سەرچاوەیەکی نزیک لە کێشەکانی نێو پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هۆکاری تەقینەوەی بەشێک لە کێشەکانی ناو ئەو حزبە پەیوەندی بەوەوە هەیە عەبدوڵای حاجی مەحمود لای ئێرانییەکان قسەی لەسەر محەمەدی حاجی مەحمود کردووە.
سەرچاوە نزیکەکە لە کێشەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دواتر قسەکانی عەبدوڵای حاجی مەحمود گەیشتوونەتەوە بە محەمەدی برای، ئەمەش وایکرد ناکۆکییەکان بە تەواوەتی بتەقنەوە."
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا محەمەدی حاجی مەحمود ئەم مەسەلەی لای سەرکردەکانی حزبەکەی بەڕوونی باسکردووە.
ڕۆژی 28 ی مانگی 11 ی 2023، عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندێکی وەزارەتەکەیدا سەردانی ئێرانی کرد.
دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی بە عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
لەبارەی قسەکردنی عەبدوڵای حاجی مەحمود لەسەر محەمەدی حاجی مەحمود لای ئێرانییەکان، فەرهاد تۆفیق ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران وڵاتێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو لەسەر بنەمای زانیاری هیچ کەسێک بڕیار نادات، هەرچەندە من پێموایە شتی لەو بابەتە ڕووینەداوە."
ئەو وتیشی،"ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاواش ئاگایان لە تێڕوانینە وردو تیژو دووربینەکانی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانە."
هاتنە پێشەوەی کوڕێکی محەمەدی حاجی مەحمودو گرتنە دەستی دەسەڵات لە نێو حزب و "لەقبوونی" پێگەی عەبدوڵای حاجی مەحمود، بەهۆکارێکی تری کێشەکانی ناو پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دادەنرێت.
ڕۆژی 18 ی مانگی 2 ی 2024، کێشەکانی نێوان محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و عەبدوڵای برای کە جێگریەتی بە تەواوەتی تەقینەوە، کاتێک لە گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزوور بارگرژی لەنێوانیاندا ڕوویدا.
دوورخستنەوەی لیوا سەڵاح عەلی بەرپرسی دەزگای پێشمەرگەی پارتی سۆسیال دیموکرات و زاوای عەبدوڵای حاجی مەحمود لە پۆستەکەی بە بڕیاری محەمەدی حاجی مەحمود، هۆکاری سەرەکی بارگرژییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی گوندی گوڵەخانە بوو.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، تا ئێستا سەرووی 8 ئەندامی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی نزیک لە عەبدوڵای حاجی مەحمود لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمودەوە سڕکراون و سزای حزبی دراون.
فەرهاد تۆفیق دەڵێت،"ئەو ڕێکارانەی حزب گرتوونیەتە بەر ڕێکاری حزبی و پەیڕەوین، ئەو هەڤاڵانەی سڕکراون بۆ کاتێکی دیاریکراوەو دواتر دەتوانن بەردەوام بن لە ئیش و کاری خۆیان."
دەشڵێت،"تا ئێستا بڕیاری سڕکردنی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە پۆستەکەی نەدراوە."
بەڵام عەبدوڵای حاجی مەحمود گۆڕانکارییە حزبییەکانی نێو پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕەتدەکاتەوەو ڕایگەیاند،"بنەمای بنەڕەتی کارکردنمان پەیڕەوی ناوخۆی حزبمانەو لەدەرەوەی پەیڕەو هیچ بڕیارێک کاری پێ ناکرێت."
لە مانگی 3 ی ساڵی 2022، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر حەوتەم کۆنگرەی خۆی بەست، محەمەدی حاجی مەحمود بە سەرۆک و عەبدوڵای برای بەجێگرو 37 کەسیش وەکو ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردران.
بە پێی وتەی سەرچاوە نزیکەکە لە پارتی سۆسیال دیموکرات، لە نێو حزب دا پێشنیاری بەستنی کۆنگرەی هەشتەم کراوە، تا لە ڕێگەی کۆنگرەوە شەرعیەت بە گۆڕانکارییە حزبییەکان بدرێت.
لەبارەی ئەگەری بەستنی کۆنگرە، فەرهاد تۆفیق ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت،"بەشێک لە برادەران پێشنیاری بەستنی کۆنگرەیان کردووە، پێشخستن و دواخستنی کۆنگرە لە دەسەڵاتی سەرۆکی حزبەو تا ئێستا بڕیاری پێشخستنی کۆنگرە نەدراوە."
لە ڕۆژی 18 ی مانگی 2 ی 2024ەوە، گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزووری پێگەی سەرەکی پارتی سۆسیال دیموکرات بە تەواوەتی لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمودەوە کۆنترۆڵکراوە.
بەپێی وتەی بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری پارتی سۆسیال دیموکرات، ئەمڕۆ سێشەممە، عەبدوڵای حاجی مەحمود هێزێکی بردووەتە نێو مەڵبەندی هەولێرو بارەگای مەڵبەندەکەیان کۆنترۆڵکردووە.
غازی عەباس، بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری پارتی سۆسیال دیموکرات، ڕایگەیاند،"هەڕەشەم لێکراوەو پێمڕاگەیەنراوە، بە بڕیاری عەبدوڵای حاجی مەحمود لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەند دوور خراومەتەوە. جگە لە محەمەدی حاجی مەحمود و ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەس ناتوانێت لە پۆستەکەم دوورم بخاتەوە."
هەروەها وتیشی،"عەبدوڵای حاجی مەحمود کۆمەڵێک چەکداری هێناوەو مەڵبەندی داگیرکردووە."