لەگەڵ نزیکبوونەوەی 36 ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، حکومەت و پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی هەماهەنگی کردنن لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بۆ دەنگدانی کۆتایی لەسەر پڕۆژەیاسای ناساندنی هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق و چاوەڕوانیش دەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەڵەبجە بکات.
جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، بۆ یەکەم جار بڕیارە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 16-3-2024 سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بکات و پڕۆژەیەکیش لەو شارە جێبەجێبکات.
چڕۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " محمد شیاع سودانی بڕیاری داوە بەشداری لە 36 مین ساڵیادی کیمیبارانی هەڵەبجە بکات و پڕۆژەیەکیش بە گوژمەی یەک ملیار دینار بۆ دەروازەی شاری هەڵەبجە جێبەجێبکات."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، " لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە هەماهەنگیمان کردووە. ئامادەکاری کراوە بۆ پڕۆژەکە و پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق."
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 13ی مانگی سێی 2023، پڕۆژە یاسای پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد. پڕۆژەکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی تێپەڕاند بەڵام خوێندنەوەی سێیەم و کۆتایی بۆ نەکرا.
لیژنەی هەرێم وپارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن، زۆرینەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەن و چاوەڕوان دەکرێت لە 16-3-2024 خوێندنەوەی کۆتایی بۆ بکرێت.
خالید حسێن سامەڕایی، سەرۆکی وەفدی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کاتی سەردانێکیدا بۆ شارەکە کۆتایی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، " هاتوین بۆ هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە کۆببینەوە، تا هەنگاوەکانی تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە عێراق خێراتر بکەین. سندوقێکی هاوکاری هاوشێوەی هاوکاری حکومەتی عێراق بۆ موسڵ و شەنگال بۆ بونیادنانەوەی هەڵەبجە دروستبکەین."
ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت هەوڵەکانیان بەو ئاڕاستەیەن کە نوسراوی داواکاری بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی بڕگەی خوێندنەوەی کۆتایی و دەنگان لەسەر بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بە زووترین کات بخرێتەوە بەرنامەی کارەوە.
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، " لەگەڵ لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق لە هەوڵداین تا جارێکی دیکە بڕگەی خوێنەوەی کۆتایی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاناساندنی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کارەوە و هەڵەبجە بە هیچ شوێنێکی دیکەوە نەبەسترێتەوە."
کاوە عەلی وتیشی، "لەگەڵ لیژنەکە هاوڕابوین داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەین سندوقی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە هاوشێوەی ئەو سندوقەی بۆ شەنگال و ناسریە دابنرێت تا هەڵەبجە و ژێرخانەکەی ببوژێنرێتەوە."
هەڵەبجە لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا، لە ساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەکو پارێزگا ناسێنرا و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرکرا، لە 13ی 3ی 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری پارێزگاکردنی بۆ دەرچوو، وە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 13ی 3 ی 2023، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی بڕیاری تەواوکردنی هەنگاوە ئیداریەکانی وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق بۆ درا.
ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدان ئەمڕۆ، 4-3-2024، محەمەد شیاع سودانی لە چوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ نەینەوا و بە یاوەری پارێزگاری نەینەوا و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق سەردانی شنگالی کرد و بەڵێنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری بە دانیشتوانی شنگال دا، لە نێوانیان کردنەوەی زانکۆیەک.
Your browser doesn’t support HTML5