ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە سەردانی بەرپرسە سەربازیەکانی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تورکیا دەیەوێت عێراق و هەرێم هاوکار و بەشداربن لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیەی کە لە بەهاری ئەمساڵدا دەیەوێت لە خاکی هەرێم و تورکیا دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامی بدات، دەشڵێت، تورکیا نایەوێت سەربازی خۆی لەم شەڕەدا بەکوشت بدات، بەڵکو ئامانجیەتی شەڕەکە بە پێشمەرگە بکات و شەڕی براکوژی دروستببێتەوە. بەڵام وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕەتی کردەوە سەردانەکەی بەرپرسانی تورکیا بۆ بەشداری شەڕ بێت دژی پەکەکە.
ڕۆژی سێشەممە 7 ی مانگی 2ی 2024 یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک سوپاسالاری تورکیا سەردانی عێراقیان کرد، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا، سێشەممە شەوەکەی شاندە سەربازیەکە گەیشتە هەرێمی کوردستان و ڕۆژی چوارشەممەش لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە.
فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و پسپۆڕی بواری سەربازی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تورکیا بە نیازە لە بەهاردا ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورە دژ بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام بدەن لە ناوخۆی تورکیا و هەرێمی کوردستان و قەندیل و ناوچەکانی شەنگالی سەر بە موسڵ، بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت عێراق و هەرێم هاوکاریان بکەن و بەشدار بن لەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامی دەدەن."
وتیشی،" هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان ئامانج لێی قەناعەت پێکردنیانە بۆ بەشداری شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی پەکەکە. ئەوان دەیانەوێت سەربازی خۆیان پارێزەراوبێت هەوڵ دەدەن پێشمەرگە بەکار بهێنن بۆ ئەو شەڕە، گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوان بە تەنها ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامی دەدەن لە ڕووی ئاسمانی و زەمینی تا ئێستا نەیانتوانیوە گەریلا لە ناو ببەن."
بەڵام وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەرپرسە سەربازیەکانی تورکیای بە پارێزگاری لە ئاسایشی هەردوو وڵات و وەک بەشێک لە پەیوەندی هاوبەشی نێوان دوو دراوسێ ناودێرکرد.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە گەڵ تورکیا سنوورێکی درێژی هاوبەشمان هەیە و خاڵی هاوبەشمان هەیە لەم سنوورەدا کە یەکێکیان بابەتی ئەمنیەتە، واتە ئەمنیەتی هاوبەشمان هەیە بۆیە ئاساییە، پەیوەندی و هەماهەنگیمان هەبێت."
وتیشی،" بابەتی شەڕ لەگەڵ پەکەکە ڕاست نییە!" بێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات لەو بارەیەوە.
ڕۆژی 5ی ئەم مانگە، ئاژانسی ههواڵی ئهنادۆڵی توركیا بڵاویكردهوه كه هاكان فیدان وهزیری دهرهوهی توركیا ئاماژەی بەوە کردووە، هەبوونی پەیوەندی لە نێوان یەکێتی و پەکەکە، "یەکێتی خستووەتە ریزی دووژمنانهوه" بە پێی قسەی ئاژانسەکە هاکان فیدان وتویەتی،" ماوهیهكی زۆره یهكێتی له پهیوهندییهكی نزیكدایه لهگهڵ پهكهكه و ئهوهش بووهته هۆی ئهوهی كه یهكێتیی نیشتمانی كوردستان بچێته ریزی دووژمنانهوه".
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە لەگەڵ ئەو حزبانە پەیوەندیمان هەیە کە فەرمین و غەیری ئەوە پەیوەندیمان نییە. سیاسەتی و نەهجی یەکێتی ئەوەیە هاوکاری پارچەکانی تر دەبین لە ڕووی سیاسی و دبلۆماسی تا بە ئامانجەکانی خۆیان دەگەن، وە لەگەڵ ئەوەداین پرسی نەتەوەکەمان بە ئاشتیانە چارەسەر ببێت، وە نەمان شاردۆتەوە لە هەموو خیتابێکدا ئەمەمان وتووە کە پشتگیری خەباتی سیاسی پارچەکانی ترین، بەڵام ئەوەی لەم هەرێمە دەگوزەرێت ئەوەیە کە کۆمەڵیک تۆمەت دەخرێتە پاڵ یەکێتی."
وتیشی،" ئەجێندای وڵاتان دیارە لە دەستوەردان لە کاروباری سیاسی و شێواندنی پەیوەندی نێوان حزبەکان، فشارەکانی تورکیاش دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە، ئێمە وەک حزبێک ڕێگە نادەین دەستێوەردان لە کاری حزبیماندا بکرێت، بەڵام هەوڵدەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانمان باش بێت، ئێمە هەردوولامان لە ڕووی ئابووری و ئارامیەوە سودمەند دەبین لەوەی پەیوەندیەکانمان باش بێت."
بە پێی ئاماری فەرمی هێزەکانی سنوور تەنها لە ساڵی 2023 دا، تورکیا 540 ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر هەرێم و عێراق ئەنجامداوە.
حکومەتی تورکیاش نایشارێتەوە کە 87 بنکەی سەربازی لەسنوور و لە قوڵایی خاکی عێراق و هەرێمدا هەیە و بە قوڵایی 10تا 40 کیلۆمەتر لە ناو خاکی هەرێم و عێراق بە درێژایی 200 کم سنووری نێوان عێراق و تورکیا بونیان هەیە.
فەریق جەبار یاوەر ڕایگەیاند،" مەترسیەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە دەبینین بەردەوام فڕۆکەی جەنگی تورکیا لەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستانە، وە بۆردومانی سنوور و قوڵایی هەرێم دەکات، تەنانەت خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانی، ئەمەش مەترسیە لەسەر خەڵکی هەرێم و سنوورەکانی هەرێم، تا ئێستا 450 گوند چۆڵکراون، جگە لەوەش زیاتر لە 90 هاووڵاتی مەدەنی کوژراو و چەندین برینداریش هەیە، بەمەش گوندەکان بەرەو چۆڵ بوون دەچێت و مەترسی و دڵە ڕاوکێش دروست دەکات، ئەگەر بەهار ئۆپەراسیۆن بکەن ئەوە مەترسی گەورەیە لەسەر هەموو هەرێم."
وتیشی،" لایەنەکان نابێت ببنە لایەنێکی هاوکار بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنەی لە هەرێم دەکرێت، یان نەبنە بەشێک لە پێدانی زانیاری بە دەزگا هەواڵگریەکانی تورکیا یان نەبنە ئامرازێک بۆ ئەوەی کورد جارێکی تر شەڕی کورد بە کورد دورست ببێت."
Your browser doesn’t support HTML5