بەرپرسانی هەڵەبجە: گەر پرۆژەکانی حکومەت جێبەجێ بکرێن هەڵەبجە دەچێتە قۆناغێکی نوێی ئاوەدانییەوە

مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانی بۆ هەڵەبجە دەچێتە مۆنۆمێنتی شارەکە و سەیری پەیکەری عومەری خاوەر دەکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لە داواکاریەکانی یاداشتە 9 خاڵییەکەی پارێزگای هەڵەبجە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و لێخۆشبوونی بۆ وەرهێنەران لە هەڵەبجە لە سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان دەردەکات و لە ڕسوماتەکانیش دەبەخشرێن.

بەپرسانی هەڵەبجەش دەڵێن ئەم بڕیارانە دەستپێکی گرنگن بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە بەو مەرجەی لە بەڵێنەوە بچنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی 22ی 2ی 2024 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیانکرد و لە کۆبوونەوەیەکدا یاداشتێکی 9 خاڵیان لە پارێزگاری هەڵەبجە وەرگرت و ژمارەیەک بڕیاریان بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکەدا.

لە یاداشتەکەدا داواکراوە هەڵەبجە لە ڕێنمایی و یاساکان لە پڕۆژەکاندا تایبەتمەندی پێبدرێت و بڕیاری بە قەزاکردنی خۆرماڵ تەواو بکرێت. هەروەها داوای چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری کراوە لە نێوانیان قیرتاوکردنی ڕێگاکانی هەڵەبجە و تەواو کردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە و کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی و کردنەوەی مەرزی سازان و چاککردنی ڕێگای مەرزی پشتە. داواشکراوە پڕۆژە وەستاوەکان بە بودجەی 264 ملیار دینار بەگەڕبخرێنەوە.

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی توەقوت، ژمارەیەک داواکاریمان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کرد، کە وەک پارێزگایەکی تازە دامەزراو پێویستمان بە تایبەتمەندی لە بڕیارەکان هەیە، بە خۆشخاڵیەوە سەدا پەنجای داواکاریەکانمان جێبەجێکراون و بەڵێنیشمان وەرگرتوە کە هەموویان جێبەجێبکرێن ".

پارێزگاری هەڵەبجە وتیشی، " وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم سەردانیکردنین و بۆ جێبەجێکردنی داوەکاریەکانی پەیوەست بە وەزارەتەکەی، کە 200 هەزار مەتردوجا قیری گەڕەکەکانی سەنتەری هەڵەبجە و ناحیەکانی دەکرێت و ماستەرپلانی هەڵەبجەش تەواودەکرێت."

لابردنی باج و ڕسومات

بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەڵەبجە 40 پڕۆژەی وەبەرهێنانی لە سێکتەرە جیاوازەکان بۆ وەبەرهێنەران ڕاگەیاندووە، کە سەرجەمیان باج و رسوماتەکانیان لەسەر لابراوە تا وەبەرهێنەران پڕۆژەکان وەربگرن.

زانیار حەمەنوری بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ڕابردودا ئەگەر وەبەرهێنەرێک پڕۆژەیەکی لە هەڵەبجە جێبەجێبکردایە، هێندە باج و ڕسوماتی زۆربوو، بە زیان لە سەری دەردەچوو، بەڵام ئێستا تەنها لە هەڵەبجە وەبە رهێنەر لە هەموو باج و ڕسوماتەکان دەبەخشرێت و ئەمەش وەبەرهێنان دەباتە پێشەوە."

وتیشی، "پڕۆژەیەک بۆ ئەوەی ببێت بە پڕۆژەی وەبەرهێنان دەبێت سەرمایەکەی لە ملیۆنێک دۆلار زیاتربێت، ئەمە بۆ وەبەرهێنەر لە هەڵەبجە قورسبوو. بە هەماهەنگی ژوری بازرگانی و دەستەی وەبەرهێنەران، ئێستا هەر سەرمایەدارێک بێت پڕۆژەکەی نیوملیۆن دۆلاربێت بە پڕۆژەی وەبەرهێنان وەردەگیرێت، کە هەژماریشکرا بە وەبەرهێنان هەموو یاسا و ئیمتیازاتەکان دەیگرێتەوە."

بەرپرسانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن لە ماوەی کابینەکەدا 133 پڕۆژە لە سێکتەرە جیاوازەکانی هەڵەبجە جێبەجێکراون، بەڵام ئیدارەی هەڵەبجە دەڵێت پڕۆژەکان بەشێکی زۆریان نەچونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕێکخراوی هەڵوێست کە چاودێری دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە دەکات لە ڕاپۆرتی ژمارە 7ی خۆی کە بە پشتیوانی ڕێکخراوی NED ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، دەڵێت کۆمەڵێک دامەزراوەی شارەکە گوایە پڕۆژەیان بۆ ئەنجامدراوە، پێیان ڕاگەیاندوین پڕۆژەکانیان بۆ ئەنجامنەدراوە .

ڕێباز کەمال بەڕێوبەری ڕێکخراوی هەڵوێست لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەموو ئەو دامەزراوانەی کە لە ڕاگەیێندراوەکانی حکومەت ناویان هاتووە، ئێمە بە مەیدانی سەردانمان کردوون، ئەو پڕۆژانەیان بۆ جێبەجێنەکراوە. ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە، کە حکومەت هێندە پەلەی لە دەرکردن و ڕیزکردنی پڕۆژەکان کردووە، بەدواداچونی نەکردووە، کە بزانێت پڕۆژەکانی جێبەجێکراون یان نا ".

وتیشی، " کاتێک کە پڕۆژەکان لە ڕاگەیەنراوەکەی حکومەت ڕیزکراون و کۆی گشتییان نوسراوە 133 پڕۆژە، بەڵام کاتێک کۆمانکردنەوە 113 پڕۆژە بوون واتە 20 پڕۆژە کەمتر لەوەی حکومەت بڵاویکردبوونەوە."

دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکان ڕاسپێراون بۆ جێبەجێکردنی یاداشتە 9 خاڵیەکەی پارێزگای هەڵەبجە و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان سەرقاڵی هەماهەنگین لەگەڵ وەزارەتەکانیان.

Halabja city ‌هەڵەبجە

خێڵان عەبدوڕەحمان بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گومانمان نییە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان. پڕۆژەی ماستەر پلانی هەڵەبجە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو داواکارییانەی کە پەیوەندیداربوون بە بەڕێوبەرایەتیەکەمانەوە. تیمەکان هەماهەنگمانن تا بە زوترین کات جێبەجێیان بکەین و هیوامان هەیە بە هەماهەنگیەکان."

تایبەتمەندی هەڵەبجە

هەروەها ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من بەرپرسم لە پڕۆژەکانی وەزارەتی شارەوانی، بەشێکیان جێبەجێکراون. ئەمڕۆ هاتوین تا لە نزیکەوە لەگەڵ ئیدارەی هەڵەبجە کۆببینەوە، تا پڕۆژەکان بە پێی گرنگیان بەگەڕبخەینەوە و یاداشتەکەش ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانییەوە هەیە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی هەڵەبجە بکەین."

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بە فەرمانی سەرۆکوەزیران تایبەتمەندی بە هەڵەبجە دەدرێت و بەشێک لە داهاتی دەروازە سنورییەکان بۆ پڕۆژەکانی هەڵەبجە تەرخاندەکرێت.

پێشەوا هەورامانی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "سەرۆکوەزیران لە کۆبونەوەی لەگەڵ دامودەزگاکانی هەڵەبجە وتی، 'هاتووم گوێدەگرم وقسەناکەم، چیبکەین و چۆن خزمەتی هەڵەبجە بکەین.'"

سەرۆکی یەکیتی وەبەرهێنەرانی کوردستان دەڵێت، ئەو 9 خاڵەی کە لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری جێبەجێکردنیان دراوە، هەڵەبجە و پرۆسەی وەبەرهێنەران دەباتە قۆناغێکی دیکەوە.

مەلا یاسین سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یاسای وەبەرهێنەران ئەو دەسەڵاتەی داوە کە تایبەتمەندی بەو پارێزگا و شوێنانە بدرێت کە کەم گەشەسەندون. ئەم ئاسانکاریانە وادەکەن ئەو 40 پڕۆژەیەی کە بۆ هەڵەبجە ڕاگەیەنراون، مامەڵەکانیان خێرادەکات."

مەلا یاسین وتیشی، "داهاتی هەڵەبجە مانگانە ناگاتە یەک ملیار دۆلار. پێویستە حکومەت دەستبەرداری داهاتی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانبێت، بۆ ماوەی 2 ساڵ بخرێتە خزمەت بەهێزکردنی کەرتی وەبەرهێناوەوە تا ئەم بوژانەوەی هەڵەبجە دەستی پێکراوە خێراتربێت و بەدڵنیاییەوە هەڵەبجە دەبێتە ناوچەیەکی گرنگی وەبەرهێنان."

ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە دەڵێت ئاسانکاریەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەڵەبجە هەنگاوێکی گرنگ دەبن بۆ قۆناغی داهاتووی هەڵەبجە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەڵەبجە.

ماستەرپلانی هەڵەبجە

شێخ تاهیر شێخ عیزەدین سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای وت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی تێچووی ماستەر پلانی هەڵەبجەی گرتە ئەستۆ و ماوەی چەند مانگێکیان داناوە تا ماستەرپلانی هەڵەبجە تەواوبکرێت، ئەوەش کە تەواو بوو ناوچەی گرنگ و مام ناوەندمان بۆ پڕۆژە پیشەسازی و بازرگانییەکان بۆ ڕوندەکاتەوە کە ئێستا کێشەی وەبەرهێنەرانن."

سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە وتیشی، " بۆردێکی بازرگانی لە سلێمانی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنەران دروستکراوە، تا گرفتیان بۆ دروستنەکرێن و لەکاتی بونی گرفتدا بە ئاسانی بۆردەکە گرفتەکان چارەسەربکات."

Your browser doesn’t support HTML5

بەرپرسانی هەڵەبجە: گەر پرۆژەکانی حکومەت جێبەجێ بکرێن هەڵەبجە دەچێتە قۆناغێکی نوێی ئاوەدانییەوە