وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە قسەکانی پەرلەمانتارێکی پارتی بەتۆمەتبار کردنی کۆمسیۆن بە هەژمار نەکردنی پەنجەمۆری بەشێکی زۆر لە ئەندام و کادرانی پارتی ڕایدەگەیەنێت، هیچ کەس و شوێنێک مافی ئەوەی نییە گومان لە کارەکانی کۆمسیۆن بکات و لە هیچ کەسێکیش قبوڵ ناکەن قسە لەسەر کارەکانی کۆمسیۆن بکات.
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "جگە لەو کەسانەی لە ناو کۆمسیۆن ئەندامن، کەسی تر ناتوانێت قسە لەسەر کۆمسیۆن بکات."
وتەبێژی کۆمسیۆنەکە ڕایگەیاند ئەوان "بە پاک و بێگەردی" کارەکانی خۆیان دەکەن "وە هیچ کەس و هیچ شوێنێک مافی ئەوەی نییە گومان لەسەر کارەکانی کۆمسیۆن بکات، لە هیچ کەسێکیشی قبوڵ ناکەین لەدەرەوەی کۆمسیۆن قسە لەسەر کارەکانی کۆمسیۆن بکات."
ڕۆژی 27ی مانگی سێ وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی نوسراوێکی سەرۆکی هەرێم سەبارەت بە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری نزیکەی 400 هەزار دەنگدەر ڕایگەیاند، "نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران بە پێی ستانداردی جیهانی پێویستە لە نێوان %9 بۆ %15 بێت، کە بێگومان لە هیچ پارێزگایەکی هەرێم نەگەشتۆتە ئەو ڕێژەیە، چونکە لە پارێزگای هەولێر تەنها لە %14، و لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە %13، و لە پارێزگای دهۆک لە %11 دەنگدەران کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجە مۆریان هەیە کە کۆی گشتی لە هەر چوار پارێزگاکە دەکاتە زیاتر لە 357 هەزار کەس."
پەرلەمانتارێکی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت بەدواداچونیان بۆ ژمارەکە کردووە و دەرکەوتووە زۆرینەیان ئەندام و لایەنگری پارتین و کۆمسیۆن بە شێواندنی پەنجەمۆری ئەندامەکانیان تۆمەتبار دەکات.
شوان محەمەد کەلاری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی بەدواداچوونم کردووە زۆرینەی ئەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە پارتین. پارتی خەڵکی خۆی هەیە لە کۆمسیۆن و زانیاریمان هەیە، وە ئێمە بەدواداچونمان کردووە کە بەبەرنامە ناوەکانی پارتی ناخوێنێتەوە چونکە پەنجەمۆرەکانیان تێکداون و شێوێندراون."
وتیشی، "زۆر جوان تەنزیمیان کردووە، تیمی ئایتی زۆر شارەزا کە گومان دەکەین لەدەرەوەی عێراق بەشداری کردبێت و کاری لەسەر کرابێت، چونکە پەنجەمۆرەکان خەزنە لای بەغدا ئیتر دەتوانن دەستکاری بکەن. لە ڕووی تەکنینی و ئەلکترۆنییەوە کاری لەسەر کراوە بۆئەوەی کورسیەکانی پارتی کەم بکات و لایەنی تری پێ بەرز بکەنەوە."
سەرەڕای جەخت کردنەوەی کۆمسیۆن لە "پاکی و بێگەردی" ڕێکارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن، لە وەڵامی تۆمەتەکانی پەرلەمانتارەکی پارتی، جومانە غەلای وتی،" کۆمسیۆن گوێ لەو قسانە ناگرێت کە لەسەری دەکرێت. بە شایەتی وڵاتانی عەرەبی و دەوروبەر کە هەڵبژاردنەکانی بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد وەک هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی لە تەواوی دنیادا بەڕێوە دەچێت کارەکانی بەڕێوەدەبات، هەر گرفتێکیش دروست ببێت لە کاتی خۆیدا توانای چارەسەر کردنی هەیە، بەبێ ئەوەی گومانی بخرێتە سەر."
کۆمسیۆن ڕۆژی 31ی مانگی سێی وەک دوا وادەی بتۆمارکردنی لیست و قەوارەکان بۆ هەڵبژاردن دیاری کرد، بەڵام پارتی ناوی کاندیدەکانی پێسکەش نەکرد و ئامادەنین بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی هەرێم بکەن.
سەرەڕای تۆمەتبارکردنی داگای فیدڕاڵی لە لایەن پارتییەوە بەوەی گوایە بڕیارەکانی ئەم دواییەی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان "نا دەستوری" بوون، بە قسەی پەرلەمانتارەکەی پارتی بێت، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەرەکانی پارتیش یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی بەشداری نەکردنی حزبەکەی لە هەڵبژاردندا.
بەڵام شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن بە دووری دەزانێت حزبەکان بتوانن ئەوە جیابکەنەوە کە دەنگەری کام حزب پەنجەمۆرەکەی ناخوێندرێتەوە.
سەربەست مستەفا، سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێری دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە دهۆک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە تەسەوری من حزب ناتوانێت ئەوە جیا بکاتەوە کە پەنجەمۆری ئەندامەکەی ناخوێندرێتەوە، بەڵام بە پێی پارێزگا دەبێت. چونکە هی هەولێر لە هەمووی زیاترە ڕەنگە بۆیە وا بڵێن. هەرچەندە نازانم چۆن حسابیان کردووە، بەڵام ئەوەی من دەزانم ئەو 357 هەزار دەنگە هی هەموو لایەنەکانە."
ویشی،" کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر لە خەڵکدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەندێکیان کاری قورس و جۆراو جۆر دەکەن نەک بەهۆی جیهازەکانەوەیە. ئەو 357 هەزارە زۆرە دەبێت کۆمسیۆن چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە."
جگە لە پارتی، لایەنەکانی سەرەکییەکانی تر ناوی لیستەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە. بە پێی قسەی کۆمسیۆنیش بێت، سبەی 6ی مانگی چوار، تیروپشک بۆ ژمارەی لیست و بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە خۆی لە دوو هاوپەیمانی و 10 حزب و 54 کاندیدی سەربەخۆدا دەبینێتەوە ئەنجام دەدەن. هەروەها لە ماوەی 40 ڕۆژدا کاندیدەکان پەنجەمۆری خۆیان دەکەن و ئەو کەسانەش کە پەنجەمۆریان دەرنەچووە لە ماوەی 40 ڕۆژدا دەتوانن پەنجەمۆرەکانیان دوبارە بکەنەوە.