شێخ رەعد عاسی: ڕەنگە چارەسەرەکانی سودانی بە جۆرێک بن کە لایەنەکانی کەرکوک پێی ڕازی بن

سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی لەکەرکوک ڕایدەگەیەنێت، لایەنەکانی کەرکوک ڕازین بەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکات، بۆیە سەرجەم لایەنەکان ڕۆیشتوون بە پیری داواکارییەکەیەوە.

شێخ رەعد سامی عاسی، سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامی هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکانی کەرکوک لە پێناو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دەردەکەون، ڕەنگە چارەسەرەکان بەجۆرێک بن هەمووان پێی ڕازی بن."

شەوی 21ی مانگی 2 ی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک کۆبووەوە، هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی لە یەکێتی و ڕێبەر ئەحمەد لە پارتی، هەروەها خەمیس خەنجەر لە عەرەبی سونەو حەسەن تۆرانی سەرۆکی بەرەی تورکمانی بەشداربوون لەکۆبوونەوەکە.

شێخ رەعد عاسی دەڵێت،"لایەنەکانی کەرکوک نەرمی دەنوێنن بۆیە پێکەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە، تا بتوانین حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنین. هەمووان ڕازین بە دەستپێشخەرییەکەی سودانی و لە ڕۆژانی ئایندە کێشەکان چارەسەر دەبن."

ڕۆژی 18 ی مانگی 12 ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ڕێکنەکەوتوون.

ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، وادەی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو، بەڵام 7 ئەندامی کورد و ئەندامەکەی کوتلەی بابلیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بوون، لەکاتێکدا عەرەب و تورکمان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی لەکەرکوک ڕوونیکردەوە، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان کوتلەکان لەسەر پۆستی پارێزگای کەرکوک ئەنجام نەدراوە، بۆیە سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتە ناو مەسەلەکەوەو دەیەوێت چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە.

دەشڵێت،"هیچ لایەنێک نەیتوانیووە نیوە کۆ یەکی کورسییەکان بەرێتەوە، بۆیە دەبێت لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن ڕێکبکەون."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش یەک کورسی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە بەدەستهێناوە.

هۆکاری ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ پۆستی پارێزگار، کورد داوای ئەو پۆستە دەکات و بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت، لەکاتێکدا عەرەبی سونەش نایەوێت دەستبەرداری بێت.

ماردین کوک قایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی، لەبارەی ژمارەی کورسی پێکهاتەکان، ڕایگەیاندووە،"دەبێت بەزمانی لۆژیک کاربکرێت نەک بە زمانی ژمارە، چونکە زمانی ژمارە کێشەکانی کەرکوک زیاتر دەکات، ڕێککەوتن و تەوافق تەنها ڕێگەی چارەسەرە."

ڕۆژی 4 ی مانگی 2 ی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی نێوانیان هاوڕابوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.

شێخ رەعد عاسی پێیوایە، هیچ پێکهاتەیەک بە بێ ڕێککەوتن لەگەڵ پێکهاتەکانی تر ناتوانێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەدەست بهێنێت. دەڵێت،"هاتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ نێو دانوستانی لایەنەکانی کەرکوک مانای زۆری هەیە، کەرکوک عێراقی بچوککراوەو نەتەوەو پێکهاتەی ئاینی زۆر تێدایە."

جەختیشیکردەوە،"کەرکوک پێگەی گرنگی لای حکومەتی عێراق و لایەنەکان هەیە، هاتنە سەر هێڵی سەرۆک وەزیران پشت بەخوا دەبێتە مایەی چارەسەرکردنی کێشەکان، ئومێدەوارین لە ڕۆژانی داهاتوودا بگەینە چارەسەرو هەمووان پێی ڕازی بن."