وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو کە بڕیاری دابەشکردنی داوە، 200 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە، بەو پێیەی داهاتی ناوخۆ کەمبووەتەوە و ئەو پارەیەی لە عێراقیشەوە نێردراوە بەشی مووچەی تەواوی مووچەخۆران ناکات.
وەزیرەکەی حکومەتی هەرێم بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیران دا، لایەنە حکومییەکانی ڕاسپارد بەهەر شێوازێک بێت، تەنانەت قەرزیش بێت، ئەو 200 ملیار دینارە دابینبکەن و مووچەی مانگی دوو دابەشبکەن."
دەشڵێت، "دابەشکردنی مووچەی مانگی 2 بڕیاری لێدرا و دابەشدەکرێت، بەڵام هێشتا بەرچاو ڕوونی نییە بۆ مووچەی مانگی 3 بەوەی عێراق گرفت دروستدەکات یاخود نا."
ئەمڕۆ چوار شەممە، 27-3-2024، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، "وەزارەتی داراییم ڕاسپارد بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریکردن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران."
بارزانی وتیشی، "حکومەتی فیدراڵ دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی دەستوری و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێی بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکان."
حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەبێت تا پێداچوونەوە بە یاسای بودجەی عێراق مانگانە بڕی 618 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مووچەی مووچەخۆران. بەڵام ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەنییە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بدات، بەو پێیەی داوای لیستی ناوەکانیان دەکات و هەرێمیش ڕەتیدەکاتەوە.
وەزیرەکەی حکومەتی هەرێم کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بەشداربووە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "لیستی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی عێراق دەکەین. عێراق بڕی 618 ملیار دینارەکە دەدات، بەڵام داوای لیستی ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەکات تا کۆی پارەکە بدات کە سەرووی 900 ملیار دینارە."
وەزیرەکە ڕایگەیاند، "عێراق بەڵێنیداوە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیش لەسەر بنەمای کۆدی بایۆمەتری بدات، حکومەتی هەرێمیش بەمە ڕازییە...بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق زۆر جێگای پشتپێبەستن نین."
بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچە دابەشنەکراوە و حکومەتی هەرێم لە 6 مانگی ڕابردوودا تەنها توانیویەتی یەک مووچە دابەشبکات.
شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای هەڵوێستەکانی پارتی و نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێم، لایەنە شیعەکان خۆیان گفتووگۆیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی کرد و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیشیان بە وەکالەت ناردە لای."
ئەو وتیشی، "لایەنە شیعەکان بەڵێنی جدییان داوە نەهێڵن گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆران دروست ببێت و مووچەی هێزە سەربازییەکان بە کۆد بدەن. پێش جەژنی ڕەمەزان ڕووندەبێتەوە بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن یاخود نە."
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا، سەرباری بەڵێنی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو، هەروەها چەند بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند لە نێوانیان تەرخانكردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستا سوودمەند نەبوون و داشكاندن لە پارەی كەڵەكەبووی كارەبا و سزای هاتوچۆ و كرێی خوێندنی پارالێل.
Your browser doesn’t support HTML5