سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات لە بەرامبەر هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا و دەڵێت ئەوان ئامادەن بۆ "شەهیدبوون."
ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی شاری بەغدا و لە ئەنجامدا سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی و پاسەوانێکی کوژران و بە لایەنی کەمەوە حەوت ئەندامی گرووپەکە برینداربوون.
حاجی ئەبو مونتەزەر، سەرکردە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە، لە کاردانەوە بۆ ڕووداوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێزەکانی موقاوەمەی ئیسلامی وەڵامییان بۆ هێرشەکەی ئەمڕۆی بەغدا دەبێت."
ئەو سەرکردەیە کە پێشتر ئەندامی گرووپی بەدر بووە ئەمەریکای بەوە تۆمەتبارکرد دژایەتی بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەکات و وتی "سەرکردەکانمان ئامادەن بۆ شەهیدبوون."
ئەو سەرکردەیەی حەشدی شەعبی کە لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا کوژراوە ناوی موشتاق تاڵیب ئەلسەیدی یە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی لیوای 12ی حەشدی شەعبی بووە. لە ناو ڕیزەکانی گرووپەکە بە ئەبو تەقوا ناسراوە.
ئەبو تەقوا یەکێکە لە فەرماندە باڵاکانی کەتیبەکانی نوجەبای سەربە حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئەمەریکاوە تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشی سەربە بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا.
بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە هێرشەکەی ئەمەریکا ئۆتۆمبێلێکی کردۆتە ئامانج.
سەرچاوەیەکی سەربازی ئاگادار لە دووز کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ئاماژەی دا بەوەی دوای هیرشەکە حەشدی شەعبی بەشێکی زۆری بنکە و بارەگاکانی چۆڵکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هیرشی زیاتری ئەمەریکا بۆ سەریان.
بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە ڕۆژی 17 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ەوە، 115 هێرش کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا، کە میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.
پێشتر بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشداریان داوەتە بەرپرسانی عێراق و داوای ڕاگرتنی ئەو هێرشانەیان کردووە کە دەکرێنە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە عەینولئەسەدی پارێزگای ئەنبار و فڕۆکەخانەی هەریری هەولێر.
حەمدی گلی، عەمیدی سەربازی خانەنیشین و شارەزای بواری سەربازی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "فەرماندەکانی حەشدی شەعبی جوڵێنەری هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکان، بۆیە هێرشەکەی ئەمڕۆی ئەمەریکا و کوژرانی فەرماندە باڵاکەی حەشد پەیامێکە بۆ سەرکردەی گروپەکان و ئێرانیش، تا دەستبەرداری ئەو ستراتیژییەتە بن کە ماوەیەکە دەستیان داوەتێ."
ئەو وتیشی، "هێرشەکەی ئەمڕۆی ئەمەریکا پەیامە بۆ هەموو سەرکردە شیعەکان بەوەی چیتر ئەمەریکا دەستەوەستان نابێت بەرامبەر بەو هێرشانەی دەکرێنە سەری."
ئەبو مونتەزری فەرماندەی حەشدی شەعبی هێرشی ئەمڕۆی ئەمەریکا بۆ سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبی بە بیانووی بۆردومانکردنی بنکە سەربازییەکانیان لەلایەن موقاوەمەوەی ئیسلامییەوە بە "پاساوێکی لاواز" ناودەبات.
بەڵام حەمدی گلی شارەزای بواری سەربازی پێیوایە، چیتر ئەمەریکا دەستەوەستان نابێت بەرامبەر هێرشی سەر بنکەکانی، بەو پێیەی لە ڕێککەوتنی نێوانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق مافی بەرگری کردنی لە هێزەکانی چەسپێنراوە.
حەمدی گلی دەڵێت، "ئەمەریکا ڕژێمی بەعسی ڕووخاند و ئومێدی ئەوەی هەبوو عێراق بکاتە وڵاتێکی دیموکراسی، بۆیە نیگەرانە لەوەی بەرپرسانی عێراق کار بۆ ئەجێندای ئێران دەکەن و دژایەتی دەکەن."
هێرشەکەی ئەمڕۆ کاردانەوەی بەرپرسانی عێراقی لێکەوتەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و وتەبێژێک بە ناوی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیار زانی بەرامبەر بە هێرشەکە.
هاوکات لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، هێرشەکەی بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق ناوبرد، ئاماژەی بەوەکرد هێرشەکە دەبێتە هۆی تێکدانی هەلی ئاشتی و سەقامگیری لەناوچەکەدا.
حەمدی گلی دەڵێت، "حکومەتی عێراق لاوازە. دەوڵەتی قوڵ لە نێو دەوڵەتی عێراق دا دروستبووە کە سەر بە ئێرانە، سودانی گیرۆدە بووە و ناتوانێت باڵانس لە نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕابگرێت."
دوێنێش لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ساڵەح موتڵەگ جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی حکومەتی عێراق ناتوانێت هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر هەولێرو بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا ڕابگرێت "چونکە نایەوێت بچێتە شەڕەوە لەگەڵ ئەو گروپانە."
Your browser doesn’t support HTML5