ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کورد و زمانی کوردی خۆش دەوێت.
ئیمامئۆغڵو کە جارێکی تر بەربژێری جەهەپە (پارتی گەلی کۆماری)یە بۆ هەڵبژاردنەکانی 31ی مانگی سێ، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئەو کەسانەی لە تورکیا هەم قەدری کوردبوون و هەم تورکبوون نازانن، بەدبەخت و هەژارن.
گوتیشی "من تورکم خۆش دەوێت شانازی بە تورک بوونی خۆمەوە دەکەم. من بەم شتە دڵخۆشم، بەڵام، لە هەمانکاتدا، کوردی ئەم خاکەشم خۆش دەوێت و سەرسامم بە زمانی کوردیش."
ئیمامئۆغڵو سەبارەت بە ئارەزووەکانی دەنگدەرانی کورد لە ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند کە ئەوان دەتوانن لە ڕووی سیاسییەوە دەنگ بە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان پارتی (دەم) بدەن، بەڵام پێویستە بۆ خزمەتکردن دەنگ بەو بدەن.
ئیمامئۆغڵو هەروەها ڕۆژی سێشەممەش ڕایگەیاند بە ملیۆنان کورد لە ئەستەنبوڵ هەن و بەرپرسیارێتیەکانی زۆر گەورەن.
جەهەپە و پارتی دەم لە ئەستەنبوڵ تەنها بۆ شارۆچکەی ئێسێنیورت هاوکاری دەکەن.
پارتی داد و گەشەپێدان بە کاندیدکردنی موراد کوروم هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەستەنبوڵ دەدات.
کاندیدەکانی پارتی دەم بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ بریتین لە موراد چەپنی و مێرال دانیش بێشتاش.
پارتی دەم ڕایدەگەیەنێت، ستراتیژی ساڵی 2019ی پشتیوانی لە کاندیدەکانی جەهەپە کارناکات و دەشڵێت، دەیەوێت لە ڕۆژئاوای تورکیاش سەرکەوتوو بێت.
سەرچاوە: میدیاسکۆپ