تورکیا ڕۆژانە بە لێدوانە توندەکانی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەوەستێتەوە و بە هێرشی ناڕەواو تەنات تیرۆرستیشی ناودەبات، ئەمەش لە کاتێکدایە هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆ سەر بونیادە سیڤیلییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەردەوامە.
ئەو ناوچانەی تورکیا کە رۆژانە بۆردومانیان دەکات، زۆرینەی موسوڵمانن و نەتەوەو ئاینزای جیاوازی تیادا دەژین.
لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی ئابووری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر (ڕۆژئاوا)، جگە لە زیانی دارایی و داڕووخانی ژێرخانی ئابووری ناوچەکە، بەردەوام زیانی گیانی هاووڵاتیانی سڤیلیشی لێدەکەوێتەوە.
پێی راپۆرتەکان و لێدوانی بەرپرسانی بەڕێوەبەریەتی خۆسەری زۆرینە کورد، لەو دەمەوەی ئەو ناوچانەی سوریا کەوتونەتە ژێر دەسەڵاتیانەوە، هیچ زیانێکیان بە تورکیا نەگەیاندووە. بەڵام تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرۆکایەتی بە هێزێکی جیانەبووەوە لە پەکەکە دەزانێت و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆی دایدەنێت و هێرشەکانیشی بۆسەر ناوچەکە نەوەستاون و بەردەوامیش هەڕەشەی هێرشی زەمینی دەکات.
دکتۆر سەردار عەزیز، شیکەرەوەی سیاسی کورد پێی وایە ئەوەی تورکیا لە ناوچەکەدا دەیکات، سیاسەتێکی "دوو فاقی زەقە". لەو بارەیەوە دەڵێت "دەمێکە دەوترێت ئەوەی تورکیا لە غەززە دژێتی، بۆ خۆی لە رۆژئاوای کوردستان بە ئەنجامی دەدات. ئەمە خۆی بۆ خۆی سیاسەتێکی دوو فاقی زەقە. تورکیا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر شوێنە مەدەنی و خزمەتگوزاری و سەرچاوەکانی بژێوی و سەرچاوەکانی ووزە و گرتنەوەی ئاوی خواردنەوە لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەری خۆسەری لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا. هەموو ئەوانەش، سزادانی خەڵکی فراوانە لەبەر ئامانجێکی سیاسی یان دژایەتی هێزێکی سیاسی نەیار. ئەوە هەمان شتە کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی داوە. لەبەر دژایەتی کردنی حەماس، بە کۆمەڵ خەڵکی غەززە سزا دەدات، ئەوە زیاتر رەفتاری دەسەڵاتێکی بێ مۆڕاڵە".
رێبوار کەریم وەلی شارەزایەکی سیاسی دیکەی بواری تورکیاش پێی وایە ئەردۆغان بەردەوامە لە گەمە سیاسیەکانی، بەو ئاڕاستەیەی زیاتر بە قازانجی خۆی بکەوێتەوە نەوەک و تورکیاش.
ڕێبوار کەریم وەلی دەڵێت ئەردۆغان "تەنانەت لە ئێستادا بەهەموو شێوەیەک هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ کە دەیەوێت شەڕی پەکەکە وەک شەڕکردنی لەگەڵ تیرۆردا ناوزەد بکات و داخوازیش دەکات کە ببێتە شەڕی یەکێتی ئەوروپا. ئەو هێرشانەی ئێستای بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدەش بۆ جوڵاندنی دۆخی نێوخۆی تورکیایە. سیاسەتەکانی وای کردووە کە لە رووی ئابوریەوە هەرگیز تورکیا هەرەسی ئابووری وەهای بەخۆوە نەدیوە. هەروەها لەدەستدانی رای باشی زۆرێک لە وڵاتانی کەنداو. هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە پێشەو دەخوازێت بەم جوڵە سەربازیانە رای نەتەوەپەرستەکانی ئەو وڵاتە بۆلای خۆی رابکێشێت. هەروەها لەمەڕ رای بەرامبەر فەلەستینیش زیاتر لە پێناو راکێشانی سۆزی وڵاتانی موسوڵمانە بەلای خۆیدا. ببینە ئافریکا لە لاهای سکاڵا لەسەر ئیسرائیل تۆمار دەکات، ئەی بۆ تورکیا نەیکرد".
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، لە شەڕی داعشدا بەشێکی سەرەکی بوون لە هێزی هاوپەیمانان، بەسەرکردایەتی ئەمەریکا . تەنانەت کۆتاییهێنانی بەو خەلافەتە ئیسلامیەی داعش، بە کۆمەکی ئەمەریکاو هاوپەیمانان، هەر لەسەر دەستی ئەواندا بوو.
هێشتا ئەمەریکا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وەک هاوپەیمانی خۆی لە ناوچەکە ناوزەد دەکات. لە کاتێکدا ئەوەش ناشاردرێتەوە کە تورکیا هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمەریکایە.
سەرهەڵدانەوە و چالاک بوونەوەی داعش لە عێراق و تاڕادەیەکیش لە سوریا و بڕیاری ئەمەریکا و ناردنی هێزی سەربازی زیاتر بۆ ناوچەکە، چەند لە زیانی تورکیا و لە قازانجی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکەوێتەوە. لەو بارەیەوە رێبوار کەریم وەلی دەڵێت" هەڵبژاردنی کاتی گونجاو بۆ هەر کردەیەکی سیاسی و سەربازی رۆڵی خۆی دەگێڕێت. ئەو کاتەی ئەردۆغان هەڵی بژاردووە، بۆ لێدانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە کاتێکی هەر زۆر نەگونجاوە. بە تایبەتی ئەمەریکا دەیەوێت بۆ شەڕی داعش بێتەوە بۆ ناوچەکە. ئەمەریکا زەحمەتە دەست بەرداری رۆژئاوا بێت. تەنانەت ئێرانیش کاتێکی نەگونجاوی هەڵبژاردووە، لێدانی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە رێگای حوسیەکانەوە . ئێستا هاوبەندیەکی نوێ بەڕێوەیە لە ناوچەکەدا کە یەکەمجار بۆ لە ناو بردنی ئێرانەو دووەم لە پێناو کەمکردنەوەی هەژموونی تورکیاشە لە ناوچەکەدا".
لە مانگی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەدۆلف هیتلەردا نییە و هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە بە مامەڵەی نازییەکان لەگەڵ جووەکاندا بەراورد کرد.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیرائیلیش وەڵامی قسەکانی دایەوە و گوتی "ئەردۆغان کە جینۆساید لە دژی کورد ئەنجام دەدات، خاوەنی ژمارەی پێوانەیی جیهانییە لە زیندانیکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دژایەتی دەسەڵاتەکەی دەکەن، دوا کەسە کە بتوانێت باسی ئەخلاق بۆ ئێمە بکات."
لەگەڵ ئەمجۆرە لێدوانانەشدا تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرئایلدا پاراستووە هەرچەندە دەڵێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، پاش ئەوەی گروپی چەکداری فەلەستینی حەماس هێرشێکی کوشندەی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 1200 کەسی کوشت پاش ئەوەیش ئیسرائیل بە هەڵمەتی ئاسمانی و زەمینی وەڵامی دایەوە و لەو کاتەوە شەڕ بەردەوامە.