ژنە چالاکوانێکی کورد تۆمەتبار دەکرێت بە "ئەندامبوون لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران"

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و زیندانی سیاسی پێشووی کورد دوای زیاتر لە شەش مانگ لە دەستبەسەربوونی، لە لایەن سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە "بەغی" تۆمەتبار کراوە و ئەمەش مەترسییەکانی دەرکردنی سزای قورسی وەک لەسێدارەدان بۆ ئەو چالاکوانە زیاتر کردووە.

بەغی تۆمەتێکی ئاسایشی و ئەمنییە و بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت و سزاکەشی بەپێی ئەوەی تۆمەتبارەکە چەکی بەکارهێنابێت یان نە، سزای لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.

رێکخراوەکانی هەنگاو و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایانگەیاندووە پەخشان عەزیزی بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە ئێران" لە لایەن لقی 5ی داواکاری گشتی ئاسایشی ئێڤینەوە ڕووبەڕووی تۆمەتی بەغی بووەتەوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی لقی 26ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە کە نەیویستووە ناوەکەی ناشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "پەخشان لەو ماوەیەدا کە دەستبەسەربووە، خراوەتە ژێر قورسترین گوشاری دەروونی و ئەشکەنجەی جەستەییەوە بۆ قەبووڵکردنی ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەڵام ئەو قەبووڵی نەکردووە و تۆمەتەکەی ڕەتکردووەتەوە."

سەرچاوەکە گوتیشی "پەخشان لە لێکۆڵینەوەکاندا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو تەنها لە چوارچێوەی ئەنجامدانی کۆمەڵێک کاری کۆمەڵایەتییدا بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ژنان لە کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا، وەک توێژەر و وەرگێڕ سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە و هیچ جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژی حکومەت ئەنجام نەداوە."

پەخشان عەزیزی کە خەڵکی مەهابادە و دەرچووی بەشی کۆمەڵایەتییە لە زانکۆی تاران، مانگی 8ی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە لە تاران دەستبەربووە و دوای چوار مانگ و چەند ڕۆژێک لە لێکۆڵینەوە و هێشتنەوەی لە ناوندێکی ئاسایشی ئێران، گواسترایەوە بۆ بەشی 209 ی زیندانی ئێڤین لە تاران.

پێشتر ڕێکخراوی هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردبووە کە لەگەڵ پەخشان عەزیزی چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیشی دەستگیرکراون کە ئەوان دوای چەند ڕۆژێک لەدەستبەسەربوونیان ئازادکراون.

عەزیزی ساڵی 2009ش لە میانەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران لە دژی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی کورد لەلایەن کارمەندانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای 4 مانگ لە دەستبەسەربوونی بە کەفالەت ئازاد کرابوو.

ماڵپەڕی بێتاوان کە سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، 8ی مانگی یازدە هەواڵی دەستبەسەرکردنی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی و سیروان محەمەدڕەزایی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند ئەو کەسانە ئەندامی "پژاک" بوون.

وەریشە مورادی کە بە جوانا سنە ناسێندراوە، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) یەکێک لەو زیندانییە سیاسیانەیە کە یەکی مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێران بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە و دوای چەندین مانگ لە دەستبەسەربوونی چەند ڕۆژ پێش ئێستا ئەویش لە لایەن لقی 5ی داواکاری گشتی ئاسایشی ئێڤینەوە ڕووبەڕووی تۆمەتی بەغی بووەتەوە.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" 26ی مانگی نۆ لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەربوونی ئەو چالاکوانە، ڕایگەیاندبوو کە وەریشە مورادی لە کاتی چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی ژنان لە کوردستانی ئێران دەستبەسەرکراوە.

ئەمەش ببینە

دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی کورد لە ئێران بەردەوامەو چارەنووسی ئەندامێکی "کژار" یش نادیارە

پێشتر ڕۆزارین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کژار لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو "جوانا سنە، ئەندامی ڕێکخستنەکەمان دوو مانگ پێش ئیستا لە نێوان ڕیگای مەریوان و سنە و لە کاتی گەڕانەوەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە."

ئەو بەرپرسەی کژار جەختی لەوە کردبووە کە "جوانا لە کاتی دەستبەسەربوونیدا نە چەکی پێبووە و نە بۆ چالاکی سەربازیش ڕۆیشتوەتەوە و تەنها بۆ کاری ڕێکخستن لەگەڵ ژنانی ڕۆژهەڵاتدا سەردانی ئەو شارەی کردووە."