فەرهاد شامی: هێرشەکانی تورکیا بێ وەڵام نابن

ماوەی چەند ڕۆژێکە حکومەتی تورکیا هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدات.

فەرهاد شامی بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون زیاتر ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەکانن.

سەبارەت بە نەخشەی هێزەکانی کە لەوێن، شەمی ڕایگەیاند، "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خاڵێکی لۆجستی لە قامیشلۆ (هیمۆ) بەشێوەیەکی کاتی چۆڵکردبوو بەهۆی هەڕەشەی ملیشاکانی ئێرانەوە، بەڵام گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان، هێزەکانی ڕوسیاش لە سەرانسەری هەرێمەکە لە شوێنەکانی خۆیاندان."

هەروەها دووپاتی کردەوە کە تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە شوێنی هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا ڕووینەداوە و گوتی "هێزەکانمان لە بنکە و پێگەکانی خۆیانن لە ساڵی 2019 وە تیایدا جێگیربوون."

سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا و هەڵوێستی هەسەدە، شامی ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا تاوانی جەنگن و بەشێوەیەکی سیستماتیک زیان بە ژیانی خەڵکی سڤیل دەگەیەنن و بێ وەڵام نابن.

گوتیشی "وەک وەڵامێک لە بەردەم مەنبەج و تیل تەمیر چالاکییەکانی HSD هەبوون، بەڵام ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، هێزەکانمان بەشداری چالاکی فراوان دەکەن، کە هەموو بنکەکانی تورکیا لە سەرانسەری ناوچە داگیرکراوەکان لەلایەن هەسەدە دەکرێنە ئامانج."

شامی هەروەها ڕایگەیاند کە نایانەوێت کێشەکان بە شەڕ چارەسەر بکەن و زیاتر گرنگی بە ڕێگا دیپلۆماسییەکان دەدەن لە ڕێگەی هێزە کەفیلەکانەوە.

گوتیشی "تورکیا دەیەوێت هەسەدە و خەڵکی ناوچەکە ڕاکێشێتە ناو شەڕەوە، چونکە پێی وایە دەتوانێت لە شەڕەکەدا سەربکەوێت، بەڵام ئەگەر شەڕەکە فراوانتر بوو، ئێمە بە هەموو تواناکانی بەردەستمانەوە شەڕ دەکەین، ئەم شەڕەش درێژخایەن دەبێت و کاریگەری دەبێت بۆ سەر پێگەی تورکیا لە سوریا و تەواوی ناوچەکە."

بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە هەروەها هۆشدارییشی دا سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعش کە سوود لە هێرشەکانی تورکیا وەردەگرێت، بەتایبەتی کاتێک هێزە ئاسایشییەکان دەکرێنە ئامانج.

وتیشی "کاتێک تورکیا دەیەوێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە بکشێتەوە، ئامانجەکەی زیندووکردنەوەی داعشە، ئێمە ئەوەمان بۆ هاوپەیمانان ڕوونکردووەتەوە، هەروەها ڕامانگەیاندووە کە پێویستە هاوکارییەکانمان بەهێزتر بکرێت، بەڵام هێرشەکانی تورکیا ئەم شەڕە دژی داعش لاواز دەکات".

لە کۆتایی قسەکانیدا، شەمی ئاماژەی بەوەدا کە ڕژێمی سوریا و ئێرانیش سوودمەندن لە هێرشەکانی تورکیا، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکانیان لە دێرەزۆر زیاتر کردووە و گوتی "ئەو هێرشانە دەرئەنجامی کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکانە لە ئاستانە لە نێوان ڕژێمی سوریا، تورکیا، ئێران و ڕووسیا ئەنجام درا. ئەم لایەنانە دەیانەوێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەناوبەرن."

دەقی وتووێژەکەی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ فەرهاد شامی

Your browser doesn’t support HTML5

فەرهاد شامی