نیکی هێلی بە فەڕمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ڕادەگرێت

نیکی هێلی، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە بە فەرمی کۆتایی بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هێنا و بەمەش سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وەک تاکە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی 11 مایەوە.

هێلی تەمەن 52 ساڵان، کە چەندین جار لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا ئاماژەی بەوە کرد ترامپ کەسێکی شیاو نییە بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی ڕاگەیاندنی کشانەوەی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن هیوای سەرکەوتنی خواست بۆ ترامپ بەڵام نەیگوت پشتگیری لێدەکات و داوای لە دەنگدەرانیشی نەکرد دەنگی خۆیان بدەن بە ترامپ، بەڵکو گوتی پێویستە ترامپ هەوڵ بدات دەنگی ئەوان بەدەستبهێنێت.

هێلی دوایین ڕکابەری ترامپ بوو کە لە پێشبڕکێی کۆمارییەکاندا مابووەوە.

ترامپ لە سێشەممەی تایبەتدا دەنگی کۆمارییەکانی لە 14 لە کۆی 15 ویلایەتدا بەدەستهێنا - لەنێویاندا کالیفۆرنیا و تەکساس کە دەوڵەمەندن بە نوێنەران ئەمەش وای کرد هێلی تەنها لە ڤێرمۆنت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت هیوای نەمێنێت بۆ بەردەوام بوون لە پێشبڕکێکە.