پەرلەمانتاران و یاساناسان: بەشێک لە تەقەکەرەکانی هەرێم کارمەندی سەربازی و نزیک لە بەرپرسانن

کەسانی نزیک لە بەرپرسان و کارمەندانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمەتباردەکرێن بە ئەنجامدانی بەشێکی زۆر لەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن، بە تایبەت ڕووداوی کوشتن و تەقەکردن و سەرانە سەندن لە بازرگانان.

رزگار محەمەد، ئەندامی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پێیوایە 90%ی ئەو ڕووداوانەی لە هەرێمی کوردستان ڕوو دەدەن دەستی کەسانی نزیک لەبەرپرسان و کارمەندانی هێزە سەربازییەکانیان تێدایە.

رزگار محەمەد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕەنگە 2%ی ڕووداوەکانی کوشتن و تەقەکردن لەلایەن هاووڵاتی ئاساییەوە ئەنجام بدرێن، زۆربەی ڕووداوەکانی کوشتن و تەقەکردن دەستی ئەو هێزانەیان تێدایە کە هی شەخس و حزبن و پشێوی دروستدەکەن."

ئەو وتیشی،"گەر یاسا سەروەربێت و دەستی دادوەرەکان کراوەبێت، زۆرێک لەو ڕووداوانە ڕوو نادەن."

هەفتەی ڕابردوو، دوو کەسی بە ڕەگەز عەرەب لە شاری سلێمانی کوژران و کارمەندێکی دەزگا ئەمنییەکان تۆمەتبارکراوە بە کوشتنی ئەو دوو کەسە.

لە ڕۆژی 12 ی مانگی 2 ی 2024، قەڵایەکی نزیک لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووخێنراو تەقێنرایەوە، کە دێرین ئەحمەدی ئەفسەر لە هێزەکانی پێشمەرگە خاوەندارێتی دەکرد و تۆمەتباربوو بە تەقەکردن لە سەرمایەدارێک و وەرگرتنی سەرانە لێی.

باڵامبۆ محەمەد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یاسا تەنها حوبری سەر کاغەزە، بۆ هەرکەسێک بویسترێ یاسا سەروەرەو بۆ هەرکەسێکیش نەویسترێ سزا نادرێت. چەندین تۆمەتباری هەڵاتوو هەن و دەستگیرنەکراون."

دەشڵێت،"هەموو تاکێک بەپەروەردەیەکی جوانی خێزانییەوە دێتە ناو کۆمەڵگا، کاتێک لەناو کۆمەڵگا چاو دەکاتەوەو دەبینێت نادادپەروەری هەیەو یاسا سەروەر نییە، دەڵێت بۆ یاسا بۆ من هەبێت و بۆ خەڵکی تر نەبێت، بۆیە هۆکاری دۆخەکە دەسەڵاتدارانن."

باڵامبۆ محەمەد پێیوایە، وەکو پەرلەمان نەیانتوانیووە بە ئەرکی خۆیان هەستن و لێپێچینەوە بکەن، چونکە بڕیارەکان بە زۆرینەو کەمینە دەرکراون. دەڵێت،"گەر خولی داهاتووی پەرلەمانیش هاوشێوەی خولەکانی ڕابردوو بڕیار بە زۆرینەو کەمینە بدرێت و لێپێچینەوە ئەنجام نەدرێت، ئەوا دەبێت ساڵانی داهاتوو خۆزگە بە ئێستا بخوازین لەڕووی زۆربوونی کێشەوە."

ئەمەش ببینە ئایا دۆسێی کوێخا دێرینەکان دەبێتە نەریتێک بۆ لەناوبردنی کێخواکان لە هەرێمی کوردستان؟

لە ڕۆژی 4 ی مانگی 12 ی 2021، لەکاتێکدا هێزێکی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەوڵی دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێکیان لە سلێمانی دا، بەڵام لەلایەن تۆمەتبارەکانەوە تەقەیان لێکراو ئەفسەرێکی پۆلیس بەناوی نەقیب محەمەد کوژرا، هەرچەندە دواتر تۆمەتبارەکان دەستگیرکران بەڵام لەکاتی ڕووداوەکەدا دەربازکرابوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15 ی مانگی 2 ی 2024، ماڵی هاوڵاتییەک لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان درایە بەر دەستڕێژی گولەو زیانێکی مادی زۆریان پێگەیەنرا، بە پێی وتەی دەزگا ئەمنییەکان تۆمەتبارەکە کارمەندی هێزەکانی پێشمەرگە بووەو هەڵهاتووە.

کاوە لەتیف، پارێزەرو یاساناس، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەشێک لەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن تۆمەتبارەکان کارمەندی سەربازی و نزیکن لە بەرپرسان، چونکە ئەو ژینگەیەی تێیدان وایکردووە ملهوڕ بن و دەست بۆ تەقەکردن و کوشتن بەرن."

بەشێک لەو تۆمەتبارو تاوانبارانەی بە لێدان و کوشتنی ڕۆژنامەنوسانیش لە هەرێمی کوردستان سزادراون یاخود پەنجەی تۆمەتیان بۆ درێژ دەکرێت، دەوترێت سەر بە دەزگا ئەمنییە جۆراوجۆرەکانن یاخود چەکداری سەربە حزب و بەرپرسانن.

کەسوکاری ڕۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمە، کە لە مانگی 7 ی ساڵی 2008 لە کەرکوک کوژراو خێزانی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان، کە لە مانگی 5 ی ساڵی 2010 لە هەولێر ڕفێنراو دواتر کوژرا، پەنجەی تۆمەت بۆ چەکدارانی سەربە حزب و بەرپرسان درێژ دەکەن.

ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی کە لە مانگی 12 ی ساڵی 2013 لە کەلار تەقەی لێکراو کوژرا، تاوانباری سەرەکی دۆسییەکەی کارمەندێکی سەربە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەو لە ئێستادا سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بەسەردا چەسپێنراوە.

ئەو تۆمەتبارەی لە ساڵی 2011 لە ناوجەرگەی شاری سلێمانیدا هێرشیکردە سەر ڕۆژنامەنوس ئاسۆس هەردی، سەرنوسەری ئەوکاتەی ڕۆژنامەی ئاوێنەو برینداریکرد کارمەندی هێزەکانی پێشمەرگە بوو.

رەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هۆکاری تێوەگلانی چەک بەدەستەکان لە تەقەکردن و کوشتنی خەڵک، چاوپۆشینی دەسەڵاتە لە نزیکەکانیان بەجۆرێک ژینگەیەکی وا ڕەخسێنراوە، ئەو کەسانە خەڵک بکوژن و هەڵبێن یاخود لە سزا دەرباز بکرێن."

هەروەها وتیشی،"زۆرێک لە تۆمەتباران هەڵدێن یاخود لەلایەن حزب و عەشیرەتەکانیانەوە بە سوڵحی عەشایەری کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکرێت."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر