوونەوەی بڕوا و متمانە بە هەڵبژاردنەکان بە گشتی لەوەی بتوانن بەرەنجامێکی ئەرێنییان هەبێت بۆ هاووڵاتیان."

بەڕێز ناسر، ئاماژەش بەوە دەکات هۆکارەکانی دڵساردبوونەوەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان زۆرن، وەک دەڵێت "هۆکاریش زۆرن بۆ ئەو کەمی بەشداریکردنە کە هێشتا لە هزری خەڵکدا بوونیان هەیە، لەوانە خزم خزمێنە، کەم ئەزمونیی، کەموکوڕیی و کەمتەرخەمی لە بواری بەڕێوەبردن و تەگەرەکانی دەخرانە بەردەم پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و هەروەهاش ئەو پارە کێشانەوانەی پێشتر لە ئەنجومەنەکانی پارێزگاکاندا هەبوون. بێگومان ئاوەها ڕەوشێک کاریگەری نەرێنی دەبێت بەسەر سیستەمی ئێستای سیاسی وڵاتەکەوە. و هەر بۆیەشە ناتوانرێت حکومەتە خۆجێیەکان وەک نوێنەرایەتییەکی تەواوەتی هاووڵاتیان دابنرێن."

مونتەزیر ناسر
مونتەزیر ناسر

مونتەزیر ناسر، نکوڵی ناکات لەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان گرنگن بۆ لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکە، بەڵام هاووڵاتیانی عێراقیی بەو گرنگییەوە لێی ناڕوانن، وەک بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەم هەڵبژاردنانە، گرنگییەکی دەستوری و یاساییان هەن بۆ لایەنە سیاسییەکانی دەیانەوێت خۆیان ڕێکبخەنەوە لە ڕووی سیاسی و داراییەوە و سود وەربگرن لە ژمارەیەکی زیاتری ئەو پڕۆژانەی لە بودجەی گشتی وڵاتدا خەرجییان بۆ دابین کراوە. بەڵام بۆ هاووڵاتیانی عێراقی گرنگییەکی ئەوتۆی نییە چونکە هاووڵاتیان نوێنەرانی خۆیانیان تیادا نابینن و گەشبینیش نین، وەک بڵێی دەزانن کە دوای ئەم هەڵبژاردنەش جارێکی تریش جۆرێک لە ناسەقامگیریی سیاسی دروست دەبێت لەناو پارێزگاکاندا و ئەزموونەکانی ساڵانی ڕابردووش وەهایان کردووە هاووڵاتیان بزانن ئەو ناسەقامگیرییە چ جۆرە کاریگەرییەکی نەرێنی دەکاتە سەر ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەی هاووڵاتیان پێویستیانە."

عەلی عەباس، چالاکوان لە ڕێکخراوی نوێبوونەوەی پەرەپێدانی کۆمەڵگە، لەوبڕوایەدایە ژمارەیەک هۆکار هەن بۆ کەمبوونەوەی متمانەی هاووڵاتیانی عێراق بە ئەنجومەنی پارێزگاکان و یەکێک لەوانە سەرنەگرتنی هەوڵەکان بووە بۆ باشتر کردنی کار و ئەرکەکانی ئەنجومەنە خۆجێیەکان و دەشڵێت "ئێستا پرسە گەورەکە لەوەدایە، چۆن بتوانرێت ڕۆڵی دەستەبژێری ڕۆشنبیران و دەزگاکانی میدیا و ڕێکخراوە سیڤیلییەکان کارا بکرێن و بتوانن فشار بخەنە سەر ئەنجومەنی پارێزگاکان تا خزمەتگوزارییەکی باشتر بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن."

لە ساڵی 2019دا شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی لە عێراق دەستیپێکرد و خۆپیشاندانەکانیش حکومەتەکەی ئەو کاتەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدییان ناچار کرد دەست لە کار بکشێنێتەوە.

عەلی عەباس
عەلی عەباس

وەک بەڕێز عەباس دەڵێت "هێشتاش داواکارییەکانی تشرینییەکان ڕەوایی خۆیان هەن و دەکرێت هەر هیچ نەبێت بەشێک لەو داواکاریانە لە ڕێی ئەنجومەنەکانی پارێزگاکانەوە بەجێبگەیەندرێن وەک ئەوەی ڕۆڵی ئەنجومەنەکان کارا بکرێن و بتوانن کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەکان دەستنیشان بکرێن، گەندەڵکاران ئاشکرا بکرێن و ڕێگەیش بگیرێت لە پەرەسەندنی زیاتری گەندەڵیی و هەروەهاش جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی لە پارێزگاکانی عێراقدا ڕاگیراون."

مونتەزیر ناسر دەڵێت "بەڵێ، تشرینییەکان توانییان کارەکانی ئەم ئەنجومەنانەی پارێزگاکان سڕ بکەن، بەڵام نەیانتوانی هەڵیانبووەشێننەوە، چونکە بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە دەستوردا جێگیرکراوە. تشرینییەکان بەشدارن لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵام پێناچێت بتوانن ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکان بەدەستبێنن چونکە هەڵبژاردنەکان بەپێی ئەو یاسایە دەکرێن کە خۆپیشاندەران پێشتر ڕەتیان کردبووەوە و هەر بۆیەشە ناکرێت چاوەڕوانی ئەو بەرەنجامە بین و بڵێین تشرینییەکان نوێنەرایەتییەکی بەرچاوی خۆیان دەبیننەوە لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا."

تشرینییەکان هەر لە سەرەتاوە داوایان دەکرد کە دەبێت هەڵبژاردنەکان لەسەر بنچینەی فرە بازنەیی بێت. هەڵبژارنەکەی ساڵی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فرە بازنەیی بوو بەڵام دواتر دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە پەشیمان بوونەوە و گەڕانەوە بۆ سەپاندنی یاسا کۆنەکەی هەڵبژاردن.
بەڕێز ناسر دەڵێت "ئێستا لە عێراقێکداین، ئەنجومەنی نوێنەرانەکەی لە دەنگدانێکی فرە بازنەییدا هەڵبژێردراوە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگاکان بە سیستەمی یەک بازنەیی هەڵدەبژێردرێت."

نکوڵی ناکرێت لەوەی هێشتاش هاووڵاتیانی عێراقی پشتیوانی لە تشرینییەکان دەکەن، هەربۆیەشە وەک عەلی عەباس، چالاکوان، ئاماژەی پێدەکات گەشبینە بەوەی تەنانەت نوێنەرانی تشرینییەکان دەنگیش بێنن، وەک دەڵێت "دەنگدەرانی عێراقی دەزانن نوێنەرانی تشرینییەکان، خەڵکی بێلایەنن و ئێران و تورکیا و وڵاتانی کەنداویش پشتیوانییان ناکەن و پێشتریش هیچ پۆستێکیان نەبووە و دەنگدەرانیش متمانەیان هەیە پێیان."

پەرەپێدان و جێگیرکردنی دیموکراتی خەونی عێراقییەکان بوو بەر لە ساڵی 2003 و ڕوخاندنی ڕژێمەدیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین.

یەکێک لە کۆڵەکەکانی جێگیرکردنی دیموکراتی لەو وڵاتەدا، هێنانە ئارای پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕەوا و ئازاد بوو.
لە ساڵی 2005دا هەڵبژاردن لە عێراق دەستیپێکرد، بەڵام ئەوەی تا چەندێک ئازاد و ڕەوا بوون! هەمیشە جێی پرسیاری هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بووە، بەم هەڵبژاردنەشەوە کە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێت.

تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت وەک زۆرێک لە عێراقییەکان خۆیان دەڵێن "هەڵبژاردنەکان نەیانتوانیوە خەونەکەیان بێنێتە دی بۆ جێگیرکردنی ئەو دیموکراتییەی خواستی لە مێژینەیان بووە." ئەڵبەت ئەم ڕوانینەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە وەک دەڵێن هەڵبژاردنەکان نەبوونەتە مایەی گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە سیستەمی سیاسی و فەرمانڕەوایەتی و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا.
هەرچۆنێک بێت، عێراقییەکان لەم دواترین هەڵبژاردنەی ڕۆژی دووشەممە 18 مانگی 12دا دەنگیان داوە بۆ دەستنیشاکردنی نوێنەرانی خۆیان لە ئەنجومەنەکانی پارێزگاکانیاندا.
بەپێی دەستوری عێراق کە لە ساڵی 2005دا پەسەند کرا، دەنگدەران ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەبژێرن. ئەم ئەنجومەنەش وەک لە دەستوردا هاتووە، دەسەڵاتێکی گەورەی یاسایی و جێبەجێکردنیشی هەیە و لەژێر فرمان و سەرپەرشتی هیچ وەزارەتێکدا نابێت و سیستەمێکی سەربەخۆی دارایی هەیە و دەتوانێت ئەژماری دارایی بۆ زۆرێک لە بوارەکان دابنێت، وەک پەروەردە و تەندروستی، هەروەها ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتی دانان و لادانی پارێزگاریشی هەیە، وەک چۆن دەسەڵاتی چاودێریکردنی کاروبارەکانی ئەو دامەزراوانەیشی لە ئەستۆیە کە سەر بە وەزارەتەکانی حکومەتی نێوەندین لە بەغدا.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، نزیکەی 16 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا و 7766 بنکەی دەنگدانیش لە سەرانسەری عێراقدا دانروان. سەدان هەزار چاودێری نێونەتەوەیی و خۆجێیی و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، پێکڕا چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

بڕیارە کۆمیسیۆن ڕۆژی سێشەممە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت.


XS
SM
MD
LG