سەرکردەیەکی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، گەر حکومەتی عێراق ڕێگر نەبووایە، ئەوا حکومەتی خۆجێی کەرکوک لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، عەرەب و تورکمانەوە و بەبێ یەکێتی پێکدەهێنرا، بەڵام لە بەغداوە ئەو هەوڵە شکستی پێهێنرا.
نەجات حوسێن، سەرکردەی تورکمان و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پارتی و عەرەب و تورکمان لە هەولێر ڕێککەوتن پێکەوە حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، بەڵام حکومەتی عێراق دەستوەردانی کرد و ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوە، بەو پێیەی یەکێتی 5 کورسی هەیە و گەر بخرێتە دەرەوەی یارییەکە کێشە دروست دەبێت."
دەشڵێت، "گەر حکومەتی عێراق دەستوەردانی نەکردایە، پارتی و عەرەب و تورکمان حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان پێکدەهێنا، چونکە خاوەنی 10 کورسین."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.
ڕۆژی 4-3-2024، یەکێتی و پارتی لەسەر ئاستی ئۆرگانە حزبییەکانی کەرکوکیان کۆبوونەوە. ئەوکات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، محەمەد کەمال بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی ڕایگەیاند، "هەوڵدەدەین لەگەڵ یەکێتی پێکەوە کاربکەین و کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار بدۆزینەوە لای هەموو خەڵکی کەرکوک قەبوڵکراو بێت."
هەرچەندە یەکێتی و پارتی جەخت لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دەکەنەوە، بەڵام پارتی پشتگیری دانانی کەسایەتییەکی سەربەخۆی شارەکە دەکات بۆ پۆستی پارێزگار، لەکاتێکدا یەکێتی ئەو پۆستە بە مافی خۆی دادەنێت.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان پارتی لەگەڵ عەرەب و تورکمان و شکستهێنان بە ڕێککەوتنەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، حەسەن مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر هەوڵێکی لەو جۆرە هەبووبێت من ئاگاداری نیم."
بڕیاربوو لە ڕۆژی 5-2-2024، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن کوتلەی عەرەبی و تورکمانییەوە کۆبوونەوەکە شکستی هێنا.
حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی بەشی پێکهاتەکان لە ئۆرگانە حزبییەکانی کەرکوکی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتێک بەرپرسانی پارتی سەردانی بەرەی تورکمانییان کرد، بەرپرسێکی تورکمان بە ئاشکرا سوپاسی پارتی کرد بۆ پشتگیریکردن لە بیرۆکەی ئەوەی پۆستی پارێزگار بە نۆرە بێت، بەڵێ هەوڵی ڕێککەوتن هەبووە لە نێوانیان."
ڕۆژی 3ی مانگی ڕابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دووەمجار لەگەڵ نوێنەری کورد، عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتن کراوە لەسەر بەردەوامیدان بە دیالۆگی نێوان لایەنە براوەکانی کەرکوک.
هەرچەندە بڕیاربوو کۆبوونەوەی سێهەم لە نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە براوەکانی کەرکوک ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان و سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ ئەمەریکا کۆبوونەوەکە دواخرا.
نەجات حوسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی دەڵێت، "کورد و عەرەب داوای پۆستی پارێزگار دەکەن؛ لێکتێگەیشتن هەبوو پۆستەکە هەردوو ساڵ جارێک لای یەکێکیان بێت، بەڵام هەردوولایان داوا دەکەن دوو ساڵی یەکەم پۆستەکەیان لابێت."
دەشڵێت، "عەرەب 7 ساڵە پۆستی پارێزگاری لایە و خەڵک دادەمەزرێنێت و زەوی دابەش دەکات، بە ئاسانی پۆستی پارێزگار ڕادەستی کورد ناکات."
هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لەکاتێکدایە، هەنگاوەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 بە لەسەرخۆیی بەڕێوەدەچن. دوای 8ی مانگی 11ی ساڵی 2023، ئەو لیژنەیە بۆ یەکەمجار ئەمڕۆ چەکی قەرەبووی 845 ئاوارەی کەرکوکی بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی دارایی وەربگرن.
Your browser doesn’t support HTML5