ئەفسەرێکی سۆسیالیست: داوا لە سەرۆک و جێگرەکەی دەکەین کەس نەکەنە سوتەمەنی شەڕ، ئەتوانن هەردووکیان بچنە ساحەی گوڵەخانە و لەوێ سەیریاندەکەین

ئەفسەری دەستەی پاسەوانانی عەبدوڵا حاجی مەحمود بێزاری خۆی دەربڕی لە بەردەوامی ئالۆزیەکانی ناو پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و دووبارە درووستبوونەوەی شەڕ و دەڵێت "دەستی هەردوکیان ماچ دەکەین کێشەکان چارەسەربکەن."

ئەمڕۆ چوارشەمە، 3-4-2024، جارێکی دیکە و ڕۆژێک بەر لە بەستنی کۆنگرەی هەشتەمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، گرژی و ئاڵۆزی چەکداری لەنێوان چەند پێشمەرگەیەکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە هەردوو بەرەی محەممەدی حاجی مەحموود و براکەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دروستبوو.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، پێشمەرگەیەکی نزیک لە عەبدوڵا حاجی مەحمود دەستگیراوە، بەڵام بەهۆی تەقەکانەوە کوژراو و بریندار نییە.

محەمەد حاجی مەحمود

هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دوای شەڕەکە گەشتوونەتە گوڵەخانە بەمەبەستی وەستاندنی ئاڵۆزیە چەکداریەکان و لە چەند شوێنێکی نێوان هەردوولا جێگیربوون.

سامان گێڵەکی، ئەفسەر لە دەستەی پاسەوانانی عەبدوڵا حاجی مەحمود، بێزاری خۆی لە بەردەوامی ئالۆزییەکان دەربڕی و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " داوا لە سەرۆک و جێگری سەرۆک دەکەین هیچ کەسێک نەکەنە سوتەمەنی شەڕ لە پێناو پلەو پۆستی خۆیان. ئەتوانن هەردوکیان بچنە ساحەکەی گوڵەخانە و لەوێ ئێمە سەیریان دەکەین."

ئەو ئەفسەرە ڕاشیگەیاند، "ئێمە پێشمەرگەین، دەستی هەردوکیان ماچ دەکەین کێشەکان چارەسەربکەن."

عەبدوڵا حاجی مەحمود

ئاڵۆزییەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لەکاتی گەڕانەوەی کوڕێکی عەبدوڵاحاجی مەحمود و دەستەیەک لە پاسەوانەکانی بۆ ماڵەکەیان لە گوڵەخانە، کە ماوەی 2 مانگە چۆڵیانکردووە، دروستبوون. چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوڵەخانە ئەوەیان پشتڕاستکردەوە لە کاتژمێر سێی بەرەبەیان بۆ هەشتی بەیانی سێ جار تەقە لە نێوانیاندا ڕوویداوە.

فەرهاد توفیق، وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا عەبدوڵڵای حاجی مەحموودی بەوە تۆمەتبارکرد گوایە "لەبەر ئەوەی لە کۆنگرە شکست ئەهێنێت بۆیە ئاڵۆزی ناوەتەوە."

وتەبێژەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان وتی، "سبەینێ پێنجشەممە، 4-4-2024، کۆنگرەی هەشتەم بەڕێوەدەچێت. عەبدوڵا حاجی مەحمود چەکداری بەکارهێناوە بۆ ملمڵانێ سیاسی. ئەگەر بەردەوامبێت لە ئالۆزی ڕێگەی پێنادەین بەشداری بکات. هێزەکانی ئێمە لە چواردەوری شوێنی کۆنگرەن و هیچ جوڵەیەکمان نیە، داوامان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە ئەوان ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر"

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی فەرهاد توفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە ڕۆژی 3-4-2024 دوای دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی ناو حزبەکە.

بەڵام بەرپرسانی بەرەی تر دەڵین عەبدوڵا حاجی مەحمود بە ئامانجی بە شداریکردن لە کۆنگرە ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی لە گوڵەخانە کردووە و لەلایەن هێزەکانی محەمەدی حاجی مەحمود ڕێگری لێکراوە.

د. فەرهاد توفیق وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لەسەر تەکلیفی خەلک و دەست ماچکردنی زۆر دوێنی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو چانسەمان پێدایەوە تا بەشداری لە کۆنگرە بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی شکست ئەهێنێت بۆیە ئاڵۆزی ناوەتەوە".

سامان گێڵەکی، ئەفسەر لە دەستەی پاسەوانانی عەبدوڵا حاجی مەحمود، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "کوڕ و خانەوادەی عەبدوڵا حاجی مەحمود گەڕاونەتەوە بۆ ماڵی خۆیان لە گوڵەخانە، ئێمەش دەواممان لەوێیە و گەڕاوینەتەوە. بەڵام لەکاتی گەڕانەوەمان داوامان لێکرا ماڵەکە چۆڵبکەین و سێ جار تەقەیان لە ماڵی عەبدوڵا حاجی مەحمود کردووە کە منداڵ و خانەوادەکەی و 7 پێشمەرگەی تێدایە، ئێمە وەڵاممان نەداونەتەوە."

ئەو ئەفسەرە ڕاشیگەیاند، "پێشمەرگەیەکمان گیراوە و لێیدراوە. داوامان لە هێزەکانی ئاسایش کرد بەدەممانەوە بێن تا دۆخەکە لەوە زیاتر ئاڵۆز نەبێت. کۆمسیۆن ڕێگەی بە بەشداری عەبدوڵا حاجی مەحمود داوە لە کۆنگرە بەشداری بکات، بەڵام دوو مانگە دەستیان بەسەر ماڵەکەیدا گرتووە، ڕێگەش نادەن بگەڕێتەوە."

بارەگای محەمەدی حاجی مەحمود لە گوڵەخانە

لە 18-2-2024 لەکاتی لادانی سەرۆکی یانەی وەرزشی بەختیاری کە کەسێکی نزیک لە عەبدوڵا حاجی مەحمود بوو، گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان سەرۆک و جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان تەقینەوە و لەو کاتەوە هێزەکانی سۆسیالست بوون بە دووبەشەوە.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەڵبەندەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە 5-3-2024 کۆبونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا کە تێیدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحمود، جێگری سەرۆک، لە ڕیزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان درا. هەروەها بڕیاردرا سەرجەم موڵک و ماڵ و بەرپرسیاریەتیەکانیشی "کە موڵکی پارتەکەن" لێ وەربگیرێنەوە.

هەر ئەو ڕۆژە عەبدوڵا حاجی مەحمود بڕیارەکانی حزبەکەی ڕەتکردەوە و بە "ناپەیڕەوی" ناوبرد.

گرژییەکان لە کاتێکدان بڕیار وایە سبەینی پێنجشەمە، 4-4-2024، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە گوڵەخانە هەشتەمین کۆنگرەی خۆی بەبێ عەبدولاحاجی مەحمود ببەستێت.

لە کاتێکدا بەرپرسانی نزیک لە عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دەڵێن بەشداری ئەو لە کۆنگرە یاساییە و لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پەسەندکراوە، بەڵام بەرەی محەممەدی حاجی مەحموود دەڵێن ئەوان خۆیان ڕێگەیان بە بەشداریکردنی داوە.

فەرهاد توفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەسەر تەکلیفی خەلک و دەست ماچکردنی زۆر دوێنی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو چانسەمان پێدایەوە تا بەشداری لە کۆنگرە بکات. بەڵام لەبەر ئەوەی شکست ئەهێنێت بۆیە ئاڵۆزی ناوەتەوە."

وتەبێژەکە وتیشی، " خۆمان داوامان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردوە کە عەبدوڵا مەحمود وەک ئەندامێکی سادە بەشداری کۆنگرە بکات."

پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1976 دامەزراوە و لە مێژووی ئەو پارتەدا حەوت کۆنگرەی ئەنجام داوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی فەرحان هەورامانی