ئەنتۆنی بلینکن دەگاتە عەرەبستانی سعودیە

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە گەیشتە عەرەبستانی سعودیە، کە یەکەم وێستگەی بوو لە گەشتێکی فراوانتریدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا واشنتن هەوڵدەدات دانوستاندنەکان لەسەر ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو شانشینە و ئیسرائیل بەرەوپێش ببات و هەروەها پێشکەوتن بکات لە وتووێژەکان لەسەر بەڕێوەبردنی غەززە لە پاش شەڕ.

ئەمەش پێنجهەمین گەشتی بلینکنە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەتای هێرشەکەی 7ی مانگی دەی ساڵی ڕابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و ئەم گەشتە لە ساتێکی هەستیاری هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمەریکادایە بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سەرانسەری سوریا و عێراق و یەمەن لە وەڵامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەفتەی ڕابردوودا لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکایی و برینداربوونی دەیان سەربازی تر.

بڕیارە بلینکن لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا سەردانی میسر، قەتەر و ئیسرائیل بکات و جەخت بکاتە سەر پێشخستنی گفتوگۆکانی میسر و قەتەر لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

چاوەڕوان دەکرێت بلینکن لە ڕیاز لەگەڵ ڕێبەری دیفاکتۆی شانشینەکە، شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئەلسعود، کۆببێتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز