دوای تێپەڕبوونی 36 ساڵ بەسەر شاڵاوی ئەنفال و وێرانکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هێشتا پرسی قەرەبووکردنەوەی قوربانیەکانی ئەو تاوانانە تەنها لە چوارچێوەی داواکاری ماوەتەوە. هەموو ساڵێک لە بۆنەکاندا کەسوکاری قوربانیان گلەیی دەکەن و بەرپرسانی هەرێمیش داوای قەرەبوو لە حکومەتی عێراق دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ بەرەوپێشوەچوونێک لە پرسەکەدا ڕووبدات.
دوێنێ یەکشەممە، 14-4-2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی 36 ساڵەی یادی ئەنفال ڕایگەیاند، "له كاتێكدا دادگاى باڵاى تاوانهكانى عێراق ئهم تاوانهى به جينۆسايد ناساندووه، داواكاريمان له حكوومهتى فيدراڵى عێراق دووپات دهكهينهوه كه بۆ بهجێگهياندنى دادوهرى، ئهركى خۆى جێبهجێ بكات و قوربانييان له ههموو ڕوويهكهوه و قهرهبوو بكاتهوه."
مەسرور بارزانیش لە پەیامێکی هاوشێوەدا ڕایگەیاند، "ئەرک وبەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و دەستووری حکومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە."
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، یەکشەممە لە سەردانێکیدا بۆ کفری، ناوچەی گەرمیانی بە "خاکی پیرۆز" ناوبرد و ئەمرۆش لە کەلار بەڵێنی جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ ناوچەکەدا، وە ڕایگەیاند "لایەنە پەیوەندیدارەکانیشمان راسپارد پلانێکی تۆکمە بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری لە گەرمیان ئامادە بکەن."
دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی لە 24-6-2007 پرۆسەی ئەنفالی وەک تاوانێکی دژبە مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی ناساندووە. لەگەل ئەوەی پڕۆژەیاسای ژمارە 35ی ساڵی 2013 تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس هەیە و تەنانەت ناوی هەڵەبجەی هێناوە وەک ئەو ناوچانەی کە پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام هەتا ئێستا لەسەر بنەمای ئەم بڕیار و یاسایانە، نەتوانراوە قەرەبووی زیانلێکەوتوانی قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە بکرێتەوە.
دکتۆر ئاوارە حسێن، پسپۆڕ لە یاسای نێودەوڵەتی، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دادگای باڵای تاوانکاری عێراق، بە گوێرەی مادەی 11 لە پەڕەوی بنەڕەتی دادگاکە، ئەنفالی وەک جینوساید ناساندوە و بە پێی مادەی 13 وەک تاوانی جەنگ ناوی بردووە، ئەمە کارتێکی گرنگە بەدەست کوردەوە کە کاری لەسەر بکات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش وەک جینوساید بیناسێنێت و ماف و قەرەبووی قوربانیەکان وەربگرێتەوە؛ بەڵام ئەم هەنگاوە نەنراوە."
بە گوێرەی داتاداکنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەردوو ڕووداوەکانی پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەدا لەلایەن حکومەتی پێشووی عێراق، نزیکەی 187 هەزار هاووڵاتی کوژراون و بەشێکیشیان چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.
هەروەها 4 هەزار گوند و 4 قەزا و 30 ناحیە بە تەواوەتی خاپوربوون.
Your browser doesn’t support HTML5
یاساناسان دەڵێن هەتا ئێستا پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیەکانی هەڵەبجە و ئەنفال لە پەرلەمانی عێراق ئامادەنەکراوە و هەردوو پرسەکە تەنها لە چوارچێوەی بڕگەی چەند مادە و پڕۆژەیاسای دیکەدا باسکراون، بۆیە هیچ قەرەبوویەک بۆ قوربانیەکان دابین نەکراوە.
ئاریان تاوەگۆزی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هیچ پڕۆژەیاسایەکی ڕوون نییە کە بەدیاریکراوی وابەستەبێت بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتوانی قوربانییەکانی تاوانەکانی ڕژێم دژ بە کورد. ئەوەی کە هەیە لە پڕۆژە یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەواوانی ڕەفعا ناوی هەڵەبجە هاتووە، بەڵام لە چوارچێوەی بڕگەیەک کە ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو قەرەبووکردنەوەیە بکرێتە کرداری."
ئەو ئەندام پەرلەمانە وتیشی، " لە کاتی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتدا کە شیعە و سونە پێویستیان بە کوردبوو، دەبوو یەکێتی و پارتی ئەوەیان بکردایە بە پێش مەرج بۆ بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی عێراق. وەک چۆن ئەو هاووڵاتیانەی لە ساڵی 1991 لە عێراق لە خۆپیشاندانەکان هەڵهاتن بۆ کەمپی ڕەفعا لە سعودیە ئێستا قەرەبوو وەردەگرنەوە. پێویست بوو ئەو قەرەبووەیان بۆ قوربانیەکانی هەڵەبجە و ئەنفال وەگرتبایە."
بەپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە لیدوانەکانیاندا بەردەوام جەختدەکەنەوە لەوەی پێویستە حکومەتی هەرێم خزمەتکردنی ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید بوونەتەوە بکاتە پێشینەی کارەکانی.
بەڵام کەسوکاری قوربانیانی شاڵاوی جینۆساید ڕەخنە لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەگرن و دەڵێن پشتگوێ خراون. تەنانەت لە بەشێکی زۆری بۆنەکاندا، کەسوکاری قوربانیان ڕێگە بە بەرپرسان نادەن بەشداری یادکردنەوەکان بکەن.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی هەرێمی کوردستان بەپێ ڕێنمایی ژمارە حەوتی ساڵی 2013، قوربانیەکانی ئەنفال و کیمیبارانی وەک "شەهیدی جینوساید" تۆمارکردووە و مانگانە مووچەیان بۆ دابیندەکات.
کامەران مستەفا، بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرجەم قوربانیەکانی کیمیاباران و ئەنفال وەک شەهیدی جینوساید تۆمارکراون، لە یەک بۆ سێ شەهید مووچەیەک وەردەگرن، لە سەرووی سێ شەهیدەوە دوو مووچە وەردەگرن."
بەڵام کەسوکاری قوربانیان دەڵێن، سەرەڕای دواکەوتنی مووچەکانیان بەهۆی کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، لە هەمانکاتدا جیاوازی دەکرێت لە نیوان مووچە و قەرەبووی زیانلێکەوتوانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراقدا.
لەگەڵ هەوڵەکان بۆ یەکخستنی مووچە لە نێوان هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم، کەسوکاری قوربانیانی جینوساید چاویان لە هاوتاکردنی مووچەکانیانە هاوشێوەی قوربانیانی جینۆساید لە عێراق.
ئاراس عابید خاوەنی 12 قوربانییە لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا، کە پێکهاتوون لە دایک و باوک و سەرجەم خوشک و براکانی. ئەو لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەک شەهیدی کیمیباران 400 هەزار مووچە لە هەرێم وەردەگرێت بەڵام لە حکومەتی ناوەند یەک شەهیدی جینوساید یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچە وەردەگرێت. کە ئەمە جیاوازیەکی زۆرە. هەتا ئێستاش هیچ قەرەبوکردنەوەیەک لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بۆ قوربانیەکان نەکراوە."
ئەندام پەرلەمانە کوردەکەی عێراق پێیوایە کەیسی جینوساید و قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووەکانی، هێشتا وەک کەیسێکی ستراتیژێکی نەتەوەیی لای کورد درکی پێنەکراوە، بۆیەش بەرپرسانی هەرێم نەیانتوانیوە وەک بابەتێکی زیندوو لە کایەی عێڕاقدا جێگەی بکەنەوە.
کاروان یاروەیس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، هیچ پلانێکی ستراتیژی لەلایەن کوردەوە نەبووە بۆ ئەوەی کار لەسەر کەیسی جینوساید بکات. هۆکارێکی دیکەی قەرەبوونەکردنەوەکەش ئەوەیە حکومەتی ناوەندی نیەتێکی نییە بۆ وەڵامدانەوەی داواکاری پەیوەست بە کەیسی جینوساید."
ئەو ئەندام پەرلەمانە وتیشی، "مادەی 132 لە دەستوری عێراق و یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی دەستی بەعس هەیە، ئەتوانرێت تیمێکی تایبەت دروستبکرێت لە کەسانی یاسایی و پەرلەمانتار و وەزیزەکان کە کاری لەسەربکەن، بەڵام ئەم هەنگاوە نەنراوە."
وتیشی، "ئێستا ئێسکوپروسکی قوربانیەکان لە سەماوە دەرکەوتوون، هەردوو حکومەت خۆیان ناکەن بە خاوەنی؛ ئەو ڕوفاتانەش هێنراونەتەوە بە بێ پشکنینی دی ئێن ئەی هێنراونەتەوە کە نایاساییە. هەردوو حکومەت ئامادە نەبوون یەک ملیۆن دۆلار بۆ کەیسەکە دابین بکەن، ئێستە چۆن قەرەبوی دەکەنەوە؟"
Your browser doesn’t support HTML5