سەرۆکی عەشیرەتەکەی کاکە حەمە: کاکە حەمە و عەبدوڵای برای دوورن لە یەکترییەوە

ژمارەیەک کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەت نێوەندگیری لە نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای حاجی مەحمودی برای دا دەکەن، کە سەرۆک و جێگری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانن و ناکۆکی نێوانیان بارگرژی و جوڵاندنی هێزی لێکەوتووەتەوە.

بارگرژی نێوان سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و جێگرەکەی گرێدراون بە دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و سەربازییەوە، بەتایبەت بەرپرسە دوور خراوەوەکان نزیکن لە عەبدوڵای حاجی مەحمودی جێگری سەرۆکی حزبەکەوە.

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆک عەشیرەتی هارونی و یەکێک لەو کەسایەتییانەی هەوڵی هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی ناو پارتی سۆسیال دیموکرات دەدات، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەندێک لەوانەی گوایە پشتگیری عەبدوڵای حاجی مەحمود دەکەن لە دژی کاکە حەمە، بردماننە لای کاکە حەمەو دەستیانکردە ملی یەکتری و ئاشت بوونەوە."

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18 ی مانگی 2 ی 2024، لە گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزووری پێگەی سەرەکی پارتی سۆسیال دیموکرات، بارگرژی لە نێوان لایەنگرانی محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و عەبدوڵای برایدا ڕوویداو هێزیان بۆ یەکتری جوڵاند.

محەمەدی حاجی مەحمودی هارونی دەڵێت،"وتمان کاکە حەمەو عەبدوڵا برای یەکترین و کەس تەرەفگیری نەکات، گوڵەخانە ئارام بووەتەوەو کێشەیەکی وا نەماوە."

عەبدوڵای حاجی مەحمود، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێمە، محەمەدی حاجی مەحمود تۆمەتبار دەکات بە جوڵاندنی هێز بۆ سەر ماڵەکەی و ئەنجامدانی گۆڕانکاری نا پەیڕەوی لە نێو حزب دا.

بەرپرسانی نزیک لە محەمەد حاجی مەحمودیش گۆڕانکارییە حزبییەکان بە پەیڕەوی ناو دەبەن، دەڵێن مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکرات گۆڕانکارییەکانی ئەنجامداوە.

لەبارەی هۆکاری ناکۆکی نێوان محەمەد حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای، محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆک عەشیرەتی هارونی کە سەرۆکی عەشیرەتەکەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتە دەڵێت،"من ناچمە ناو وردەکارییەوە، بەڵام ناکۆکی ناو حزبی سیاسی نەک تەنها سۆسیالست لەسەر بەرپرسیارێتییە."

دەشڵێت،"کاکە حەمە پێشمەرگە بووەو عەبدوڵاش برای دایک و باوکییەتی، فەرماندەی لیوای هێزەکەش خاڵۆزاو پورزای کاکە حەمەیە، بۆیە هەندێکمان لەگەڵ کاکە حەمە ئاشت کردەوەو وردە وردە ئەوانیتریش ئاشت دەبنەوە."

سەبارەت بەو هێزانەی پارتی سۆسیال دیموکرات کە لە گوندی گوڵەخانە بڵاوەیان پێکرابوو، سەرۆک عەشیرەتی هارونی وتی،"وتمان ئەو خەڵکە بڵاوەبکەن و ئەو هێزانە نەمێنن، چونکە هیچ گرژییەک نەماوە."

ئەوکاتەی هێز لە گوڵەخانە بڵاوەی پێکرابوو بە هۆی ناکۆکی نێوان محەمەد حاجی مەحمودو عەبدوڵای برای، هەردووکیان بە جیا لە گوندی گوڵەخانەو شاری هەولێر سەرقاڵی کۆبوونەوەبوون لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی حزبەکەیاندا.

سەرۆک عەشیرەتی هارونی پێیوایە، هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناو پارتی سۆسیال دیموکرات بە ڕۆژێک نابێت و هەوڵی دەوێت.

محەمەد حاجی مەحمود هارونی دەڵێت،"کاکە حەمەو عەبدوڵا کەمێک دوورن لە یەکترییەوە، هەوڵ دەدەین نزیکیان بکەینەوە."