جێگری نوێنەری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ چوار زیندانیی سیاسی کورد شەرمەزار کرد و گوتی " کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە کەڵک وەرگرتن لە دانپێدانانی زۆرەملێ و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئۆپۆزسیۆن."
ئەبرام پیلی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی " ئێمە سەرکۆنەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ وەفا ئازەربار، محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی، پژمان فاتحی و موحسین مەزلوم چوار زیندانی سیاسی کورد دەکەین".
ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە دەشڵێت " حکومەتی ئێران بەردەوامە لە بەکارهێنانی تۆمەتی ساختە، دانپێدانانی زۆرەملێ و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە بۆ بێدەنگکردنی نەیارانی سیاسی و خۆپیشاندەران."
ئەبرام پیلی داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە " هەموو زیندانیانی سیاسی کە بە ناڕەوا دەستبەسەر کراون ئازاد بکات و کۆتایی بە ستەم و چەوساندنەوەی خەڵکی وڵاتەکەی بهێنێت. "
ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بڵاویانکردوەتەوە پژمان فاتحی، موحسین مەزلوم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار کە سزای لەسێدارەدانیان لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاسترکراوەتەوە، ژیانیان لەمەترسیدایە.
ئەمەش ببینە
چوار زیندانی سیاسی کورد مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرەئەو چوار زیندانییە سیاسییە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانن کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ دەستبەسەرکران و نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لە دادگایەکدا بە تۆمەتی " موحاریبە " و " سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل " سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ بە ئاماژەدان بە هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی حکومەت بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی دەڵێن ژیانی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە لە ئێستادا ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی بوونەتەوە.