وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، "گفتوگۆی جدیی" لەگەڵ کردن لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێم و هێرشە درۆنییەکانی سەر شاری هەولێر.
ڕۆژی شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر حەکیم سەردانی شاری بەغدای کرد، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژ لەبەغدا مایەوە و لەگەڵ زۆربەی لایەنە عێراقییەکاندا کۆبووەوە.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کاریگەری زۆر ئەرێنی هەبوو، چونکە زۆر ڕاشکاوانە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و لایەنە سیاسییەکاندا گفتوگۆیکرد. بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش بۆ ناردنی 618 ملیار دینار بۆ هەرێم بڕیارێکە هەموو وەزیرەکانی عێراق بەشداربوون تێیدا و دیدارەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنەکان پشتیوانی وەزیرەکانی بۆ هەنگاوەکەی شیعە سودانی بەدەستهێنا."
ئەو وتیشی، "سەرۆکی هەرێم خراپی دۆخی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستانی بۆ هەموو لایەنەکان ڕوونکردەوە، بە بەرپرسیارێتی نیشتمانیی هەموو لایەنەکانی زانی هەتا وەکو هاووڵاتی عێراقی لە مووچە خۆرانی هەرێم بڕوانرێت. گفتوگۆکان زۆر جدی و یەکلایی کەرەوە بوون."
لەکۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بەکۆی دەنگی ئەندامەکانی، بڕیاردرا بە "پارەدارکردنی" هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2024 بە بڕی 619 ملیار و 587 ملیۆن دینار.
سەبارەت بەوەی تا چەند بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەیوەندی بەسەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو بۆ بەغدا، دڵشاد شەهاب دەڵێت، "دەمێکە گفتوگۆ و هاتوچۆی وەفدی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە ئارادایە، سەرۆکی هەرێمیش وەکو بەرپرسیاری یەکەم لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵی چاودێری دۆخەکە دەکات. سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم گرنگبوو، کاریگەری گەورەی لەسەر بڕیارەکەی حکومەتی ناوەندی هەبوو."
هەروەها وتیشی، "هەرێم یەک سیستەم و یەک حوکمڕانییە، سەرۆکی هەرێمیش کەسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و بابەت ئەوە نییە بە جیا سەیری هەنگاوەکان بکرێت، بەڵکو هەوڵەکان تەواوکەری یەکترین، بەڵام سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە بوو."
وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، پێویستە ناردنی ئەو بڕە پارە بۆ مانگەکانی تریش بەردەوام بێت، چونکە هێشتا یاسای بودجە هەموارنەکراوەتەوە و حکومەتی هەرێم و عێراق گفتوگۆ لەسەر پرۆژەی هەموارکردنەوەکە دەکەن، هەموو لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتیش "وەڵامدانەوەی باشیان" بۆ هەموارەکە هەیە.
دڵشاد شەهاب دەڵێت، "گەر لە مانگەکانی داهاتوودا ڕێککەوتن لەسەر هەمواری یاسای بودجە کرا و لەپەرلەمان تێپەڕێنرا دۆخەکە باشتریش دەبێت، گەر خوانەخواستە ئەم پرسە دوا بکەوێت، ئەم بڕە پارەیە قەرز و سلفە نییە، بەڵکو پشک و مافی هەرێمە لە بودجەی ناوەندی و بەردەوامیش دەبێت."
جەختیشیکردەوە، "دۆخی هەرێم باشتر دەبێت گەر یاساکە هەموار بکرێتەوە چونکە پشکی هەرێم زیاترە. هەرێم پشکی لەخەرجییەکانی سیادی و حاکیمە و پەرەپێدانی پارێزگاکانیش دەبێت. ئەولەویەت بۆ مووچەی مووچەخۆرانە، کە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەی ناوچەکانی تری عێراق بدرێت، هەموو لایەنەکان لەسەر ئەمە هاوڕابوون."
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنیدا لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر حەکیم کە زۆربەی سەرکردەکانی عێراق ئامادەیبوون، ڕایگەیاند، "نەبوونی مووچە و بودجە وایکردووە خەڵک و فەرمانبەرانی هەرێم لە دۆخێکی خراپدا بژین، ئەم کێشەیە کاریگەری خراپی لەسەر هەموو کەرتەکان هەبووە و پێویستە بەزوویی چارەسەر بکرێت."
وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، سەرۆکی هەرێم بانگهێشتکرابوو بۆ ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر حەکیم، بەڵام پێشتریش پلانی هەبووە بۆ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم سەردانی بەغدا بکات.
دڵشاد شەهاب وتی، "سەرۆکی هەرێم گەر تەنها بۆ یادەکە چووبا، مەراسیمەکە کاتژمێرێک بوو، دەیتوانی دواتر بگەڕێتەوە، بەڵام لەبەغدا مایەوە و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیشدا گفتوگۆی کرد."
لە مانگی 10ی ساڵی 2023ەوە، شاری هەولێر لەلایەن گروپە میلیشیا شیعەکانەوە کە ناوی "بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی"یان لەخۆیان ناوە، بەردەوام دەکرێتە ئامانج ولە ڕێگەی درۆنەوە موشەک باران دەکرێت، بە بیانووی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەریر.
لەوبارەیەوە، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و ئەو هێرشەی کرایە سەر بارەگایەکی پێشمەرگەش کە نزیک نەبوو لە هێزەکانی هاوپەیمانانەوە، یەکێکبوو لەو بابەتانەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنی عێراقی هەڵوەستەی جدی لەسەر کرد. سەرۆکی هەرێم بەهەموو لایەنە عێراقییەکانی وت، ئەمە پێشێلکردنی دەستور و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان، چونکە چەندین گەشت بەهۆی هێرشەکانەوە ڕاگیراون، خەڵکێکی زۆر زەرەرمەندبووە."
دڵشاد شەهاب وتیشی، "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر یەکێکە لە دەروازە گرنگەکانی هەرێم بەڕووی دونیادا، ئەم فڕۆکەخانەیە لەڕووی پەسەندی نێودەوڵەتییەوە لە پێش هەموو فڕۆکەخانەکانی عێراقەوەیە، بۆیە دروستکردنی مەترسی لەسەری هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. بەڕاشکاوانە هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانە باسکرا، کە ناکرێت لایەنە فەرمییەکانی عێراق بێدەنگبن لەو هێرشانە."
دەربارەی وەڵامی لایەنە عێراقییەکان بۆ نیگەرانییەکانی هەرێم لەمەڕ هێرشەکانی سەر هەولێر، دڵشاد شەهاب وتی، "بابەتەکە بۆ هەندێک لایەن ڕوون نەبوو، بەڵام هەموو شتێکیان بۆ ڕوونکرایەوە، هیچ لایەنێک لەگەڵ هێرشەکان نەبوو، یاخود پشتگیری هەرێم بوون کە نابێت ڕێگە بەبەردەوامی هێرشەکان بدرێت، بەتایبەت کە هێرشەکان بۆ سەر شوێنی مەدەنی ئەنجامدراون و کراونەتە سەر پێشمەرگە، کە هێزێکی نیزامی دەستورییە."
لە ڕۆژی 30ی مانگی 12ی 2023، هێرشی درۆنی کرایە سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە پیرمام. شوێنی هێرشەکە چەند کیمەترێک لە بارەگای بارزانییەوە دووربوو.
وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە، ئەو هێرشە پێشێلکارییەکی گەورە و قەبوڵنەکراوبوو، نەک لەبەر نزیکی شوێنەکە لە هەندێک جێگەوە، بەڵکو بەئامانج گرتنی پێشمەرگە لەهەر ناوچەیەکی کوردستان بێت قەبوڵکراو نییە.
دڵشاد شەهاب دەڵێت، "هێرشەکەی سەر پێشمەرگە لە پیرمام تیرۆرستی بوو، بە نیسبەت ئێمەوە مەسەلەکە ئەو جوگرافیایە نییە کە هێرشی کراوەتە سەر، بەڵکو مەسەلە هێرشکردنە سەر پێشمەرگەیە کە هێزێکی نیزامییە و بەپێی دەستور بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق."
Your browser doesn’t support HTML5