کۆمکاری عەرەبی لە کۆبوونەوە بەپەلەکەیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات

کۆمکاری عەرەبی پاش کۆبوونەوە نائاساییەکەی ڕۆژی چوارشەممەی لەسەر داوای عێراق، هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە کرد.

لە کۆبونەوەکەدا بڕیارێکی حەوت خاڵی لەسەر هێرشەکەی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بۆ سەر شاری هەولێر، دەرکرد کە تیایدا هەموو دەرەنجامەکانی ئەو پێشێلکارییە دەخاتە ئەستۆی ئێران و دەڵێت " ڕووداوێکی مەترسیدارە و ڕەنگە دووبارەبوونەوەی ببێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە."

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە تویتێکدا سوپاسی هاوشانەکانی لە کۆمکاری عەرەبی دەکات و دەڵێت " سوپاسی ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکەم و هەروەها براکانم، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام، بۆ بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوە نائاساییەکە و هەروەها بۆ پشتیوانیکردن لە عێراق و ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکەکەی."

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی عێراق دەڵێت لە بڕیارنامەکەی کۆمکاری عەرەبدا سەرکۆنەی هەموو ئەو پاسا و بیانووانەش کراوە کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە خراوەتە ڕوو.