ئایا بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری کۆتایین یان شیاوی گۆڕینن

یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵا و دەقە دەستوریانەی کە کێشە و تێڕوانینی جیاوازیان لەسەرە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە, بە وتەی یاسا ناسان، بڕیارەکانی دادگاکە پەیوەست بە هەر سکاڵایەک کە نێوەندگیری تێدا دەکات، بڕیاری کۆتایین و ناچنە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی کە لە دادگاکانی دیکە دەردەچن و پێداچوونەوەیان پێدا دەکرێتەوە.

ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق، دوو سکاڵای پەیوەست بە هەرێمی کوردستان یەکلاکردەوە، کە پرسی موچە و یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی لە خۆگرتبوو، یەکلاکردنەوەی ئەم سکاڵایانە ناکۆکی سیاسی لە نێوان یەکێتی و پارتی بەدوای خۆیدا هێنا. پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیارەکانی دادگا، بە پێچەوانەی دەستور دەزانێت و دەڵێن بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناکەن.

دادگای فیدڕاڵی عێراق بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، ئەم دادگایە لە ساڵی 2005 پێکهێنراو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 45ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێهەم لە خولی چوارهەمی ھەڵبژاردنی خۆیدا، لە ساڵی 2021 بە هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە 30 ساڵی 2005ی دادگای باڵای فیدراڵی، پێکهاتەی نوێی دادگاکە ڕاگەیەنرا و هەڵدەستێت بە شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی دەقە دەستوریەکان کە لە 13 دادوەر پێکهاتووە.

جیهاد سابیر پارێزەر لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئەو کێشانەی لە نێوان ناوەند و هەرێمدا هەن، ئەرکی یەکلاکردنەوەیان بە دادگای فیدڕاڵی سپێدراوە، ئەو بڕیارانەی لەم دادگایە دەردەچن، بڕیاری کۆتایین، ناچنە چوارچێوەی پێداچونەوە، دوای ئەو ڕێکارانەن کە دادگا گرتوویەتیە بەر و بڕیارەکەی پێ داوە".

ئەو پارێزەرە وتیشی، " هیچ دەقێکی یاسایی نیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، ئەو لایەنەی کە بڕیارەکەی لە دژ دەردەچێ و جێ بەجێی ناکات، بە لە یاسا دەرچوو ناودەبرێت و ڕێکاری یاسایی لە دژ دەگیرێتە بەر، لەبەر ئەوەی لایەنی دیکە لە سکاڵاکان هەیە و جێ بەجێ نەکردنی بڕیارەکان لە بەرژەوەندیان نیە، ئەگەرێکی قورسە ئەم بڕیارانە جێ بەجێ نەکرێن".

بەپێی مادەی94ی دەستوری عێراق بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی جێگیرن و پێویستە هەموو دامەزراوەکان پابەندبن بە جێ بەجێ کردنیانەوە.

گۆران ئەسود پارێزەر لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هیچ دادگایەک نیە لە سەرووی دادگای فیدڕاڵی تا تانە لە بڕیارەکانی بدات، لە کاتێکدا گۆڕانکاری دەکرێت لە بڕیارەکان، کە خودی خۆی دادگای فیدڕاڵی، لە داوایەکی دیکەدا، هەمان پرس باس بکرێتەوە و بڕیاێکی دیکەی لەسەر بدات، بۆچونی خۆی بگۆڕێت، ئینجا گۆڕانکاری لە بڕیارەکانی دەکرێت".

بڕیارە لە ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش سورە لەسەر ئەنجام دانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.

عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی عێراق دەڵێت" پابەندین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا کە 6-10ی 2024 و ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردووە".

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیانامەیەکدا دەڵێت، " ئێستاش بڕوامان بە خۆمان و گەلەکەمان هەیە کە هێزی یەکەمی کوردستانین، بەڵام بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا ناکەین کە نایاسایی، نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بێت ".

مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەینامەکەی پەیوەست بە دادگای فیدڕاڵی دەڵێت، "دادگای باڵای فیدراڵی بە هەمواركردنەوەی جومگە گرنگەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ماددەكانی پەیوەست بە دیاریكردنی سیستەمی بازنەكانی هەڵبژاردن و كۆتایی پێكهاتەكان و ژمارەی كورسیەكان و لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنی تایبەتمەند بە یەكلایی كردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردن، ئەوەی پێشێلی ماددەكانی (117 و 121)ی دەستوری كردووە".

بەینامەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "دوورخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستان لە یەكلایی كردنەوەی تانەكانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، كە لە ماددەی (شەشەم دووبارە/ بڕگەی چوارەمـ)ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دیاریكراوە، و سپاردنی ئەو تایبەتمەندییە بە دەستەیەكی دادوەریی سەر بە (مجلس القضاء الاعلی)ی فیدراڵی، زێدەڕۆییەكی مەترسیدارە لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم".

چاودێرانی سیاسی و هەڵبژاردنەکان دەڵێن، ئەگەر پارتی سوربێت لەسەر بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵەبژاردن، ئەوا پرۆسەی هەڵبژاردن دوادەخات و پاشهاتی مەترسیدار بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

هادی حەمەڕەشید چاودێری سیاسی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " جارێ نازارێت بڕیارەکەی پارتی تاکتیکە بۆ گفتوگۆیان سوربوونە لەسەر ئەم بڕیارە، ئەگەر پارتی یان یەکێتی بڕیارێکی لەم جۆرە بدەن، لەبەر ئەوەی زۆنی خۆیان هەیە، ئەوا دەتوانن پرۆسەی هەڵبژاردن پەک بخەن ".

ئەو چاودێرە سیاسیە وتیشی، " ئەگەر پارتی بەردەوامبێت لەبڕیارەکەی ڕۆڵی لایەنەکانی دیکە دێتە پێشەوە ، بەتایبەت یەکیتی، ئێستا یەکێتی دەتوانێت پاڵپشت بەو بڕگەیەی کە دەسەڵاتی بە پارێزگاکان لە یاسای هەمواری بودجە داوە، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات، بەڵام ئەم مامەڵە بۆ یەکێتی جێگەی گومانە".

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی